تەسلیمبوونی مرۆڤ و سڕبوونی تێفکرین لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا
ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە ناتوانرێت نکۆڵیی لێ بکرێت: ئێمە چیتر تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک بەکار ناهێنین، بەڵکوو بە تەواوی تەسلیمی هێز و هەژموونی بووین. ژیریی دەستکرد -کە دەکرا لووتکەی شاکارەکانی عەقڵی مرۆڤ و مەزنترین هۆکاری پێشکەوتن بێت- لەبەر تەمبەڵی و سستیی خۆمان، کردوومانە بە جێگرەوەی هزر و بیرکردنەوەمان.
مەترسیی ڕاستەقینە لەوەدا نییە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئامێرەکان دەبنە خاوەن هۆشیاری، بەڵکوو لەوەدایە کە مرۆڤەکان عەقڵی خۆیان خامۆش کردووە. ئێمە هەموو کایەکانی ژیانمان سپاردووە بە (سۆفتوێرەکان)؛ لە نووسینی پەیامێکی سادەی ڕۆژانەوە تا قووڵترین شیکردنەوە فیکری و فەلسەفییەکان، وەک ئەوەی مێشکمان تەنیا شانەیەکی گۆشتیی بێکەڵک بێت و چیدی توانای تێفکرین و داهێنانی نەمابێت.
ئەم پاشەکشە گەورەیەی مرۆڤایەتی، چێژی ڕەسەنی فێربوون و پڕۆسەی گەیشتن بە مەعریفەی بە تەواوی کز و بێگیان کردووە. لە ڕابردوودا، گەڕان بە دوای زانیاریدا، شەونخونی، تاقیکردنەوە و هەڵەکردن، و پاشان دۆزینەوەی ڕاستییەکان، چێژێکی ناوازەی پێ دەبەخشین کە کارەکتەر و شوناسی مرۆڤی پێ بنیاد دەنرا. بەڵام ئێستا، بە تەنیا کلیکێک هەموو شتێک بە ئامادەکراوی لە بەردەستدایە، بێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئارەقەی ماندووبوونی مێشک بڕێژین. کاتێک ڕێگا کورت و ئاسانەکان دەبنە تاقە بژاردە، فێربوون ڕۆحی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ زانیارییەکی ساردی بێگیان.
ئەم سڕبوونی مێشکە، تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشی پەک خستووین. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە لە ڕووی ژمارەیی و تەکنیکییەوە تەواو بەستراوینەتەوە بە یەکەوە، بەڵام لە ڕووی ڕۆحی و مرۆییەوە دابڕاوترین و تەنیاترینین لە چاو ئەوەی کە هەبووە لە ڕابردوودا. نامە پڕ لە سۆزەکان، هاوسۆزییە ڕاستەقینەکان و گفتوگۆ زیندووەکانی نێوانمان، وا خەریکە دەبنە کۆپی و ڕەنگدانەوەی کۆدی ساردی ئامێرەکان.
لێرەوەیە کە دەبێت ژیریی دەستکرد تەنیا وەک خزمەتکارێکی تەکنیکی بمێنێتەوە و هەرگیز ڕێگە نەدەین لە جیاتی ئێمە بیر بکاتەوە؛ چونکە کاتێک ئامێرەکە بیر دەکاتەوە و مرۆڤ دەبێتە تەماشاکەرێکی بێدەنگ، مرۆڤایەتی گەورەترین ناسنامەی خۆی دەدۆڕێنێت.
#ئاستانە_Astana
- طراح
- موحەممەد ڕەسول

- تهیهکننده
- ئاستانە





.jpg?w=640&q=75&format=webp)