کارکردن
جیهانی ئەمرۆ جیهانێکە لەنێو سەرمایەداریدا نوقم بووە، سەرمایەداری بە هەموو کون و کەلەبەرەکانی ژیاندا ڕۆچووە، زۆرینەی هەرە زۆرمان وامان لێهاتووە کە تەنها خەیاڵمان لەلای کۆکردنەوەی زۆرترین سەرەوەت و سامانە، ڕێگاکانی کۆکردنەوەش زۆر گرنگ نین لەلامان، لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی خێرا و سەرپێیی لایەک لەم بابەتە بکەینەوە.
سەرەتا دەبێت بزانین کە هەموو ئەو خاوەنکارانەی لە کوردوستاندا هەن، جا خاوەنکاری پرۆژەی بچوک بن یان گەورە، مەرج نییە هەموویان ئاگاداری تیۆرە زانستییەکان بن لە بابەتی بەڕێوەبردنی کارگە و پرۆژەکانیان، بەڵام بەگشتی تێڕوانینە سەرمایەدارییەکان تێکەڵ بەژیانی زۆرینەمان بووە، با ئاگاداری تێڕوانینەکانی فریدریک تایلۆر یان هێنری فۆرد، یان هێنری فایۆل نەبین، بەڵام هێندە کاری لەسەر کراوە بە تەواوی دونیادا بڵاوبۆتەوە.
درەختی لەبیرکردن!
یەکێک لەو میکانیزمانەی بازرگانانی کۆیلە بەکارییانهێناوە درەختی لەبیرکردن بووە، ئەو کەسانەی دەکرانە کۆیلە و لە وڵاتەکانی خۆیان دووردەخرانەوە و، بەرەو ئەمەریکا ڕاپێچ دەکران، بازرگانەکان هەوڵیان دەدا یادگەی ئەم کۆیلانە بسڕنەوە، یەکێکیش لە میکانیزمەکان ئەوە بوو: کۆیلە پیاوەکان نۆ جار و، کۆیلە ئافرەتەکان حەوت جار بەدەوری دارێکدا دەسوڕێنرانەوە بەناوی داری لەبیرکردن.*
ئەمەش لەبەر ئەوە بوو یادگەیان بسڕێتەوە، ئەوەی کە ئایە تا چەند ئەم میکانیزمە کاریگەری هەبووە یان نا ئەوە بابەتێکی ترە، ئەوەشی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا بابەتێکی ترە، خودی لینهارتیش ئەم نموونەیە بۆ بابەتی (HR) و خولەکانی بەرەوەپێشبردنی کرێکار و کارمەندەکان دەهێنێتەوە.
لەم جیهانە سەرمایەدارییەدا، داوا دەکرێت مرۆڤەکان وەک ڕۆبۆتێک وابن، لەسەر بنەما تایلۆرییەکان بە کەمترین جوڵە بتوانن زۆرترین کار ئەنجامبدەن، کرێکارێک دەبێت بە جۆرێک ڕاهێنانی پێبکرێت بە کەمترین جوڵە زۆرترین کار ئەنجامبدات، هەتا زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، بەم جۆرەش خاوەنکار زۆرترین قازانجی دەست دەکەوێت.
ئەم چاوبڕینە سەرمایەیە لەهەمانکاتیشدا بە ڕۆبۆت تەماشاکردنی مرۆڤ، وا دەکات داواکارییەکی زۆر بسەپێنن بەسەر کارمەند و کرێکارەکاندا، ئەمەش زۆرینەی کات لەبەرانبەر موچەیەکی کەمدایە، بە جۆرێک بەشی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خێزانێک ناکات.
