ئین عەڕەبی و عیرفان و یەکسانکردنی ئیسلام بە ئاینە گومڕاکان!

ئیبن عەڕەبی کە یەکێکە لە سۆفیە بەناوبانگەکان و بە شەیخی ئەکبەڕ ناسراوە لە شعرێکیدا دەڵێ:
لقد كنت قبل اليوم أنكر صاحبي ٭٭٭ إذا لم يكن ديني إلى دينه داني
لقد صارَ قلـبي قابلاً كلَ صُـورةٍ ٭٭٭ فـمرعىً لغـــــزلانٍ ودَيرٌ لرُهبـَــــانِ
وبيتٌ لأوثــانٍ وكعـــبةُ طـائـــفٍ ٭٭٭ وألـواحُ تـوراةٍ ومصـحفُ قــــــرآن
أديـنُ بدينِ الحــــبِ أنّى توجّـهـتْ ٭٭٭ ركـائـبهُ ، فالحبُّ ديـني وإيـمَاني
واتا: 
پێش ئەمڕۆ نکۆڵیم لە هاوڕێکەم دەکرد ئەگەر ئاینەکەی من لەگەڵ ئاینەکەی ئەو نزیک نەبوا
دڵم ئێستا قبوڵی هەموو وێنەیەک دەکات بە شێوەیەک لەوەڕگای مامزە و دێری پیاوانی ئاینی مەسیحیەتە
خانووی بت و کەعبەی ئەوانەیە لەدەوریدا دەسوڕێنەوە و تابلۆکانی تەوڕات و موسحەفی قورئانە
ملکەچی ئاینی خۆشەویستیم کاورانەکانی بۆ هەر کوێ بڕوات و خۆشەویستی ئاین و باوەڕمە
ئایا ئەم پارچە شعرەی ئیبن عەڕەبی هیچ تەئویلێکی تر هەڵدەگرێ بێجگە لە یەکبوونی ئاینەکان (وحدة الأدیان) و بێبایەخ کردنی ئیسلام و نەهێشتنی هیچ سنورێک لەنیوان ئاینی حەقی خودایی و ئاینە باتڵەکان؟؟! ئەمە تەصوف و عیرفانە کە ئەمڕۆ زیندوو دەکرێتەوە و رەواجی پێدەدرێ؟! عیرفان ئەوەیە کە دڵی عاریف ببێتە لەوەڕگای ئافرەتان؟! ببێتە دێری مەسیحیەت و ماڵی بت و تابلۆکانی تەوڕاتی یەهودیەتی شێوێنراو؟!
ئا ئەمەیە کە ئەمڕۆ بەناو قورئانیەکان و بەناو رۆشنگەر و عەقڵانیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و ئیسلامێکی وا نیشاندەدەن کە هەموو خەڵکی سەر زەوی موسڵمانە و لەسەر حەقە و بەهەشتیە! گرنگ ئەوەیە مرۆڤ کاری چاکە بکات و ستەم نەکات جا باوەڕی هەبێ یان نا!
ئەوەی جێگای لەسەر وەستانە بەشێک لە مامۆستایان و زانایان و ئەوانەی دژی بیروڕاو بۆچوونی بەناو قورئانیەکانن تەبەننی ئەفکارەکانی ئیبن عەڕەبی دەکەن و بەرگری لێدەکەن و تەئویلی ئەو جۆرە شعرە دەکەن! کە لە هەمان کاتدا هەر ئەوانن دژی تەئویلە نابەجێکان و بەلاڕێدابردنی بەناو قورئانیەکانن بۆ ماناکانی قورئان! 
بۆ زیاتریش شارەزابوون لە لادانەکانی ئیبن عەڕەبی و قسەی زانایانی گشت مەزهەبەکان لەسەری کتێبی (عقيدة ابن العربي وحياته) لە نوسینی ئیمام تقي الدین الفاسي کە لە ساڵی 832ی کۆچی وەفاتی کردووە، سەرچاوەیەکی باشە و رای زۆرێک لە زانایانی گواستۆتەوە لەسەر بە کافرکردن و بەگومڕازانینی ئیبن عەڕەبی لەوانە بەشێک لە زانایانی مەزهەبی شافیعی وەک عز کوڕی عبدالسلام و سوبکی و بولقینی و زۆرانی تر..

9/29/2020 11:40:54 PM

بەشەکانی کورتە وتار

12