ئایا مەسیحییەت ئایینە؟!
کەسێک لە یەکێک لە پێگە مەسیحییەکاندا دەنووسێت: "ئایا مەسیح ئایینی بۆ هێناین؟ تەواوی ئینجیل بگەڕێیت وشەی (ئایین)ـی تێدا پەیدا ناکەیت. ئایین، دروستکراوی دەستی مرۆڤە، بۆ ڕازی کردنی ئەو خودایەی کە لە مێشکی خۆیدا دروستی کردووە. عیساش هیچ کات ئایینی بۆ ئێمە نەهێنا، بەڵکوو هات تا خودامان پێ بناسێنێت. هەموو ئایینەکان هەوڵدانی مرۆڤە بۆ پەیداکردنی خودا، بەڵام لە مەسیحدا خودا هەوڵی پەیدا کردن و ڕزگارکردنی ئێمە دەدات. هەموو ئایینەکان دەست درێژ دەکەن بۆ لای خودا، بەڵام لە مەسیحدا خودا دەستی بۆ ئێمە درێژ دەکات و یارمەتیمان دەدات. هەموو ئایینەکان دەڵێن، بابڕۆین بۆ لای خودا، بەڵام لە مەسیحدا، خودا دێت بۆ لای ئێمە.
هەموو ئایینەکان کۆمەڵێک ڕاسپاردە و فەرمان دەخەنە بەردەممان و بێ ئەوەی یارمەتیمان بدەن داوامان لێدەکەن ئەنجامیان بدەین، بەڵام مەسیح هێز و توانامان پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی کە دروستە. مەسیح ئایینی بۆ نەهێناین، بەڵکوو ڕووبەڕووی کردینەوە لەگەڵ خودی خودا دا. پەیامی مەسیح زۆر گەورەترە لە پەیامی ئایین و مەزهەب. بۆیە من باوەڕدارم بە مەسیح، لە هەمان کاتدا بێدینێکی تەواویشم."
ئەگەر سەیری ئەم بابەتە بکەین نەوەک بێ باوەڕی، بەڵکوو ساویلکەیی دەبینین لە بیرکردنەوە لەم باسە، ئەم بیرۆکەیە نەک هەڵەیە، بەڵکوو کوفر کردنە بەوەی مەسیح هێناویەتی. لە دەقی پەڕتووکە پیرۆزەکەی خۆیان مەسیح دەڵێت:
¹⁷ "وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکوو هاتووم بۆ تەواوکردنیان."
¹⁸ "ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی."
¹⁹ "بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت."
²⁰ "ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە."
مەتتا (٥)، بڕگەی ١٧-٢٠
ئەگەر سەیری ئەم دەقانە بکەین بە ڕوونی دیارە پەیامی مەسیح (علیە السلام) تەواوکەری کاری پەیامبەرانی پێش خۆی یەتی. مەگەر پەیام بەرامبەرانی پێش مەسیح خودی خوایان هێنا بۆ مرۆڤ، یان مرۆڤیان ڕێنمووی کرد بۆ لای خوا؟ بێگومان پەیامی پەیامبەران و پێغەمبەران، ڕێنمووی کردنی خەڵکی بووە بۆ ڕێگای ڕاست و خوداپەرستی.
ئەگەر تەنیا سەرنجمان بخەینە سەر دەقەکانی پەڕتووکی پیرۆز و بیروباوەڕی مەسیحی، کەوا باوەڕ بەوە دەکەن مەسیح لەیەک کاتدا سێ ڕۆڵ دەگێڕێت «خودای باوک و کوڕی خودا و ڕۆحی پیرۆز» دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت هەرچی پەیامەکانی پێشووە لە پەیمانی کۆندا وەک دەڵێن بە ڕۆحی پیرۆز گەیێندراوە، ئایینی خوداییە. ئایا بۆ خودایەکی هاوشێوەی مەسیح دەکرێت پەیامی ١٠٠٠ ساڵی خۆی لە ماوەی سێ ساڵی هاتنی بۆ سەر زەوی ڕەت بکاتەوە؟! لە کاتێکدا مەسیح دەڵێت: "من و باوک یەکین." یۆحەننا ١٠، بڕگەی ٣٠.
یان «هەموو ئەوەی کە هی باوکە»
یۆحەننا ١٦، بڕگەی ١٥.
ئەگەر سەیری مێژووی ژیانی مەسیح بکەین، هیچ شتێکی نوێ نادۆزیتەوە کەوا پەیامێکی جیاوازی تێدا بێت، چونکە وەکوو لە دەقی سەرەتا ئاماژەی پێ کراوە، هاتووە تاوەکوو پەیامی پێغەمبەر و پەیامبەرانی پێش خۆی تەواو بکات. بێگومان پەیامی پێش هاتنی مەسیح بریتیە لە «تەوڕات و زەبوور»، هەموو دەقەکانی ناو پەیمانی کۆن، داوای یەکتاپەرستی لە نەوەی ئیسرائیل دەکات.
توانا کەمال
#ئاستانە_Astana