کەرتی تایبەت، مۆڵەکان، بازاڕ و مارکێتەکان... بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش هەمان مامەڵە لەگەڵ کارمەند و کرێکارەکانیان دەکەن، ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەمان تووشی دۆڕان بووین لە بەرانبەر ئەو بەها سەرمایەدارییەدا، بیروباوەڕ و، قەناعەتەکانیشمان نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییە لەسەرمان نەهێڵن، چونکە ئێمە دێین پاساو بەو کارانەمان دەدەین کە دەیکەین، واقیع و پێداوسیتی سەردەم، یان بەڕێوەبردنی زانستی و ئەکادیمیی دامەزراوە و، کۆمپانیاکان، قوتابخانە و سەنتەرەکان، مۆڵ و مارکێتەکان... دەکەینە پاساو بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لەسەر ئەو مامەڵە سەرمایەدارییە و، تووشی کێشەی شوناس و ناوەکی نەبین.
سەرنج بدەین دەبینین کەسێکی پەیوەست بە ئایینەوە کە لەسەری پێویستە جیاواز مامەڵە بکات و وەک سەرمایەدارێک نەجوڵێتەوە، بەڵام دەبینین کرێکار و کارمەندەکانی زۆر دەچەوسێنێتەوە، کارێکی زۆریان پێدەکات بەرانبەر موچەیەکی کەم، یاخود لە مارکێتێکدا کرێکارێک ئیش پێدەکەن بە پارەیەکی زۆر کەم، کەچی لەو لاوە دەبینین شۆستەی بەردەم دوکانەکانیشیان دەدەن بە کرێ!
پێویست ناکات نموونەی زۆر بخەمەڕوو، چونکە بابەتەکە زۆر بەرچاوە و دیارە لە هەموومانەوە، ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە، نابێت کەسێکی پابەند بە ئایین، یان کەسێک وەک ڕەخنەگری سەرمایەداری خۆی پیشان بدات، کەچی لەو لاوە بێت و لەسەرمایەدارەکان سەرمایەدارتر بێت، لەوان توندتر بێت، وەک کەرەستە و هۆکارێکی بەرهەمهێنان سەیری کرێکار و کارمەندەکەی بکات.
وەک نموونەکەی سەرەوە، دەیانەوێت بە جۆرێک لەگەڵ کرێکار و کارمەندەکان مامەڵە بکەن کە هیچ یادگەیەکیان نەبێت جگە لە کارەکەیان، نایانەوێت هیچ شتێک لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ کارەکەی، کێشەت هەیە؟ بێزاریت؟ منداڵت نەخۆشە؟ خۆت بێتاقەتیت؟ زۆر چاکە، بێزەحمەت کە هاتیت لەبەردەم دەرگا هەموو ئەمانە دانێ ئەوسا وەرە ژوورەوە، خۆت داڕنە، بەتەواوی خۆت ڕووتبکەرەوە لە هەستەکان، لە شوناس وپێناسەکانت، لێرەدا تۆ تەنها کرێکارێکیت، ئەوە دەکەیت کە پێتدەڵێن، تۆ فەرمان جێبەجێدەکەیت.
بەم جۆرە جەستەیەکی پتەو و مێشکێکی تیژیان دەوێت بۆ کارکردن، دواتر کەیفی خۆتە، بەڵام لەکاتی کاردا تۆ خۆت نیت، دەبێت هەتا ئەوپەڕی زەردەخەنە زەردەخەنە بکەیت بەرانبەر بە موشتەری، دەبێت دڵیان ڕاگریت، دەبێت هەتا ئەتوانیت بەهرەی نمایشکاری لەخۆتدا زیاتر پەرە پێبدەیت، ئەگەرنا ناتوانیت کار بکەیت و بێبەش دەبیت لەکار کردن.
