گۆڕەپانی ڕەگەزپەرستی

گۆڕەپانی ڕەگەزپەرستی

چۆن ئەمریکا وەرزشی کردووەتە گۆڕەپانی ڕەگەزپەرستی و سزادانی گەلان؟

گۆڕەپانی ڕەگەزپەرستی

پێنج xulek xwendin ١٠٣ Dîtin ١٤ حوزەیران ٢٠٢٦

چۆن ئەمریکا وەرزشی کردووەتە گۆڕەپانی ڕەگەزپەرستی و سزادانی گەلان؟

ئەگەر ڕۆژانێک تۆپی پێ پەیامێکی سەرەکیی هەبووبێت، کە بریتی بووبێت لە کۆکردنەوەی مرۆڤەکان و بەتاڵکردنەوە و سڕینەوەی جیاوازییەکان (کە من پێم وایە ئەم پەیامەشی نییە)؛ ئەوا لەم مۆندیالەدا، بووەتە ئامرازێکی مەترسیدار بە دەست زلهێزەکانەوە بۆ سەپاندنی هەژموون و بەتاڵکردنەوەی گرێ دەروونی و سیاسییەکانیان.

ئەوەی ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەگوزەرێت، تەنیا کێشەی ڕێکخستن یان کەمتەرخەمیی کارگێڕی نییە؛ بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕەگەزپەرستییە سیستماتیک و دووڕووییە سیاسییەیە کە ڕۆژئاوا، بەتایبەت دەسەڵاتی واشنتۆن، بەرامبەر بە گەلانی دەرەوەی خۆی پەیڕەوی دەکات.

ئەگەر بەراوردێکی خێرا بکەین لەگەڵ مۆندیالی ٢٠٢٢دا، دەبینین ئەوکاتەی قەتەر میوانداریی جامی جیهانیی کرد و بەوپەڕی ڕێزەوە باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش کرد؛ دەزگا میدیاییەکانی ڕۆژئاوا بەردەوام خەریکی ڕەخنەگرتن و هێرشکردن بوون، وە تاکە بیانوویەک کە دەستیان کەوت باسی هێمای هاوڕەگەزبازان بوو. بەڵام ئەمڕۆ کە ئەمریکا سەرەتاییترین پێداویستییەکانی میوانداریکردنی پێ دابین ناکرێت و، سووکایەتی بە میوانەکانی دەکات، هەمان ئەو میدیایانە کوێر و کەڕن و بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

لەودیو پڕوپاگەندە هەڵخەڵەتێنەرەکانی مافی مرۆڤەوە، ئەمریکا بە ڕوونی نیشانی دەدات کە چۆن بە چاوی کەمەوە سەیری میوانەکانی دەکات. پرۆسەی پێشوازیکردن لە یاریزانان و شاندە وەرزشییەکان گۆڕاوە بۆ لێکۆڵینەوەی پۆلیسی و سووکایەتیپێکردن. بۆ نموونە: دەستبەسەرکردنی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق (ئەیمەن حوسێن) بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لە فڕۆکەخانە و لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیدا وەک ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستێکدا بکەن، و دەرکردنی وێنەگری فەرمیی هەڵبژاردەکە و دیپۆرتکردنەوەی؛ تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پەیامێکە کە ئەمریکا ڕێز لە هیچ پێگەیەک ناگرێت ئەگەر لە دەرەوەی بازنەی وڵاتە دڵخوازەکانی بێت.

ئەم ڕەفتارە ڕەگەزپەرستانەیە بەرامبەر بە کیشوەری ئەفریقاش بە هەمان شێوە درێژ بووەوە؛ لە سووکایەتیکردن بە یاریزانانی سێنیگال و ناچارکردنیان بە داکەندنی پێڵاوەکانیان بە شێوازێکی نەشیاو، تا دەگاتە ڕێگریکردن لە پێدانی ڤیزا بە هاندەرانی وڵاتانی وەک کۆتدیڤوار و مەغریب. ئەمریکا بە ئاشکرا پێیان دەڵێت کە نایەوێت ڕەنگ و دەنگی ئەوان لەسەر خاکەکەی ببینێت؛ تەنانەت ئەگەر هەزاران دۆلاریشیان بۆ ئەو خەونە خەرج کردبێت.

