نیعمەتە شاراوەکان: ئەوانەی هەستیان پێ ناکەین تا لەدەستمان نەچن
ژیانی بەنی ئادەم پڕە لە بەخششی پەروەردگار، بەڵام سروشتی مرۆڤ وایە کە زۆرجار تەنیا سەیری ئەو شتانە دەکات کە خاوەنی نییە یان لەدەستی داون. ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر "نیعمەتە بێدەنگەکان"؛ ئەو نیعمەتانەی کە وەک هەناسەدان و ترپەکانی دڵمان، بوونەتە بەشێکی ئاساییی ژیانمان و هەستیان پێ ناکەین.
نیعمەتی لەبیرچوونەوە
زۆرجار گلەیی لەوە دەکەین کە شتەکانمان لەبیر دەچێتەوە، بەڵام لە حەقیقەتدا بیرچوونەوە ڕەحمەتێکی گەورەی خوای خاوەنڕەحمە. ئایا دەتوانیت وێنای ئەوە بکەیت، ئەگەر هەموو ئازارێکی جەستەیی و دەروونی، هەموو خەمێکی لەدەستدانی ئازیزان، وەک ساتە سەرەتاییەکان بە توندی و بۆ ھەمیشە لە دڵ و مێشکتدا بمانایەتەوە، چی ڕووی دەدا؟ چۆن ژیانت بەردەوام دەبوو؟
بەبێ نیعمەتی لەبیرچوونەوە، مرۆڤ ھەرگیز نەیدەتوانی لە دوای کارەساتەکان هەستێتەوە، جارێکی تر پێبکەنێت و ژیان دەست پێ بکاتەوە. ئەمە ئەو تیمارەیە کە خودا دەیخاتە سەر برینەکانمان بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.
نیعمەتی ئاسایش و دڵنیایی
پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: «هەر کەسێک لە ئێوە بەیانی کردەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیدا ئاسوودە بوو، لەشی تەندروست بوو، قوت و بژێویی ئەو ڕۆژەشی هەبوو، وەک ئەوە وایە هەموو دنیای پێ بەخشرابێت.» (صحيح الترمذي: ٢٣٤٦).
ئێمە زۆرجار بێئاگاین لە نیعمەتی ئەوەی کە بێ ماڵ و حاڵ نین، خانوویەک ھەیە و تێیدا نیشتەجێین. ھەر ئەوەی کە دەتوانین بەبێ ترس لە ماڵەکانماندا بنووین، گوێمان لە دەنگی تەقینەوە نییە، ترسی ئەوەمان نییە کەسێک هەڵکوتێتە سەرمان. ساتێک بەئارامی بیر بکەرەوە و لەو جیھانە خەیاڵییە وەرە دەرەوە کە "مۆدێل و ڤڵۆگەرەکان" لە ھزرتدا دروستیان کردووە؛ بڕوا بکە ئەو ئارامییەی کە وا دەکات بەهێمنی نانێک بخۆیت و چایەک بنۆشیت، یەکێکە لە گەورەترین نیعمەتەکان کە خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا لێی بێبەشن.
نیعمەتی کارکردنی ئەندامەکانی لەش بەبێ فەرمان و ئاگایی ئێمە
تەنیا بیر لە دڵت بکەرەوە؛ ئایا تۆ فەرمانی پێ دەدەیت لێ بدات؟ گورچیلەکانت چی؟ ئایا ئاگاداری چۆنیەتیی پاککردنەوەی خوێنتت لەلایەن گورچیلەکانتەوە؟ ئایا هەناسەدانت پێویستی بە بیرکردنەوەی تۆ هەیە؟
ئەی ئەگەر ئەم کردارانە بە دەست ئێمە بوونایە، دەزانی دەبوایە بەردەوام بەخەبەر بووینایە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان. خودا ئەم ئەرکانەی لە کۆڵ ئێمە کردووەتەوە تا بتوانین بە ئاسوودەیی بژین. هەموو شەوێک کە دەخەویت، سیستەمی بەرگریی لەشت، دڵ، سییەکانت و مێشکت پاسەوانیت دەکەن بەبێ ئەوەی هەستیان پێ بکەیت. ئەمە جیا لە نیعمەتی لەشساغیش!