لێرەدا کارمەند، کرێکار، تەنها یەکێکن لە هۆکارەکانی بەرهەمهێنان، بۆیە کاتێک کرێکارێک لەسەر کارەکەی دەمرێت، دەکەوێتە خوارەوە، دەکەوێتە نێو نەوتەوە، دەسوتێت، یان ئەندامێکی جەستەی لەدەست دەدات، زۆر بە ئاسانی بەسەریدا تێدەپەڕن و، کێشەیەکی وجودی قوڵ لەلای خاونکار دروستناکات، بەڵکو ڕەنگە هێندەی شکانی یەکێک لە ئامێرەکانی خەم و خەفەت لە مردنی کرێکارەکەی نەخوات، بۆیە لەو ڕووداوانەدا تەواوی هەوڵدەدرێت هەتا بڵاونەبێتەوە و کەمترین کەس بیبیستێت، ئەگەر بشبیسترێت لە ڕاگەیاندنەوە هەواڵێکی ساردوسڕی لەسەر بڵاودەکرێتەوە، دوای ڕۆژێک کەس بیری نامێنێت.
ئەگەر خاوەنی ئەو کارەش هەندێک قەرەبوو بدات بە کەس و کارەکەی، ئەوا وەک پیاوەتیی ونەجابەت دەیکاتەوە بە سەرمایەگوزاری بۆ خۆی.
بۆیە بەڕاستی کار لەم سەردەمەی وڵاتی ئێمەدا لە هەر لایەکەوە سەیری دەکەیت کۆمیدیایە، کۆمیدیاکی پڕ ئازار و پڕ غەم، کۆمیدیایەک ئەگەر ساتێک لێی وردبینەوە ناتوانین فرمێسکەکانمان ڕاگرین و، نەگریین، بەڵام هێندە پانیانکردوینەتەوە هەست بەو قورساییە زۆرەی سەرشانمان ناکەین، هەستناکەین کە وا خەریکە هەموو جومگەکانی جەستەمان لەیەک ببنەوە و وردوخاش ببن، هەست ناکەین هەموومان لە ناوەوە وێران بووین، هێندە بێبەزەیی بووین لەگەڵ خۆمان، کاتێک خۆمان دەچینە سەرەوە و بەرپرسیارێتییەک وەردەگرین ئەوانەی ژێردەستمان بەتەواوی وێران دەکەین.
کار پێویستە، چالاکییەکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام ئەو شێوازە کارکردنەی ئێستا هەیە داماڵراوە لە هەموو لایەنە مرۆییەکانی، مرۆڤێکیان دەوێت کە خاوەنی هیچ پێوەر و پێناسێکی جێگیر نەبێت، وەک قوڕەسناعی وابێت، هەرچیان ویست لێی دروستبکەن، مرۆڤێک تەنها وەک ئامڕازێک تەماشا دەکرێت، داماڵراوە لە هەموو لەیەنە ناماددییەکانی، ئەم مرۆڤەش کە تەنها ماددەیە، وەک ماددە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، تا ئەو کاتە گرنگیت کە سودت هەیە، ئەو سودەی ئەو ئەیەوێت بە دەستت نەهێنا ئەوە فڕێ دەدرێیت وەک هەر ماددەیەکی تر کە فڕێ دەدرێت.
هەسارەی یابان
دەڵێن کۆمەڵگای عێراقی کۆمەڵگایەکی تەمەڵە، ژمارەیەکی زۆر کارمەند هەن بەڵام لە بەڕێکردنی کارەکان زۆر سست و خاون، بەشێکیان هەر زیادەن، ئەمە ڕاستە، لە کۆمەڵگای عێراقی و کوردیدا، دامەزراوە حکومییەکان کارمەندیان زۆرە، هەندێک جار کەڵەکەبوونێکی نائاسایی کارمەند دەبینین لە ژوورێکدا کە تەنها دوان یان سیان لەو کارمەندانە کار دەکەن، قسەی ئێمە لەسەر ئەم بابەتە نییە، ئەوە پێویستی بە چارەسەری ورد هەیە.
قسەی ئێمە باسی ئیشکردنی مرۆڤە وەک ڕۆبۆت، تەکاندنییەتی لە هەموو ڕووەکانەوە، مرۆڤ وەک ئاماڕازێک دەبینێت کە هەتا وزەی هەبێت ئەبێ بجوڵێت، کار بکات.
جا لەم نێوەندەدا زۆر کات یابان بە نموونە دەهێنرێتەوە، یابان دەکرێتە وێنەیەکی نموونەیی کە ئەبێت هەموان چاوی لێبکەن، ڕاستە یابان لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودایە، بەڵام ئایە ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە بیکەینە نموونە و وەک ئەوان کاربکەین؟
بێگومان سەرەتا ئەبێت ئەوە بزانین کە چەمکی پێشکەوتن لەلای ئێمە تەنها پێشکەوتنی ماددی نییە، ئەو پێشکەوتنە ماددیی و تەکنەلۆژییە نییە کە زۆر کەس پێشکەوتن تەنها لەو بوارەدا کورت دەکاتەوە، لایەنە مرۆیی و ڕۆحییەکان پشتگوێ دەخات. نابێت ڕوانینمان وابێت کە تەنها لە ڕووی ماددییەوە پێشکەوین ئیتر لەلایەنەکانی تر با دواکەوین، ئەو جیاکردنەوەیە زۆر گرنگە، وەک علی عیزەت بیگۆڤیچ جیای دەکاتەوە، ژیار لایەنە ڕۆحیی و مرۆیی و کلتورییەکان دەگرێتەوە، ئەمەش ئەسڵ و بنەڕەتەکەیە کە کۆمەڵگا تێیدا باش بێت، شارستانیەت لایەنە ماددییەکەیە کە ئەگەر ژیارەکەی لەگەڵ نەبێت مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر دەبات.
بۆیە ئەو کارە زۆرەی تاکەکان لە یابان یان جیهانی سەرمایەداریدا ئەنجامی دەدەن، بۆتە هۆی ئەوەی ڕێژەی خەمۆکی لەنێویاندا زۆر بەرز بێتەوە، خۆکوژی زیاد بکات، جگە لەوەی گرفتێکی تر دروستبووە پێیدەڵێن (سووتانی دەروونی)
دەکرێت لە وتارێکی سەربەخۆدا باسی سووتانی دەروونی بکەین، بەڵام لێرەدا پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە، بۆیە کەمێک ڕوونی دەکەینەوە، چەمکی سووتانی دەروونی (Burnout) بۆ یەکەم جار دەروونناسی ئەمەریکی هێربەرت فریدێنبێرگ، لە ساڵی ١٩٧٤ بەکاریهێنا.** فریدێنبێرگەر دەڵێت:" سووتانی دەروونی لە ئەنجامی ئەو پاڵەپەستۆ و داواکرییە زۆر و بەردەوامەی دەخرێتە سەر شانی تاک درووستدەبێت، ئەم داواکرییانە لەسەروو توانای تاکەکەوەن، بەتایبەت لەلای ئەوانەی لە بوارە مرۆییەکاندا کار دەکەن، ئەوان وزەیەکی زۆر خەرج دەکەن لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجگەلێکی قورسدا، ئەمەش وادەکات چەندین نیشانەی نەرێنیی دەروونی و جەستەیی تییدا دەربکەون."
فریدێنبێرگەر وایدەبینێت کە سووتانی دەروونی دەرئەنجامی ئەو ئامانجە قورسانەیە کە داوادەکرێت لە تاک، لە کاتێکدا توانا و ئیمکانیاتەکانی تاک دیاریکراون، چەندین هەوڵ دەدات بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە، ئەوەش وادەکات وزەیەکی زۆر خەرجبکات، ئەمەش وا دەکات لە لایەکەوە کەسەکە هەست بە هیلاکی بکات و نیشانەکانی تەنگەژەیی تێیدا دەربکەوێت، لەلایەکی تریشەوە ئامانجەکەش بەدیناهێنێت، بەڵکو تواناکانی ئەو کەسە بە ڕێژەیەکی زۆر دادەبەزێت.***
دەبینین ئەو هەموو ئەرکەی دەخرێتە سەر کارمەند و کرێکارەکان، وادەکات لە ڕووی دەروونیی و جەستەییەوە بەتەواوی دابڕمێت، هەست بە بێزاریی و توڕەیی بکات، لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا تووشی کێشەی گەورە ببێت، جگە لەوەی لە کارەکەیدا تەواو هەست بە بێزاریی و ناڕەحەتی دەکات، ڕەنگە کارەکەشی لەدەست بدات، هەر ئەمەشە وا دەکات کە ڕێژەی خۆکوشتن لەو وڵاتانەی زۆر پیشەسازین و، ماددییانە تەماشای مرۆڤ دەکەن زۆر بەرز بێت، یابانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە وەک ڕۆبۆت تەماشای مرۆڤ دەکات، مرۆڤێکی وەزیفی، بەو واتایەی وەک ئامێرێک هەر ئەرکێکی پێدرا بەباشی ئەنجامی بدات با لەسەر لەدەستدانی ناسنامە و لایەنە نامادییەکانی خۆیشی بێت وەک مرۆڤ، لێرەدا مرۆڤ نزم دەبێتەوە بۆ چوارچیوەی سرووشت و، وەک شتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، وەک ئەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت کە دروستکراوێکی ناوازەی خودایە و، خودا بە سیفەتە ناماددییەکانی بەرزیکردۆتەوە.
کۆتایی
سەرمایەداریی و سیستەمی ماددی، تێکەڵی ڕۆح و جومگەکانی کۆمەڵگە بووە، وایکردوە کە زۆر کات بەجۆرێک مامەڵە دەکەین تەواو هاوتایە لەگەڵ دیدە سەرمایەدارییەکە بۆ مرۆڤ، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی مرۆڤ و، مامەڵەکردن لەگەڵی بەشێوەیەک تەنها هۆکارێکی بەرهەمهێنانە، بەدڵی خۆت کاری پێبکە، بیڕەتێنە، گرنگ ئەوەیە بە کەمترین تێچوو زۆرترین قازانجمان دەستبکەوێت.
بەهێزی ئەم دیدە و قورسبوونی باری گوزەرانی ژیان وایکردوە ئەوانەشمان کە قوربانین هەست بەم دۆخە نەکەین، بەردەوام هەوڵبدەین کاری زیاتر بکەین هەتا داهاتی زیاترمان دەستبکەوێت، خۆمان ون دەکەین، ئامانجی بوونمان و، دروستکردنمان لەلایەن خوداوە لەبیر دەکەین، دەبینە مرۆڤێکی ماددیی و تەنها ماددە دەخوێنینەوە، هەم خۆمان بە ماددە دەپێوین، هەم بەرانبەرەکانمان، جگە لەوەش هەموو لایەنە ناماددیەکانی خۆمان پشتگوێ دەخەین و، دەیانپوکێنینەوە، لێرەشەوە ستەمێکی گەورە لە خۆمان دەکەین و، مرۆڤایەتیمان لە جیهانێکی سنوورداردا قەتیز دەکەین، ئامانجی گەورەشمان لە قیامەتەوە نزم دەبێتەوە بۆ دەستکەوتێکی کەمی دونیایی کە ڕەنگە هەر پێشی نەگەین.
* کومیدیا العمل الانسانیة، دانیال لینهارت، ترجمة. هالة صلاح الدین لولو، المنظمة العربیة للترجمة،لبنان، ٢٠٢٠، ص٢٨.
** الاحتراق النفسی واستراتیجیات مواجهة، طوبان بلال، بحری صابر، المرکز الدیمقراطی العربی، المانیا – برلین، ٢٠٢٤، ص ١١.
*** هەمان سەرچاوە، ص ١٣.