ئەمریکا تەنیا بە سووکایەتیکردن بە تاکەکان ناوەستێت، بەڵکوو وەرزشی کردووەتە چەکێک بۆ سزادانی بەکۆمەڵی ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە کێشەی لەگەڵیاندا هەیە و، بە ڕۆژی ڕووناک پڕەنسیپەکانی دادپەروەریی وەرزشی پێشێل دەکات.

گەورەترین ئابڕووچوونی ئەم مۆندیالە، مامەڵەکردنە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێراندا. سەپاندنی ئەو مەرجەی کە یاریزانانی ئێران دەبێت لە مەکسیک بمێننەوە و تەنیا لە ڕۆژی یارییەکەدا بچنە خاکی ئەمریکا و، دەستبەجێ پاش یارییەکە دەربکرێن؛ لوتکەی تێکەڵکردنی سیاسەتە بە وەرزش. ئەمە نایەکسانییەکی کوشندە دروست دەکات، کە تیمێک بە ئارامی لە هۆتێلەکەی پشوو بدات و تیمەکەی تریش بەهۆی سزایەکی سیاسییەوە ماندووی ڕێگا بێت. ئەمە جیا لە کشاندنەوەی پشکی تکتی هاندەرانی ئێران چەند ڕۆژێک پێش مۆندیالەکە؛ سەرەڕای ئەوەی پارەی ئوتێل و تکتی فڕۆکەشیان دابوو!

هاوکات، ڕێگریکردن لە (عومەر ئارتان) کە باشترین ناوبژیوانی ئەفریقایە تەنیا لەبەرئەوەی هەڵگری ڕەگەزنامەی سۆماڵییە و ترەمپ کێشەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە؛ سەلمێنەری ئەوەیە کە لێهاتوویی و بەهرە لەبەردەم فلتەری ڕەگەزپەرستیی کۆشکی سپیدا هیچ بەهایەکیان نییە. ئەوەی سەیر بوو هۆکاری ڕێگەنەدانەکەشی ئەوە بووە کە کۆشکی سپی دەڵێت زانیاریمان دەست کەوتووە و گومان دەکرێت کە ئەو ناوبژیوانە پەیوەندیی لەگەڵ هەندێک کەسایەتیی تیرۆریست هەبێت!

تەنانەت ئامادەکارییە لۆجیستییەکانیش ئاشکرا بوون کە چەندە کارەساتبارن؛ کاتێک کەمپی هەڵبژاردەی سویسرا لە ناوچەیەکە کە ماری ژەهراوی لێیە، دەرکی دەخات کە ئەمریکا نەک هەر خەمی یەکسانی نییە، بەڵکوو ژیانی میوانەکانیشی بۆ گرنگ نییە. ئەوەتا بە ئاشکرا و بە ڕۆژی ڕووناک، ڕووداوی تەقەکردن لە نزیک کەمپی هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا و ئەرجەنتین ڕوو دەدات -بەهۆی ململانێی نێوان باندە ناوخۆییەکانی ئەو شارانەی ئەو دوو هەڵبژاردەیە لێی دەمێننەوە- و لای ئەمریکاش "نە بای دێ نە باران"!

لە کۆتاییدا، بێدەنگیی دامەزراوەیەکی گەورەی وەک "فیفا" بەرامبەر ئەم هەموو پێشێلکارییە، بێباکی و خۆلێبێبەرییکردنی لە بەرپرسیارێتییەکان؛ ئەم دامەزراوەیە بە تەواوی دەکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی واشنتۆن. جیانی ئینفانتینۆ، کە ئێستا وەک کارمەندێکی گوێڕایەڵی ترەمپ دەردەکەوێت، ناتوانێت یەک وشە بەرامبەر بێڕێزییەکانی ئەمریکا یان تاوانەکانی ئیسرائیل بڵێت، لە کاتێکدا هەمان "فیفا" زۆر بە خێرایی ڕووسیای لە هەموو چالاکییە وەرزشییەکان سڕ کرد.

مۆندیالی ٢٠٢٦، بەر لەوەی دەست پێ بکات، پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵە هەڵماڵی کە ئەمریکا دەیەوێت جیهان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و ڕقەکانی خۆیدا قەتیس بکات، وەرزشیش لە پەیامە مرۆڤدۆستانەکەی دابماڵێت و، بیکاتە شانۆیەک بۆ تێرکردنی غرووری سیاسیی خۆی.

ئامادەکردنی: ئیبراهیم حوسێن

Zêdetir ji ئیلحاد

Hemûyan bibîne