ئەو نهێنییەی ئیسلامی لە دەرەنجامی مەسیحییەت پاراست

ئەو نهێنییەی ئیسلامی لە دەرەنجامی مەسیحییەت پاراست

بلیمەتیی پەرتووکی (الإسلام بين الشرق والغرب) لەوەدایە کە «بیگۆڤیچ» تێیدا بەڕوونی باسی لەو نهێنییە کردووە کە ئیسلامی پاراستووە لە چارەنووسی مەسیحییەت لە ڕۆژئاوا، ئەویش ئەو دووانەییەیە کە دیدگای ئیسلامیی دروست لە کۆکردنەوەی نێوان ڕۆح و ماددەدا سەرنجی خستووەتە سەر. ئیسلام لای نەداوەتەوە بە لای پەرەپێدانی خەسڵەتێک کە ڕەگوڕیشەی لە تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤدا نییە و، بە تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ سروشتدا بیرۆکەی ئایدیالیزمی ماندووکەری هەڵوەشاندەوە. لە هەمان کاتدا، ئیسلام توانی گێڕانەوەیەکی ڕۆحی بۆ باوەڕدارانی خۆی بخاتە ڕوو کە هانیان بدات بۆ کارلێککردن لەگەڵ واقیعی ژیان و کۆمەڵگە و، سیستمەکانی ئەو کارلێککردنەشی بۆ ڕوون کردوونەتەوە. 

ئیسلام هەرگیز بە پشتبەستن بە تواناکانی مرۆڤ هەوڵی گەیشتن بە شارێکی بەفەزیلەتی نەداوە، بەڵکوو هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بووە بە مەبەستی ئیلاهی کە بریتییە لە بەدیهێنانی بە دادپەروەری و برایەتی تا ئەو جێگایەی کە مومکین بێت لە ژێر سێبەری یەکتاپەرستی و شەریعەتدا. موسڵمان نابێت تەنیا لەبەرئەوەی واقیعی ژیان دوورە لە ئیسلام، هەست بکات کە ڕۆڵی ئیسلام وەستاوە، بەڵکوو لەو کاتەدا هەست بە بەرپرسیارییەتی زیاتر دەکات بۆ کاریگەریدانان لەسەر ئەو واقیعە، بەو شێوەی کە سیستەمی ئیسلامی دەیخوازێت.


عەبدوڵڵا عوسمان
#ئاستانە_Astana

5/4/2024 10:09:32 AM