نیعمەتی داپۆشینی عەیبەکان
چەندان هەڵە و پەڵە، گوناه و کەم و کوڕتیمان هەیە کە تەنیا خودا دەیزانێت. ئەگەر خودا پەردەی لەسەر عەیبەکانمان هەڵبماڵیایە، ڕەنگە نزیکترین کەسەکانمان لێمان دوور بکەوتنایەتەوە و بێزیان لێمان بکردایەتەوە. پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) باسی قیامەتمان بۆ دەکات کە خودای گەورە و باڵادەست، باوەڕدار لە خۆی نزیک دەکاتەوە و پێی دەفەرمووێت: «بیرتە ئەم گوناهەت ئەنجام دا؟» ئەویش دەڵێت: «بەڵێ پەروەردگارم». خوداش پێی دەفەرمووێت: «لە دونیادا ستری تۆم کرد، دەی ئەوە ئەمڕۆش لێت خۆش بووم!» (صحيح البخاري: ٢٤٤١، ٤٦٨٥، ٦٠٧٠، ٧٥١٤. صحيح مسلم: ٢٧٦٨. سنن ابن ماجه: ١٨٣. مسند احمد: ٥٤٣٦، ٥٨٢٥).
ئەمە نیعمەتێکی گەورەیە کە خودا ڕێگەی داوە لە دونیادا بە ڕوویەکی جوانەوە لەناو خەڵکدا دەرکەوین، سەرەڕای هەموو کەم و کوڕتییەکانمان، ئومێدەوارین و تکای لێ دەکەین لە قیامەتیشدا بە ڕەحمی خۆی لێمان خۆش ببێت.
نیعمەتی لابردنی بەڵا
زۆرجار دڵتەنگ دەبین کە کار و پلانێکمان سەر ناگرێت، یان دوا دەکەوین بۆ شوێنێک، یان تووشی کێشەیەک دەبین. ئێمە نازانین کە ڕەنگە ئەو دواکەوتنە، ئێمەی لە ڕووداوێکی هاتووچۆی کوشندە پاراستبێت، یان ئەو کارەی بۆمان نەکرا، خێرێکی گەورەی تێدا بووبێت. ھەروەک خوای زانا و دانا دەفەرمووێت: ﴿وَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ ۖ وَعَسَىٰ أَن تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ﴾ [البقرة: ٢١٦] «ڕەنگە ئێوە شتێکتان پێ ناخۆش بێت، بەڵام خێر و چاکەی تێدا بێت بۆتان؛ وە ڕەنگە شتێکتان پێ خۆش بێت، کەچی شەڕ و خراپەی تێدا بێت بۆتان.» (سەرنج: ئەو ئایەتە لە باسی جیھاددا ھاتووە، بەڵام وەک ئیبن کەسیر لە تەفسیرەکەیدا دەفەرمووێت، ئەمە ھەموو شت و کارێک دەگرێتەوە).
