پێغەمبەران و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێغەمبەران و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

یەکەم هەڵەی گەورەی باراک ئەوەیە کە پێی وایە پێغەمبەران تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێردراون...

پێغەمبەران و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێنج خولەک خوێندنەوە ١٩ بینینەکان ٢٦ ئاب ٢٠٢٦

پێغەمبەران و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەم دونیای سیاسەتەدا، زۆرجار کاتێک زلهێزەکان لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی خۆیان هەڵیانگیرساندووە شکستی تێدا دەهێنن و هیچ چارەسەرێکیان پێ ناکرێت بۆ ئەو وێرانکارییەی دروستیان کردووە؛ دێن پەنا بۆ پاساوی بێبنەما دەبەن، لەبری داننان بە هەڵەکانیان، تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ئەوانی تر بۆ ئەوەی دەستی خۆیانی لێ بشۆن.

لێدوانەکەی 'تۆم باراک' کە دەڵێت: «خودا هەموو پێغەمبەرەکانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە... ئەگەر ئەوان نەیانتوانیبێت کێشەکانی چارەسەر بکەن، چانسی ئێمە زۆر کەمە»، ڕێک نموونەی ئەم جۆرە عەقڵییەتەیە. ڕەنگە لە سەرەتادا ئەم قسەیە وا بێتە بەرگوێ کە پڕاوپڕە لە حیکمەت و، کابرا تەواو بێئومێد بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ڕاستیدا پەردەیەکە بۆ داپۆشینی چەواشەکارییەکی گەورە.

ئەمە تەنیا هەڵەتێگەیشتنێک نییە لە سروشتی ئایین و ئەرکی پێغەمبەران، بەڵکوو فێڵێکە بۆ ئەوەی بە دونیا بڵێت: «کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە کۆنەوە هەبووە و، شوێنێکە بە سروشتی خۆی نەفرەتلێکراو و پڕ لە کێشەیە.»؛ دەیەوێت بڵێت ئەو خوێنڕشتنەی ئەمڕۆ دەیبینین بەرهەمی داگیرکارییە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو نەخۆشییەکی زۆر کۆنە و، تەنانەت پێغەمبەران و پەیامە ئاسمانییەکانیش نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن.

یەکەم هەڵەی گەورەی باراک ئەوەیە کە پێی وایە پێغەمبەران تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێردراون. لە کاتێکدا ئەمە تەواو پێچەوانەی قورئانە، کە جەخت دەکاتەوە خودا بۆ هەموو نەتەوەیەک پێغەمبەری ناردووە؛ هەروەک دەفەرمووێت: ﴿وَإِن مِّنْ أُمَّةٍ إِلَّا خَلَا فِيهَا نَذِيرٌ﴾ [فاطر: ٢٤]، و ﴿وَلِکُلِّ قَوْمٍ هَادٍ﴾ [الرعد: ٧]. کەواتە پەیامی ئاسمانی بۆ هەموو ناوچەکانی تریش نێردراوە.

ئەوەی باراک پشتی پێ دەبەستێت، تەنیا ئەو پێغەمبەرە ناسراوانەن کە ناویان لە کتێبە ئاسمانییەکاندا هاتووە؛ لە کاتێکدا خودا خۆی دەفەرمووێت زۆر پێغەمبەری تریش هەن کە باسی نەکردوون: ﴿وَرُسُلًا لَّمْ نَقْصُصْهُمْ عَلَيْكَ﴾ [النساء: ١٦٤]. بۆیە چڕبوونەوەی ناوی پێغەمبەران لەم ناوچەیەدا مانای بێبەشبوونی گەلانی تر نییە، بەڵکوو باراک تەنیا نیوەی مێژووەکە دەبینێت بۆ ئەوەی بیانوویەکی سیاسی دابتاشێت.

