بۆچی لە جەژن و پشووەکاندا هەست بە سەرگەردانی دەکەین؟

بۆچی لە جەژن و پشووەکاندا هەست بە سەرگەردانی دەکەین؟

بۆچی لە جەژن و پشووەکاندا هەست بە سەرگەردانی دەکەین؟ لەوەیە چەند ڕۆژی پێشووی جەژن، وەک...

بۆچی لە جەژن و پشووەکاندا هەست بە سەرگەردانی دەکەین؟

سێ xulek xwendin ١ Dîtin ٣١ ئایار ٢٠٢٦

بۆچی لە جەژن و پشووەکاندا هەست بە سەرگەردانی دەکەین؟

لەوەیە چەند ڕۆژی پێشووی جەژن، وەک زۆربەی خەڵک، هەستت بە بۆشایی و شپرزەیییەک کردبێت، نەتزانیبێت کاتەکانت چۆن بەسەر ببەیت و هەستێکی نامۆت هەبووبێت؛ وەک بڵێیت ون بوویت و کات ناڕوات.

هەرچەندە زۆر چاوەڕێی جەژنیش بوویت و پەرۆش بوویت بۆی، وەک فەزایەکی فراوانی حەسانەوە و ڕزگاربوون لە سترێس و ئیش سەیرت کردبێت، چەند کتێبێکی دواخراوت دانابێت بۆ ئەم ڕۆژانە، یان چەند سەردان و چالاکییەک کە بە درێژاییی ساڵ کاتت بۆی نەبووە، ویستووتە لە جەژندا بیکەیت. بەڵام کە دەکەویتە ناو دۆخەکەوە، وشک دەبیت و هیچ ناکەیت و، بە درێژاییی ڕۆژەکە خەریکی مۆبایل دەبیت؛ لەم ئەپڵیکەیشن بۆ ئەو ئەپڵیکەیشن، بۆ (ڕیل) و پۆست و سناپ، تا لەوەش بێزار دەبیت.

وەک هەمیشە، کاتێک هەست بە کێشە و دژیەکییەکی میزاجی، دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکەیت، بگەڕێ! بە دڵنیاییەوە لە شوێنێکەوە خەتایەکی سەرمایەداری و، ستایلی کار و ژیانی تێدایە.

لە ژیانی هاوچەرخدا، مرۆڤ بەشێکی گەورەی تەمەنی لەناو سیستەمێکی ورد و ڕێکخراودا بەسەر دەبات: خوێندن، کاتی دەوام، مەوعید، ئەرک و ئامانجی هەفتانە و مانگانە. کار تەنیا کاتەکانمان داگیر ناکات، بەڵکوو تەواوی ژیانمان ڕێک دەخات؛ ئەو پێمان دەڵێت کەی لە خەو هەستین، چی بکەین و لە کاتەکانی ڕۆژدا بیر لە چی بکەینەوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەنێک، ئەم ڕێکخستنە دەبێتە بەشێک لە شێوازی ژیانمان. تەنانەت کاتێک بەدەست فشاری کارەوە دەناڵێنین و گلەییمان هەیە، بەڵام ئێمە ڕاهاتووین هێزێکی دەرەکی هەبێت ڕۆژەکانمان ڕێک بخات و فۆرمێکی ڕوونیان پێ ببەخشێت.

ئینجا لەپڕ، پشوو دێت.

خشتەی کارەکان ون دەبێت، ئەرکەکان دەوەستن و کات بە شێوەیەکی نائاسایی فراوان دەبێت. لێرەدا زۆر کەس بۆیان دەر دەکەوێت کە ئەوان بیری خودی کارەکە ناکەن، هێندەی ئەوەی بیری ئەو «چوارچێوەیە» دەکەن کە کارەکە بەسەریاندا دەیسەپاند. لەپڕ، پرسیاری: "ئێستا چی بکەم؟" دەبێتە پرسیارێکی جیددی و ڕاستەقینە.

لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت ئەو هەستەی ڕۆژانی جەژن و پشووەکان، وەک یەکێک لە شوێنەوارەکانی شێوازی ژیانی مۆدێرن سەیر بکرێت. هەرچەندە کاتەکانی کارکردن درێژتر بن و ماوەکانی حەسانەوە لە ساڵەکەدا کەمتر بن، گواستنەوە لە سەرقاڵییەکی تەواوەوە بۆ بۆشاییی پشوو قورستر دەبێت. وەک ئەوەی لە خێراییەکی زۆرەوە لەپڕ بوەستیت؛ پێش ئەوەی خاڵی هاوسەنگیت بدۆزیتەوە، تووشی گێژبوون دەبیت.

ئەمە مانای ئەوە نییە کە خەڵکی نەزانن چۆن چێژ لە پشوو وەربگرن، بەڵکوو بەو مانایە دێت کە زۆربەمان چیتر خاوەنی ژیانێکی سەربەخۆ نین کە جیاواز بێت لە کار و پیشەکانمان. خولیاکانمان دوا خراون، پڕۆژە تایبەتییەکانمان دوا خراون، خەونەکانمان دوا خراون و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان زۆربەی کات خراونەتە پەراوێزە تەنگەکانی هەفتەوە. ئێمە تەواو لەناو کار و ئیشی بەردەوامدا تواوینەتەوە؛ کاتێکیش کاتێکی ئازادمان دەست دەکەوێت، دەبینین توانای بەکارهێنانی ئەو کاتەمان لەدەست داوە.

بۆیە، ئەو بۆشاییەی لە پشووەکاندا هەستی پێ دەکەین هەمیشە نیشانەی تەمبەڵی یان بێوەفایی نییە، بەڵکوو هەندێک جار پەیامێکە و، ئەو ڕووبەرە گەورەیەمان بۆ دەر دەخات کە «کار» لە ژیانماندا داگیری کردووە. پەیامێکە بیرمان دەخاتەوە کە حەسانەوە تەنیا نەبوونی کار نییە، بەڵکوو بوونی شتێکی تریشە: خولیایەک، پڕۆژەیەکی کەسی، چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، یان تەنانەت توانای چێژوەرگرتن لە کات، بەبێ ئەوەی هەست بە شپرزەیی بکەیت.

دوای ئەوەی ڕۆژانی جەژن کۆتاییان دێت، پرسیارە هەرە گرنگەکە دەمێنێتەوە: ئایا کێشەکە لە کورتیی پشووەکاندایە، یان لەوەدایە کە ئێمە ژیانمان بە جۆرێک بونیاد ناوە کە فەرامۆشمان کردووە چۆن لە دەرەوەی بازنەی کارکردندا بژین؟

• ئارامی مەلا نووری

Zêdetir ji موسوڵمانان

Hemûyan bibîne