ئەرێ شەیتان لە کوێیە؟
دوژمنانی ئیسلام بە هەموو تاقمەکانییەوە، سەرکەوتوو بوون لە سڕینەوەی مانای ململانێ لەگەڵ شەیتان لەلای زۆرینەی موسڵمانان. بە جۆرێک کە زۆرینەمان شەیتانمان بیر نییە، ئیللا کاتی چوونە تەوالێت و دەستپێکی نوێژ و بینینی ئەو شتانەی کە ناشیرینن؛ تەنیا لەو کاتانەدا لەعنەت لە شەیتان دەکەین و، بیرمان دەکەوێتەوە کە شەیتان بوونی هەیە و خۆی بۆ مەڵاس داوین.
سەرباری ڕێژەی زۆری ئایەتەکان کە جەخت لە مانای ململانێی بەردەوامی نێوان مرۆڤ و شەیتان دەکەن، لەو کاتەوەی کە خوای گەورە باوکە ئادەمی (عليه السلام) دروست کردووە؛ زۆر بەڕوونی دەر دەکەوێت کە شەیتان بە ئاشکرا ئیعلانی جەنگی کردووە دژ بە مرۆڤ و، بە هاتنی قیامەت کۆتایی دێت، وەک خوای گەورە دەفەرمووێت:
﴿قَالَ أَرَأَيْتَكَ هَٰذَا الَّذِي كَرَّمْتَ عَلَيَّ لَئِنْ أَخَّرْتَنِ إِلَىٰ يَوْمِ الْقِيَامَةِ لَأَحْتَنِكَنَّ ذُرِّيَّتَهُ إِلَّا قَلِيلًا﴾ [الإسراء: ٦٢].
لێ خەڵکی ئەم حەقیقەتەیان لەبیر کردووە لەژێر فشاری ژیانی (مۆدێرنە) و، باڵادەستیی ماددە و جادووی ژیانی هاوچەرخدا. بیریان چووە بۆ چرکەساتێک بوەستن و لە خۆیان بپرسن: ئایا ئەو شێوازە ژیانەی کە گرتوومەتە بەر، بەو جۆرەیە کە خوای گەورە لێی داوا کردووم، یان بە کەیفی شەیتانە؟
شەیتان لە ڕێی هاوکار و دۆستەکانییەوە تەواو باڵادەست بووە بەسەر زەویدا و، کارێکی کردووە کە زۆرینەی خەڵکی بە کەیفی ئەو بژین و، پەلیان دەگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیدا بەرەو دۆزەخیان ببات.
ئەگەر تەماشای ژیانی هاوچەرخ بکەین، لە چەندان ڕووەوە باڵادەستی و جێپەنجەی دەبینین:
لە ئاراستەکردنی خەڵکی، لە بەندایەتیکردنی پەروەردگارەوە بۆ پەرستنی بەندەکان؛ لە کەسانی بەناوبانگ، گۆرانیبێژ، یاریزان، زانا و... هتد.
لە شێواندنی مەبەست و ئامانجی خەڵک؛ لە گەڕان و هەوڵدان بۆ پاشەڕۆژەوە، بۆ ڕاکەڕاک لەپێناو دنیا و دواکەوتنی پارە، ناوبانگ، پلە و پێگە.
لە دوورخستنەوەی پێوەرەکانی ئیسلاح و، جێگۆڕکێپێکردنیان بە پێوەرەکانی خودپەسەندی و دونیاسەنتەری. ئیدی ڕیبا حەڵاڵ کرا و بەرتیل ئاسایی بووەوە، خەڵکی خراپە و زینایان لا ئاسایی بووە و، بە ناو و ناونیشانی ڕەونەقدار ڕووپۆشیان کرد.
لە دووبارە داڕشتنەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی عەلمانیی ماددی کە ڕۆحی دەکوژێت و بەهاکانی دەسڕێتەوە؛ ئیدی ئەم شێوەداڕشتنەوەیە وای لە مرۆڤ کرد کە قەپ بە دنیادا بکات و، لایەنە ڕۆحی و ئیمانییەکان پشتگوێ بخات.