لەم سەردەمەدا کە دراما و فیلمە سینەماییەکان، نمایشکارانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵگێڕە ڤڵۆگەرەکان -ئەوانەی شایستە بە خەڵاتی ئۆسکارن- دنیایەکی پەمەیی و پڕ لە خۆشەویستیی دوور لە واقیعیان لە ھزری گەنجەکانماندا دروست کردووە؛ چەندان کوڕ و کچی سەرلێشێواو، بە هیوا و ئاواتی ھەبوونی خۆشەویستێکن! بێئاگا لەو چەندان چیرۆکانەی کە گەنجێکی دڵخۆش و سەرکەوتوو، پڕبەرحەم و دەستکەوت بووە تا ئەو ساتەی شەیدا و دێوانەی کەسێک بووە، یان بە دەربڕینە باقوبریقەدارەکەی خۆیان کەوتووەتە داوی عیشقەوە! پاشان ھەموو ژیان و بیرکردنەوەی داگیر کردووە! دڵخۆشی و سەرکەوتن، بەرھەم و دەستکەوت، ھەمووی بووە بە قسەکردن یاخود تەنیا بینینێکی عەشقی خەیاڵی! خۆ ئەمە ئەگەر کۆتاییی ڕێگاکەشی تراژیدیا و کەئابە نەبووبێت، ھەر خودی ڕێگاکە کارەسات و شکانێکی گەورەی تووشی کەسەکە کردووە!
لە ڕاستیدا ئەم "نەبوونانە" خۆیان لە خۆیاندا نیعمەتن. سوێند بە خودا، نیعمەتێکی ھێندە مەزنن تەنھا خودا بە زانایی خۆی دەیزانێت. ﴿وَعَسَىٰ أَن تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ ۗ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ﴾ [البقرة: ٢١٦]. خودا زۆرجار شتێکمان لێ دەگرێتەوە بۆ ئەوەی شتێکی خراپترمان بەسەر نەیەت، بەڵام ئێمە بە کورتبینیمان تەنیا ڕووکەشەکە دەبینین.
نیعمەتی ئیمان و ناسینی خودا
لە سەرووی هەموو نیعمەتە ماددی و جەستەییەکانەوە، نیعمەتێک هەیە کە ڕۆحی مرۆڤ دەبووژێنێتەوە، ئەویش نیعمەتی ئیمانە. زۆر کەس لە جیهاندا خاوەنی زۆر شتن، بەڵام هەست بە بەتاڵییەکی کوشندە دەکەن لە ناخیاندا، چونکە وەڵامی ئەم پرسیارانە نازانن: «بۆچی دەژیم و بۆ کوێ دەڕۆم؟»
ئیمان ئەو نوورەیە کە وا دەکات ژیان مانای هەبێت. کاتێک دەزانین کە ئێمە فەرامۆش نەکراوین و خاوەنێکمان هەیە کە گوێمان لێ دەگرێت و ئاگای لێمانە، گەورەترین ئارامیی دەروونی بەدەست دەهێنین. ئیمان ئەو هێزەیە کە کاتێک هەموو دەرگاکان دادەخرێن، دەرگای ئاسمان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. لە کاتی کارەساتدا ئارام دەگرین و باوەڕمان وایە کە خوایەکمان هەیە لە دایک و باوکمان میهرەبانترە. تەنیا بەهۆی ئیمانەوەیە کە دەزانین ناخۆشییەکانی دونیا، کەفارەتی تاوان و بەرزکردنەوەی دەرەجەن. ئەم تێگەیشتنە وا دەکات مرۆڤ لەبەردەم ئازاردا بەهێز بێت و تووشی بێهیوایی نەبێت. ھەروەک سەعیدی نوورسیش لە باسی ئیماندا پێی وایە کە «ئیمان ھەم نوورە و ھەم ھێز»؛ نوورێکە مرۆڤ ڕووناک دەکاتەوە و گشت بوونەوەران و دونیاش ڕووناک دەکاتەوە و چەرخەکانی پێشوو و ئایندەش لە تاریکی ڕزگار دەکات؛ ھێزێکیشە کە مرۆڤ دەتوانێت پشت بە ئیمانەکەی ببەستێت و بەرهەڵستیی گشت بوونەوەران بکات و لە تەنگانەی ڕووداوەکان ڕزگاری ببێت. بەوپەڕی دڵنیاییەوە سواری کەشتیی دەریابڕی ناو شەپۆلە سەختەکانی ژیان دەبێت و، بێ ترس و بیم دەڕوانێتە دەوروبەری و دەڵێت: «توکلت علی الله» و، ئەرکە قورسەکانی ئەستۆی بە ئەمانەت دەداتە دەستی توانستی خاوەنتوانای ڕەھا کە خوای گەورەیە.
