خۆر، جوانییەک لە جوانییەکان
لەم زەمینەی باوەڕدارانی تێدایە و چاو دەبڕن لە دروستکراوەکانی ئیلاهیدا، کۆمەڵێک یاسا و ڕێکخستنی جوان دەبینن کە ناکرێت ئەم وردەکاری و ڕێکخستنە ئیلاهییانە بێهوودە و بێئامانج بن و بەرهەمی ڕێککەوت بن.
خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرمووێت: ﴿وَجَعَلَ ٱلْقَمَرَ فِيهِنَّ نُورًا وَجَعَلَ ٱلشَّمْسَ سِرَاجًا﴾ واتا: «مانگی کردووە بە ڕووناکی و نوورێک، خۆریشی کردووە بە چرا.»
باوەڕدار لێرەدا دەزانێت خودا هەر لەخۆڕا ئاماژەی بە خۆر نەداوە، لە سووڕەتێکی تریشدا خودا خۆر بە چرایەکی هەڵگیرساوی ڕۆشنکەرەوە ناو دەهێنێت.
ئەگەر ڕابمێنین لەم چرا هەڵگیرساوەدا، دەبینین کۆمەڵێک سوودی هەیە؛ خۆر شەو و ڕۆژ لەسەر زەوی دروست دەکات و ئەگەر خۆر نەبووایە ناتەواوی لە ژیاندا دەبوو، گرفت لە ڕۆشنەپێکهاتنی ڕووەکەکان و بوونی مرۆڤ و ژیانی بوونەوەران درووست دەبوو، ئەگەر ڕووناکی خۆر نەبێت ڕەنگەکان لە یەکتری جوودا نەدەکرانەوە. گەرمییەکەشی بەسوودە بۆ زستان و بەهۆیەوە لە هاوینان و بەهاراندا کۆمەڵێک میوە و میوەهات پێدەگەیێنێت و پاییزانیش جوانی دەبەخشێت بە سروشت و هەر چوار وەرزەی ساڵ سوود و چێژی خۆی هەیە. جگە لەم سوودانە و دەیانی تر، سەرنجی خۆر بدەن چ جوانییەکی بەخشیوە بە شێوازی ژیانکردن، بەهۆی خۆرەوەیە کە لە تاریکاییدا ژیان ناکەین و کارەکانمان ڕایی ناکەین، چونکە بەبێ سوود و چێژی ڕووناکی، چێژ لە ژیان وەرناگیرێت.
ڕابمێنن لە ئاوابوونەکەی، کە دوای ماندووبوون و کارکردنێکی زۆری مرۆڤ لە ڕۆژدا، کە چۆن ئارامی و هێمنی بۆ مرۆڤ دەهێنێت، دواتر شەو دێت بەدوایدا و بە شەوانیش ڕووناکییەک دەبەخشێت بە مانگ کە چاوەکان بە دیتنی چێژ وەردەگرن و بە ڕێژەیەکی کەم زەوی ڕووناک دەکاتەوە تا چاو ببینێت. بۆیە دەتوانین بڵێین بەم چەشنە خۆر لە خزمەتی دانیشتووانی زەویدایە و لەبەر ئەم سوود و هۆکارانە و دەیانی تریشە کە خودا باسی دەکات وەک ئایەتێکی خۆی تا مرۆڤەکان تێی بفکرن.
ئەم جوانی و سوودانەیە کە وا لە مرۆڤ دەکات بگاتە ئەو بڕوایە کە ئامانجی گەورە لەپشت بوونییەوە هەیە و ناکرێت خودا خۆرێکی لەم چەشنەی بۆ ڕام کردبێت تا سوودی لێ وەربگرێت بەبێ هۆکار و مەبەست!
#جوانی_بەڵگەیەک_لە_بەڵگەکانی_بوونی_خودا
#ئاستانە_Astana




