ئەخلاق لە سەردەمی هیچگەراییدا!

ئەخلاق لە سەردەمی هیچگەراییدا!

ئەخلاق لە سەردەمی هیچگەراییدا!

نووسەرئاستانەئاستانە
سێ خولەک خوێندنەوە ١٨ بینینەکان ١٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

ئەخلاق لە سەردەمی هیچگەراییدا!

لە دونیای ئەمڕۆدا، وشەی "ئەستێرە" و "سەلەبریتی" بۆ گۆرانیبێژ، ئەکتەر، کۆمیدیان، بلۆگەر، قەشمەرچی و... هتد، بەکار دێت. بەڵام کەسانێکی تریش هەن کە ناوبانگ و هەوادارییان سنوورەکانی (سوپەرستارە) ئاساییەکانی تێپەڕاندووە، بێ ئەوەی هیچ دەرکەوتنێکی خۆویستانەیان هەبووبێت!

«بکوژی زنجیرەیی» (Serial Killer) ئەو کەسە سادیستەیە، کە بە بەرنامە و بە پاڵنەری تێرکردنی حەزە ئەهریمەنییەکانی ناخی، دەست دەکات بە کوشتنی چینێکی دیاریکراوی خەڵکی. ئەنگیزەکانیان جیاوازن؛ وەک: دەسەڵات و کۆنترۆڵ، ئارەزووی سێکسی، یان تۆڵەکردنەوە و هۆکاری تر.

یەکێک لە زەقترین نموونەکانی ئەم دیاردەیە، (جێفری دامەر)ـە؛ کە یەکێکە لە ناسراوترین بکوژە زنجیرەییەکان، کە ١٧ پیاوی گەنجی لە ئەمریکا کوشت و، تەرمەکانی پارچەپارچە کرد و، لە هەندێک حاڵەتدا بەشێک لە جەستەکانیانی خوارد.
بەڵام کاردانەوەی کۆمەڵگە دوای دەستگیرکردنی دامەر، لە خودی تاوانەکانی زیاتر جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە! لە کاتێکدا لۆژیکی مرۆڤایەتی و مۆڕاڵی گشتی چاوەڕێی دەکرد ئەم کەسە ڕووبەڕووی گەورەترین غەزەب و ڕقی کۆمەڵایەتی ببێتەوە، کەچی بەتەواوی پێچەوانەکەی ڕووی دا و هەزاران کەس بوونە هەواداری!

دۆخەکە گەیشتە ئاستێکی هێندە نامۆ، بەرنامە و چاوپێکەوتنەکانی ملیۆنان بینەریان هەبوو، تەنانەت کاتێک کەلوپەلی شوقەکەی هەڕاج کران، خەڵکێکی زۆر ئامادە بوون پارەیەکی خەیاڵی بدەن بۆ کڕینی ئەو کەلوپەلانە و هەڵگرتنیان وەک یادگاری!
لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین: ئەگەر دامەر تاکێکی نەخۆش و سادیست بێت، ئەی پێناسەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بووە هەواداری و، تا ئەمڕۆش کەسانێک وەکوو "ڕۆڵ‌مۆدێل" دەیبینن، چییە؟! ئەمە ئەو خاڵەیە کە دروشمە بریقەدارەکانی مۆدێرنیتە و سیستەمی ڕۆژئاوایی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

مەگەر بانگەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی، دیموکراسی، و مافی مرۆڤ بۆ ئەوە نەبوو کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و پڕ لە خۆشەویستی دروست بکات؟ کاردانەوەی ئەو خەڵکە سەلماندی کە لە پشت ئەم دروشمانەوە، بۆشایییەکی گەورەی ڕۆحی و مۆڕاڵی بوونی هەیە.

ئەم بۆشایییە نیشانەی ئەوەیە کە ئاستی ئەخلاقیی کۆمەڵگە تەنیا بە دروشمەکانی ناپێورێت، بەڵکوو بەو شتانە دەپێورێت کە کات، پارە، و سەرنجی تێدا سەرف دەکات. میدیا، شانۆ، و سینەما تاوانبارەکان وەک کەسایەتییەکی «ئاڵۆز» و «سەرنجڕاکێش» نیشانیان دەدەن. ئەمەش دەتوانێت هەستی داماڵرانی ئەخلاقی تاوانبار لای بینەر لاواز بکات و، تاواونبار بۆ 'کارەکتەر' بگۆڕێت.

لە چاوپێکەوتنێکیدا، دامەر ئاماژە بەوە دەکات کە باوەڕی تەواوی بە تیۆریی پەرەسەندن و تێڕوانینە ماتریالیستییەکان بۆ بوون هەبووە. لە لۆژیکی ئەودا: «کاتێک مرۆڤ لە (هیچ)ـەوە هاتبێت، لەسەر بنەمای ڕێکەوتێکی بایۆلۆژیی بێئامانج دروست بووبێت، و لە کۆتاییشدا بەرەو (هیچ) و نەمان بڕوات، ئیتر چ پیرۆزییەک بۆ ژیان دەمێنێتەوە؟!»

ئەمە لێکەوتە مەترسیدارەکەی 'هیچگەرایی'ـە؛ کاتێک مرۆڤ ئاسمان و پیرۆزییەکان ڕەت دەکاتەوە و ژیان لە مانایەکی باڵا و ڕۆحی دادەڕنێت، سنوورەکانی ئەخلاقیش دەتوێنەوە. لە دونیایەکدا کە مرۆڤ تەنیا ماددەیەکە و ژیان هیچ ئامانجێکی تێدا نییە، کوشتن و پارچەپارچەکردنی مرۆڤێک هیچ جیاوازییەکی نابێت لەگەڵ شکاندنی لقەدارێک! ئەگەر هیچ بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەیەک نەبێت، کۆنترۆڵی ڕەفتار بۆچی؟!

هەرچەندە ئەم دیدگایەی دامەر بۆ بوون و ژیان زۆر جێی تێڕامانە، و نیشاندەری مەترسیی ماددەگەرایی و پەرەسەندنە لەسەر تێڕوانینی مرۆڤ بۆ بوون و ژیان؛ بەڵام لە لایەن میدیاکانەوە سەرنجی نەخرایە سەر و، پاڵنەری تاوانەکەیان بە کۆمەڵە هۆکارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی نەسەلمێنراوەوە بەستەوە.

کەیسی جێفری و بەئەستێرەکردنی تاوانبار نیشانی دەدات کە؛ ناوبانگ و، بەها و ئەخلاق، هەمیشە پێکەوە ناڕۆن. نیشانی دەدات کە چۆن دابڕانی مرۆڤ لە بەها ڕۆحی و باڵاکان، کۆمەڵگەیەک دروست دەکات کە لەبری سزادانی دڕندەیی، چەپڵەی بۆ لێ دەدات و دەیکاتە پاڵەوان! لە دروستکردنی سیلیبریتییە بۆشەکانەوە تا دەگاتە ڕۆڵ-مۆدێلکردنی بکوژە زنجیرەییەکان، دەرەنجامی ئەو بۆشایییە ڕۆحییەیە کە مرۆڤی هاوچەرخ تێی کەوتووە.

ــ سەرچاوەی دیمەنەکە و قسەکانی (دامەر): Inside Edition Flashback، یووتیوب، بڵاوکردنەوەی یەکەم لە ١٩٩٣.

لینکی بینین:
https://youtu.be/iWjYsxaBjBI?si=pt-bULCFGBPWGM8z

#ئاستانە_Astana

بڵاوکەرەوە
گەشبین

زیاتر لە ئیسلام

هەموویان ببینە