لە داڕشتنەوەی یاساکان تا پڕۆگرامی خوێندن، ڕێساکانی پارە و پووڵ، سیاسەت و بەڕێوەبردن، و خێزان و سزاکان؛ وەحی وەلا نرا و هەوەس و ئارەزوو باڵادەست کرا.
ئەمە پلانێکی شەیتانیی ورد و گشتگیرە کە ڕەنگە پێشتر لە هیچ زەمەنێکدا، بۆ خۆی و هاوکارەکانی بەم جۆرە نەچووبێتە سەر. سەرکەوتنی تەنیا لەوەدا نییە کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە بە شێوەیەک کراوەتە (ئەمری واقیع) کە بووە بە حاڵەتە ئاساییەکە و زۆرینەی خەڵک لەگەڵیدا ڕاهاتوون؛ بگرە هەندێک بە ناوی دینەوە بە ئایەت و فەرموودە ڕەوایەتیی پێ دەدەن.
من و تۆ و هەموو مرۆڤایەتی، چووینەتە قۆناغێکی زۆر ترسناکەوە لە ململانێکردن لەگەڵ شەیتان، سیستەم، دۆست و پڕۆژەکانی؛ ململانێیەکی بەردەوامی گشتگیر لە ڕووی تاک و کۆمەڵەوە، لە ماڵەوە تا دەگاتە شوێنی ئیش، بازاڕ و شەقامەکان. کەسی سەرکەوتوو ئەوەیە کە ئیمانی ڕزگار بکات؛ وەک سەعیدی نوورسی (رحمه الله) دەیگوت: «ئەم زەمەنە، زەمەنی ڕزگارکردنی ئیمانە».
ڕۆژانە ئەم جۆرە خەیاڵاتانە بە مێشکمدا دێن و دەچن، و ڕووبەڕووی لاوازیی نەفسی خۆم و حەز و ئارەزووی دنیاویستیی خۆم دەبمەوە، و هەوڵی خۆم دەدەم کە غافڵ نەبم و لەناو تاریکیدا خەوم لێ نەکەوێت (تەنیا نووری خواش لە خەوتن لە نێو ئەم تاریکییە دەربازمان دەکات). ئەگەر بڕوابوون بە بەڵێن و وەعدی خوا نەبووایە، کە فێڵ و تەڵەی شەیتان لاوازە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەسەرماندا، ئەوە تووشی بێئومێدی و خۆبەدەستەوەدان دەبووم.
﴿الَّذِينَ آمَنُوا يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ۖ وَالَّذِينَ كَفَرُوا يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ الطَّاغُوتِ فَقَاتِلُوا أَوْلِيَاءَ الشَّيْطَانِ ۖ إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا﴾ [النساء: ٧٦].
﴿قَالَ أَرَأَيْتَكَ هَٰذَا الَّذِي كَرَّمْتَ عَلَيَّ لَئِنْ أَخَّرْتَنِ إِلَىٰ يَوْمِ الْقِيَامَةِ لَأَحْتَنِكَنَّ ذُرِّيَّتَهُ إِلَّا قَلِيلًا (٦٢) قَالَ اذْهَبْ فَمَن تَبِعَكَ مِنْهُمْ فَإِنَّ جَهَنَّمَ جَزَاؤُكُمْ جَزَاءً مَّوْفُورًا (٦٣) وَاسْتَفْزِزْ مَنِ اسْتَطَعْتَ مِنْهُم بِصَوْتِكَ وَأَجْلِبْ عَلَيْهِم بِخَيْلِكَ وَرَجِلِكَ وَشَارِكْهُمْ فِي الْأَمْوَالِ وَالْأَوْلَادِ وَعِدْهُمْ ۚ وَمَا يَعِدُهُمُ الشَّيْطَانُ إِلَّا غُرُورًا (٦٤) إِنَّ عِبَادِي لَيْسَ لَكَ عَلَيْهِمْ سُلْطَانٌ ۚ وَكَفَىٰ بِرَبِّكَ وَكِيلًا (٦٥)﴾ [الإسراء].
ــ د. یەحیا ئیسماعیل
#ئاستانە_Astana
#ئاستانە_Astana




