تەمەنی نەزانین و زەمەنی پووکانەوەی مرۆڤ

تەمەنی نەزانین و زەمەنی پووکانەوەی مرۆڤ

تەمەنی نەزانین و زەمەنی پووکانەوەی مرۆڤ ﴿وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ ثُمَّ يَتَوَفَّاكُمْ ۚ وَمِنكُم مَّن يُرَدُّ إِلَىٰ أَرْذَلِ الْعُمُرِ لِكَيْ لَا يَعْلَمَ بَعْدَ عِلْمٍ شَيْئًا ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ قَدِيرٌ﴾...

تەمەنی نەزانین و زەمەنی پووکانەوەی مرۆڤ

دوو xulek xwendin ٢ Dîtin ١١ ئایار ٢٠٢٦

تەمەنی نەزانین و زەمەنی پووکانەوەی مرۆڤ

﴿وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ ثُمَّ يَتَوَفَّاكُمْ ۚ وَمِنكُم مَّن يُرَدُّ إِلَىٰ أَرْذَلِ الْعُمُرِ لِكَيْ لَا يَعْلَمَ بَعْدَ عِلْمٍ شَيْئًا ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ قَدِيرٌ﴾ [النحل: ٧٠]

«خودای گەورە دروستی کردوون، پاشانیش دەتانمرێنێت و، هەندێکتان دەگەڕێنێتەوە بۆ لاوازترینی تەمەن و زۆر کەنەفت و پەککەوتەیی؛ تاوەکوو پاش عیلم و زانستێک کە هەیبووە، ئیدی هیچ شتێک نەزانێت! بەڕاستی خودا زۆر زانا و بەتوانایە.»

خوای گەورە دروستی کردووین و تەمەنێکی پێ بەخشیوین پێش مردنمان، هەروەها مێشکیشی پێ بەخشیوین کە یەکێکە لە گەورەترین نیعمەتەکانی پەروەردگار بۆ مرۆڤەکان و، شانازی و جیاکەرەوەی بنیاتەمە. ڕێزی ئەم ئەندامە هێندە گەورەیە کە بە بوونی، تەکلیفی شەرعی دەکەوێتە سەر بەندەکان و، لە کاتی نەبوونیشیدا تەکلیفی شەرعی لەسەر مرۆڤەکە هەڵدەگیرێت؛ هەروەها پاراستنیشی مەبەستی سێیەمی شەرعە!

پاش تێپەڕبوونی لوتکەی هێزی گەنجی و، لەگەڵ زیادبوونی تەمەن و چوون بەرەو قۆناغەکانی پیری، هێزی مێشک و یادگەی مرۆڤەکانیش دادەبەزێت و ڕوو لە پووکانەوە دەکات. لە ساڵی ٢٠١٨، ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی دەمار ئاماژەیان بەوە دا، کە بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان، ٦.٧٪ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ٦٠-٦٤ ساڵدایە، تووشی تێکچوونی ئاست-مامناوەندی مەعریفی (MCI) بوون؛ و ئەم ڕێژەیە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات و، دەگاتە ٢٥.٨٪ لە کەسانی ٨٠-٨٤ ساڵاندا. هەروەها ساڵانە ٩٪ بۆ ٢٠٪ـی ئەو کەسانەش بارودۆخەکەیان خراپتر دەبێت و تووشی خەڵەفاوی (Dementia) دەبن. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣، مەزەندە کراوە لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٣٥.٦ ملیۆن مرۆڤ خەڵەفاویان هەبووبێت و، پێشبینیی دووهێندەبوونیشی کراوە بۆ ساڵی ٢٠٣٠!

باوترین هۆکاری خەڵەفاویش نەخۆشیی «ئەلزەهایمەر»ـە، کە بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٦ـی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر، ٣٥.٨٪ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ٨٥ ساڵەوەیە، تووشی ئەلزەهایمەر بوون. واتە لە هەر سێ کەسی سەروو ٨٥ ساڵ، یەکێکیان تووشبووی ئەلزەهایمەرە! لە قۆناغەکانی کۆتاییی ئەم نەخۆشییەشدا، نەخۆشەکە ناتوانێت سەربەخۆ و بەبێ یارمەتیی کەسانی تر، تەنانەت کاری ئاساییی ڕۆژانەی خۆی، وەک خواردن، خۆگۆڕین و خۆپاککردنەوەش ئەنجام بدات. هەروەها یادەوەری هێندە خراپ دەبێت، تەنانەت ئازیزترین و نزیکترین کەسەکانیشی ناناسێتەوە! ڕەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە باشترین شێوەکانی بەرجەستەبوونی: ﴿وَمِنكُم مَّن يُرَدُّ إِلَىٰ أَرْذَلِ الْعُمُرِ لِكَيْ لَا يَعْلَمَ بَعْدَ عِلْمٍ شَيْئًا﴾!

ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشیشە، ئەم نەخۆشییە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کەڵەکەبوون و تێکچوونی نائاساییی پڕۆتینەکانی «ئەمایلۆید» و «تاو»ـەوە پەیدا دەبێت؛ کە ئەم پڕۆتینانە نزیکەی ٢٠ ساڵ یان زیاتر پێش دەرکەوتنی نیشانەکان لە نەخۆشەکەدا، دەست دەکەن بەم کەڵەکەبوون و تێکچوونە! واتە لە تەمەنێکدا کە مرۆڤەکە شانازی بە زانین و دەستکەوتەکانی تەمەنییەوە دەکات، بە بێدەنگی و زۆر بە ئەسپایی، چەند پڕۆتینێکی بچووکی بەچاونەبینراو خەریکن گەورەترین شانازی و توانای مرۆڤەکە لەناو دەبەن!

پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە: ئێستا کە مێشکت تەواو تەندروستە، چۆن بەکاری دەهێنیت؟!

پاک و بێگەردی بۆ ئەو خودایەی کە خاوەنی زانست و دەسەڵاتی بێسنوورە، هەروەک لە کۆتاییی ئایەتەکەشدا، وەک ئەوەی پێمان بفەرمووێت کە زانین و دەسەڵاتی ڕەها و بەردەوام هەر بۆ خۆیەتی، دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ قَدِيرٌ﴾.

• موحەممەد جەمال

#ئاستانە_Astana

Gotarên peywendîdar

Hemûyan bibîne