لەنێوان جەژنی قوربان و مەراسیمی کوشتوبڕی نەهەنگەکان لە دانیمارک
هەموو ساڵێک لە دوورگەکانی فارۆ کە سەر بە دانیمارکە، مەراسیمێکی کوشتوبڕی نەهەنگ و دۆلفینەکان بەڕێوە دەچێت. تەمەنی ئەم مەراسیمە بۆ نزیکەی هەزار ساڵ دەڕوات و، دەوترێت لە ڤایکینگ و چاخی ئەسکەندەناڤییەکانەوە درێژەی کێشاوە.
خەڵکەکە بە کۆمەڵ دەردەچن، گەمارۆی کۆمەڵێک نەهەنگ و دۆلفین دەدەن و ڕاپێچیان دەکەن بۆ کەناراوەکان، چونکە ئەم ئاژەڵانە بە کۆمەڵ و بە خێزان دەژین و لێک جیا نابنەوە. تا ئەوەی لە کەناراوەکان دەست دەکرێت بە کوشتنیان؛ دەمار و دڕکەپەتکیان دەبڕن و گۆشت و چەورییەکەیان بەسەر ماڵەکاندا دابەش دەکەن. بە جارێکیش، ئەو دەریایە بە خوێنی نەهەنگەکان سوور دەبێت!
ساڵی پار بەوردی ٩٩٦ نەهەنگ و دۆلفین ڕاو کراون؛ کە تەنیا لە هەڵمەتێکی مانگی سێپتەمبەردا، ٢٨٥ نەهەنگ بە یەک ڕۆژ ڕاو کراون و كوژراون، جیا لەو نەهەنگ و دۆلفینە بچووکانەی کە ئەژمار نەکراون.
هەموو ئەمانەش بە شێوازێکی یاسایی و ڕەسمییە کە دەوڵەت ڕێگەی پێ داوە. هەرچەندە لێرە و لەوێ ڕەخنە لە مەراسیمەکە دەگیرێت، بەڵام بە کولتوور و شوناسێکی گەلانی ناوچەکە دادەنرێت؛ بگرە هەندێک جار ئەو چالاکوانانەی کێشە بۆ مەراسیمەکە دروست دەکەن، دەستگیر دەکرێن.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە کە ئەم مەراسیمە وەرز و کاتێکی دیاریکراوی نییە، هەر کاتێک کۆمەڵە نەهەنگێک تێبینی بکرێن، ڕاستەوخۆ پڕۆسەکە دەست پێ دەکات. بەشێکی زۆری ئەو گۆشتەشی دابەش دەکرێت ناخورێت و فڕێ دەدرێت، بەڵام کولتوورەکە هەر بەردەوامە!
پێت وایە ئەو ڕەخنانەی لە مەراسیمی قوربانیکردنی موسڵمانان دەگیرێت لە جێی خۆیاندایە، لە کاتێکدا شتێکی لەم جۆرە بە کولتوورێکی قبووڵکراو دادەنرێت؟
#ئاستانە_Astana
- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول

- ئامادەکار
- ئاستانە

- بڵاوکەرەوە
- ئاستانە