ئیمان گەورەترین نیعمەتە کە خودا بە ئێمەی بەخشیوە بەبێ ئەوەی داوامان کردبێت. خودا بە ڕەحمی خۆی ئێمەی هەڵبژاردووە و ئیمانی پێ خەڵات کردووین. ئایا ڕۆژانە چەند جار سوپاسی خودا دەکەین لەسەر ئەوەی ڕێگای ڕاستی پێ نیشان داوین؟
چەندەها نیعمەتی تریش
ھەروەھا چەندەھا نیعمەتی تری وەک: ھەبوونی دایک و باوک، خوشک و برا، ھاوسەر و منداڵ، خزم و کەسوکار، ھاوڕێی باش؛ ئەم تێکەڵاوی و کۆمەڵایەتییەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەیە و لە کاتی ناخۆشی و لێقەوماندا ھەمووان بە دەممانەوە دێن و دەستبارمان دەبن، ھەبوونی ئامێری گواستنەوە، ئیش و کار، زانینی خوێندنەوە و نووسین؛ تەنانەت بۆ من، نووسینی ئەم وتارە و بۆ تۆش خوێندنەوەی، و چەندەھا نیعمەتی تر کە ھەرگیز ناتوانین هەمووی بژمێرین. ھەروەک پەروەردگار خۆی فەرموویەتی: ﴿وَإِن تَعُدُّوا نِعْمَةَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا ۗ إِنَّ اللَّهَ لَغَفُورٌ رَّحِيمٌ﴾ [النحل: ١٨]، ﴿وَآتَاكُم مِّن كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ ۚ وَإِن تَعُدُّوا نِعْمَتَ اللَّهِ لَا تُحْصُوهَا ۗ إِنَّ الْإِنسَانَ لَظَلُومٌ كَفَّارٌ﴾ [إبراهيم: ٣٤].
دەرەنجام
پێویستە فێر بین سەیری ژیانمان بکەین، نەک بە چاوی ئەوەی «چیمان کەمە»، بەڵکوو بە چاوی ئەوەی «چیمان هەیە». ئەوەشمان لە یاد بێت کە زۆرێک لە نەبووەکان، بۆ خۆیان نیعمەتی گەورەن. سوپاسگوزاری تەنیا وتنەوەی "الحمدلله" نییە، بەڵکوو هۆشیارییە بەرامبەر وردەکارییەکانی ژیان. با هەموو ڕۆژێک چەند ساتێک تەرخان بکەین بۆ بیرکردنەوە لەو نیعمەتانەی کە بە پارە ناتوانین بیانکڕین و، تەنیا کاتێک هەستیان پێ دەکەین کە خەریکە لەدەستیان دەدەین.
ئەمشەو کە سەرت نایە سەر سەرینەکەت لەگەڵ زیکری نووستن، لە ناخی دڵتەوە سوپاسگوزاری خودا بە بۆ نیعمەتی ھەبوونی پێخەفێکی گەرم و ھەموو نیعمەتەکانی تریش؛ ھەروەک چۆن بەیانیان کە ھەڵدەستیت سوپاسی دەکەیت بۆ دووبارە زیندوبوونەوەت و پێدانی ھەلێکی تر بۆ ئەنجامدانی باشترین کردەوەکان.
نووسینی: موحەممەد جەمال

نیعمەتە شاراوەکان: ئەوانەی هەستیان پێ ناکەین تا لەدەستیان دەدەین
نیعمەتە شاراوەکان: ئەوانەی هەستیان پێ ناکەین تا لەدەستیان دەدەین
نووسەر
ئاستانە
حەوت خولەک خوێندنەوە ٩٥ بینینەکان ٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦



