جیلی شوشەیی!
ئێمە بەهێزترین و لە هەمان کاتدا لاوازترین نەوەی مێژووین. لە ڕووی دەرەکییەوە دەسەڵاتێکمان هەیە کە پاشاکانی کۆن خەونیشیان پێوە نەبینیوە؛ قەڵای سروشتمان ڕووخاندووە، زەریاکانمان بڕیوە و، زانستمان کردووەتە گۆچانی دەستمان.
بەڵام لەناو ئەم هەموو دەسەڵاتەدا، لە قووڵایی ناخماندا، درزێکی کوشندە هەیە. چرپەی ڕەخنەیەک وەک چەکوشێک وایە کە شوشەی بوونمان دەشکێنێت، شکستێکی بچووک وەک بوومەلەرزە بناغەی هەبوونمان دەهەژێنێت و، سادەترین ڕەتکردنەوە دەتوانێت هەستکردن بە بەهای خۆمان بە تەواوی لەناو ببات. ئێمە «نەوەی شووشەین» لە دەرەوە ڕوون و بریقەدار، بەڵام لە ناخەوە فشەڵ و ئامادە بۆ شکان.
ئەم فشەڵییە لە خۆیەوە نەهاتووە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو ژینگە پارێزراوەیە کە تێیدا گەورە بووین؛ جیهانێک کە تێیدا ئازار وەک نەخۆشییەک سەیر دەکرێت کە دەبێت دەستبەجێ چارەسەر بکرێت، نەک وەک بەشێکی سروشتی و پێویست بۆ گەشەکردن. فێرکراوین کە شایستەی ژیانێکی هەمیشە ئاسوودە و بێ کێشەین. بۆیە کاتێک شەپۆلە ڕاستەقینەکانی ژیان بەر کەناری بوونمان دەکەون، لەبری ئەوەی بەهێزتر بین، دەڕووخێین.
پرسیارە گەورەکە لێرەدایە: چۆن لە لووتکەی ئاسانکاری و خۆشگوزەرانیدا، تووشی قووڵترین هەژاریی ڕۆحی بووین!؟ بۆچی کاتێک جیهان ئاسانتر بووەوە، ژیان لەسەر دڵمان قورستر بوو؟ بۆچی ڕۆحی مرۆڤی هاوچەرخ هێندە شکنۆک و فشەڵە؟ بۆچی لە بەرانبەر بچووکترین بای ڕەخنەدا دەشکێین و لە بەردەم سادەترین ئاستەنگدا هەست بە داڕمان دەکەین؟ وا دیارە ئێمە بووینەتە نەوەیەک کە لە شووشە دروستکراوە؛ لە دەرەوە بریقەدار و جوان، بەڵام لە ناوەوە بە ئاسانی وردوخاش دەبێت.
کێشەکە لە خودی ژیاندا نییە، چونکە ژیان هەمیشە تێکەڵەیەک بووە لە خۆشی و ناخۆشی، لە سەرکەوتن و شکست. کێشەکە لەو چیرۆکەدایە کە ئێمە بۆ خۆمانی دەگێڕینەوە. فێرکراوین کە ژیان دەبێت هەمیشە بێگەرد و ئاسوودە بێت. ئازار وەک هەڵەیەکی سیستەمەکە سەیر دەکەین نەک وەک بەشێکی دانەبڕاوی گەشەکردن. هەر بۆیە، کاتێک ڕووبەڕووی کەمترین ناڕەحەتی دەبینەوە، وا هەست دەکەین ستەمێکی گەورەمان لێکراوە.
ئێمە لە باوەشی پارێزراوی زیاد لە پێویستدا گەورە بووین، وەک ئەو گوڵەی کە لە ماڵێکی شووشەییدا پەروەردە دەکرێت، هەرگیز تامی سەرما و گەرمای ڕاستەقینەی نەکردووە. بۆیە کاتێک دەخرێینە ناو باخچەی ژیانی ڕاستەقینەوە، یەکەم کزەبا دەتوانێت لە ڕەگەوە هەڵمانبکەنێت.
لە لایەکی دیکەوە، شانۆی دیجیتاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم فشەڵییەی قووڵتر کردووەتەوە. ئێمە بەردەوام سەیری ژیانی «نموونەیی» و ئیدیتکراوی ئەوانی تر دەکەین؛ ژیانێک کە تێیدا هەمووان دڵخۆشن، سەرکەوتوو و جوانن. بەهای خۆمان بە ژمارەی «لایک» و «فۆڵۆوەر» دەپێوین و لەناو بۆشاییەکی ترسناکدا بەدوای پەسەندکردنی ئەوانی تردا وێڵین.
بەڵام گەورەترین هۆکاری ئەم داڕمانە، ونبوونی «مانا»یە. کاتێک ئامانجی سەرەکی ژیان دەبێتە بەدەستهێنانی چێژی کاتی و خۆبەدوورگرتن لە ئازار، ژیان بەها گەورەکەی لەدەست دەدات. مرۆڤ کاتێک ئامانجێکی لە خۆی گەورەتری نەبێت تا لەپێناویدا بژی و قوربانی بدات وەک کەشتییەکی بێ چارۆگە وایە لەناو زەریایەکی بێسنووردا؛ بچووکترین شەپۆل دەتوانێت نوقمی بکات.
چارەسەریش لە گەڕانەوەدایە بۆ ڕاستییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤبوون. دەبێت تێبگەین کە ئازار دوژمن نییە، بەڵکوو مامۆستایە. ماسوولکەی دەروونی، هەروەک ماسوولکەی جەستە، تەنها بە ڕووبەڕووبوونەوەی قورسایی بەهێز دەبێت. ڕاکردن لە ناخۆشی تەنها لاوازترمان دەکات. دەبێت واز لە ڕۆڵی «قوربانی» بهێنین و ببینە پاڵەوانی چیرۆکی ژیانی خۆمان. لەبری ئەوەی گلەیی لە جیهان و بارودۆخ بکەین، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە هێزی گۆڕانکاری لەناو دەستی خۆماندایە.
کاتێک «بەرپرسیارییەتی» هەڵدەگرین، هێز و شکۆ بۆ خۆمان دەگەڕێنینەوە. گرنگترین هەنگاو دۆزینەوەی «مانا»یە. کاتێک مرۆڤ «بۆچی»ـیەکی هەبێت تا لەپێناویدا بژی، بەنزیکەیی دەتوانێت بەرگەی هەموو «چۆنێک» بگرێت. ئێمە لە شووشە دروست نەکراوین، بەڵکوو لەو پۆڵایەی کە تەنها لەناو کوورەی ناخۆشیدا پتەو دەبێت.
گوشراوەیەک لە پەرتووکی: (الهشاشة النفسية)
سناء محی الدین
#ئاستانە_Astana




