کۆیلایەتیی نوێ – ئایفۆنە تازەکە بە نموونە
لە سەردەمی نوێ و لە سێبەری سەرمایەداری و ئارەزووی تێرنەبووماندا بۆ بەکاربردن و کڕینی بەردەوام؛ هەموو ساڵێک مۆبایلێکی نوێ، هەر وەرزە و مۆدێلێکی تازە، گۆڕین و کڕینی بەردەوام پێش بەسەرچوون... بێ ئاگا لەوەی لە پشت ئەم شتانەوە چی دەگوزەرێت.
ڕاپۆرتێکی نوێ کە ڕۆژنامەی (Financial Times) بڵاوی کردووەتەوە، باسی دۆخە ناهەموارەکەی پشت دروستکردنی ئایفۆنە تازەکە دەکات؛ لە کارگەی «فۆکسکۆن» لە شاری چنگچۆ لە چین، کە بە «شاری ئایفۆن» ناسراوە و نیوەی ئایفۆنەکانی جیهانی تێدا دروست دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نیوەی کرێکارەکان کاتین و، بەبێ هیچ بیمەیەکی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کار دەکەن. ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کار دەکەن، بە کرێیەکی زۆر کەم و، غەرامە و سزای گەورەش بۆ بچووکترین هەڵە و کەموکوڕی دادەنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای «ئەپڵ» لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی داوە، بەڵام تا ئێستاش ئەم دۆخە بەردەوامە و، نیوەی بەرهەمەکانی بەم جۆرە دەخاتە بازاڕەوە.
ئەمە ئەو تراژیدیا و دۆخە تاریکە دەردەخات کە لە پشتی ئەو مارکە و هێما بازرگانییانەوەیە کە ئالوودەیان بووین؛ کە هەریەکەیان دۆخێکی ناهەمواری لەپشتەوەیەتی، لە ئەفریقا، چین، هیندستان و ئەمریکای لاتینەوە.
لەوەیە بڵێیت: «تاوانی من چییە؟»، بەڵام حەز و هەڵپە و پەلاماری من و تۆ، بزوێنەری سەرەکیی ئەم ستەم و تراژیدیایانەیە. لەوەیە پێویست بکات لەمەودوا کەمێک زیاتر بیر لەوە بکەیتەوە کە دەتەوێت بیکڕیت.
ئارامی مەلا نووری
#ئاستانە_Astana