گەورەترین هەڵەی باراک لە قسەکانیدا ئەوەیە کە پێی وایە پێغەمبەران نەیانتوانیوە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکەن. لە کاتێکدا ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، دەبینین سەرجەم پێغەمبەران ئەرکەکانی خۆیان بە باشترین شێوە و بێکەمکوڕی بەجێ گەیاندووە. لە سەرەتاییترین ئەرکەوە کە گەیاندنی پەیام، پاککردنەوەی دەروونەکان و، مژدەدان و ئاگادارکردنەوەیە، تا دەگاتە جێبەجێکردنی شەریعەتی خودایی، ڕابەرایەتیکردنی کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەری. ئەوان هەموو ئەمانەیان کرد تاوەکوو لە کۆتاییدا هیچ بیانوویەک بە دەست مرۆڤەوە نەمێنێت. وەک قورئانی پیرۆز بە ڕوونی دەفەرمووێت: ﴿رُّسُلًا مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللَّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ﴾ [النساء: ١٦٥]؛ واتە: «پێغەمبەرانێک کە مژدەدەر و ئاگادارکەرەوە بوون، بۆ ئەوەی دوای ناردنی پێغەمبەران هیچ بەڵگە و بیانوویەک بۆ خەڵکی نەمێنێتەوە لای خودا.»

هەر پێغەمبەرێک بۆ هەر گەل و ناوچەیەک هاتبێت، بەپێی قۆناغەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و چاکسازیی لە کۆمەڵگەدا کردووە. ئەوان هاتوون تا شەریعەت و یاساکانی خودا بخەنە ڕوو و، یەکەمین هەنگاویشیان ئەوە بووە کە بە مرۆڤایەتی بهێننەوە یاد ئەوان «خەلیفە»ن لەسەر زەوی؛ واتە پێسپێردراوی خودان بۆ ئاوەدانکردنەوە، نەک بۆ تێکدان و وێرانکردن و خوێنڕشتن.

خاڵێکی تری زۆر گرنگ کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، جیاوازیی قەبارە و گشتگیریی پەیامەکانە. ئەگەر پەیامی پێغەمبەرانی پێشوو لە قۆناغێکی مێژووییدا تەنیا بۆ هۆز و گەلێک یان بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو هاتبێت، تا کێشە ناوخۆییەکانی ئەوکاتەی خۆیان چارەسەر بکات؛ ئەوا پەیامی کۆتایی کە ئیسلامە لە ڕێگەی پێغەمبەر موحەممەد (دروودی خودای لەسەر بێت)، پەیامێکە سنوورە جوگرافی و نەتەوەییەکانی بڕیوە و بۆ هەموو گۆی زەوییە.

ئەم پەیامە -پێچەوانەی تێگەیشتنە کورتەکەی تۆم باراک- تەنیا هەوڵێک نییە بۆ هێمنکردنەوەی ئاژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی تەواوی جیهان. لە کاتێکدا ئەمڕۆ سیستەمە سەرمایەداری و ڕۆژئاوایییەکان لە چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی چینایەتی و پڕکردنەوەی بۆشاییە ڕۆحییەکانی مرۆڤدا دەستەوەستانن و تووشی قەیران بوون، ئەم پەیامە ئاسمانییە چارەسەری ڕیشەیی و گشتگیری پێیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

مێژووش گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە؛ هەر ئەم پەیامە بوو کە لە ڕابردوودا توانی گەل و هۆزە پەرتەوازە و شەڕانگێزەکان یەک بخات و شارستانییەتێکی وا بونیاد بنێت، کە بۆ چەندان سەدە، نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە سایەیدا بە ئارامی و دادپەروەری بژین. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ مرۆڤایەتی، و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە قەیراندایە؛ هۆکارەکەی کەموکوڕیی پەیامە ئاسمانییەکان نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ئەو دەستێوەردان و داگیرکارییانەیە کە ڕێگرن لە چەسپاندنی ئەو دادپەروەرییە.

بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەرکی پێغەمبەران ئەوە نەبووە مرۆڤەکان بە زۆر بکەنە فریشتە و، ئیرادەیان لێ بسەننەوە. کەواتە ئەگەر زلهێزەکانی ئەمڕۆی وەک ئەمریکا گوێ لەو ڕێنمایی و شەریعەتە نەگرن و پەنا بۆ ستەم، داگیرکاری و بەرژەوەندییە خراپەکانیان ببەن، ئەمە شکستی پێغەمبەران نییە! چونکە پێغەمبەران ئەرکی خۆیان بەتەواوی جێبەجێ کردووە. بەڵکوو ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات، شکستی خودی سیاسەتمەداران و زلهێزەکانە کە نەیانتوانیوە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی خەلافەتی زەویدا بن.

هەڵەی سێیەمی باراک لە چەواشەکردنی مێژوودایە. ئەو دەیەوێت وا نیشان بدات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە کۆنەوە و بە سروشتی خۆی لانکەی شەڕ و ئاژاوە بووە. بەڵام ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی ڕاستییەکانە؛ بۆ سەدان ساڵ و لە سەردەمی شارستانییەتە ئیسلامییەکاندا، ئەم ناوچەیە سەقامگیرترین، پێشکەوتووترین و ئارامترین چەقی دنیا بوو؛ ڕێک لەو کاتەی کە ئەورووپا نوقمی جەنگی ناوخۆیی و سەدەکانی تاریکی بوو.

تێکچوونی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخۆشییەکی ئەزەلی نییە، بەڵکوو دەردێکی تازەیە و دروستکراوی دەستی داگیرکارییە. کارەساتەکە لەوەوە دەستی پێ کرد کە کاتێک زلهێزە ڕۆژئاوایییەکان بە ڕێککەوتننامەی «سایکس-پیکۆ» ناوچەکەیان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پارچەپارچە کرد و، سنووری دەستکردیان بۆ دروست کرد، بەبێ ئەوەی هیچ گوێیەک بە پێکهاتە و مێژووی خەڵکەکەی بدەن.

بەڵام وێرانکارییەکە تەنیا بە نەخشە خواروخێچەکان نەوەستا؛ بەڵکوو لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ڕۆژئاوا بەردەوامە لە دەستێوەردان؛ هەر لە چاندنی قەوارەی ئیسرائیلەوە لە دڵی ناوچەکەدا، تا دەگاتە داگیرکردنی عێراق و، وێرانکردنی سووریا و غەززە و، پاراستنی حکوومەتە گەندەڵەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان. بۆیە، ئەم خوێنڕشتنەی ئەمڕۆ، دەرەنجامی ئەو بۆمبە چێنراوانەی ڕۆژئاوایە، نەک قەدەرێکی نەگۆڕ.

زۆر بێشەرمانەیە، خۆیان ئاگر لە ناوچەکە بەر بدەن، پاشان بێن بڵێن: «مادام پێغەمبەران نەیانتوانیوە کێشەکە چارەسەر بکەن، ئیتر حەلکردنی بە ئێمە ناکرێت!» ئەوان دەیانەوێت ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە ڕۆژئاوا خۆی سەرچاوەی کێشەکانە، نەک ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێک بێت چارەسەری بۆ نەبێت.

چوارەم و مەترسیدارترین خاڵ لە قسەکانی باراکدا، هەوڵدانێکی ئاشکرایە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی. کاتێک دەڵێت: «ئەگەر پێغەمبەران بۆیان نەکراوە، ئێمە چۆن دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین؟»، لە ڕاستیدا دەیەوێت بڵێت ڕۆژئاوا و ئەمریکا بێتاوانن و هیچ پەیوەندییەکیان بەم ئاژاوەیەوە نییە!

ئەمە فێڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی کە خۆیان لە دەیەکانی ڕابردوودا دروستیان کردووە؛ کە هەموو ئەمانە، دەرەنجامی سیاسەتی چاوچنۆکانە و بەرژەوەندیخوازیی وڵاتانی زلهێزن.

لە کۆتاییدا، دەبێت بزانین کە لێدوانەکەی «تۆم باراک» دانپێدانانێکی ڕاستگۆیانە نییە بە بێهێزیی ئەمریکا لە گەڕاندنەوەی ئاشتی، بەڵکوو هەوڵێکی بێشەرمانەیە بۆ شۆردنی دەستی ڕۆژئاوایییەکان لەو خوێنەی ڕشتوویانە. گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بەوە نییە زلهێزەکان ببنە «نوێنەری پێغەمبەران» بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان؛ تەنیا پێویستیان بەوەیە، ئەو زلهێزانە دەست لە دروستکردنی شەڕ و وێرانکاری هەڵبگرن و، واز لە تاڵانکردنی سامانی ناوچەکە بهێنن. ئەگەر ئەوە بکەن، ئەو کاتە هەموو دنیا دەبینێت کە چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی کێشەکانی چارەسەر دەکات و ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت.

ئامادەکردنی: ئیبراهیم حوسێن

ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە ئیلحاد

هەمووی ببینە