من و دەروونناسێک

من و دەروونناسێک

من و دەروونناسێک

دوو خولەک خوێندنەوە ٢٨ بینینەکان ١٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٦

من و دەروونناسێک

بە زمانێکی عەشایەرییەوە وتم: برای خاس بن، ئەوەندە خەڵکی مەکەنە دژی یەک. ئەم هەموو قسە و یاسا ئەورووپییەی دەمی (نیکۆلۆ میکیاڤێلی، شۆپنهاوەر، نیچە، ویلیام جەیمس، و کارەکتەری وەک تۆماس شێڵبی و... هتد)، مەکەنە قوڕگی خەڵکی ڕەشوڕووتی خۆمان. ئێمە خۆماڵین و گوناهین، چەندان ساڵە بە دڵپاکی هێناومانە؛ ڕۆژێک شەڕ و ڕۆژێک ئاشتین، لێمان گەڕێن.
بە زمانێکی پڕفیز، دڵێکی شکاو و پێکەنینێکی خوێناوییەوە وتی: وا نییە هاوڕێ! باسەکە ئەتەکێتی مامەڵەکردن و تاقیکردنەوەیە تا بتوانیت ناخی خەڵکی بناسیت.

وتم: ئەگەر ویستت ناخی خەڵک بزانیت، کەس تاقی مەکەرەوە چونکە دەرناچن! نە لەبەر ئەوەی هەموویان پیسن، بەڵکوو خۆت بە گومانەوە دەژیت. دڵنیا بە، خودا بەپێی گومانی خۆت مامەڵەت لەگەڵ دەکات؛ پاکیش بن، بۆ تۆ پیس دەبن.
وتی: نا کاکە، بەپێچەوانەوە؛ ئێمە دەمانەوێت لە ڕووی دەروونناسییەوە لەگەڵ هەموو خەڵکی، خۆمان بگونجێین.

وتم: ئێ باشە، خۆ میکیاڤێلی دەڵێت: «هەر کەسێک بیەوێت هەموو کەس ڕازی بکات، هەموو کەس لەکیس دەدات».
وتی: ئاخر ئێمە دەمانەوێت لەپێشدا خەڵکی بناسین تا شۆک نەبین بە هەڵەکردارەکانیان. پێشبینیی هەموو شتێک دەکەین تا پەرچەکرداری خراپمان نەبێت.

وتم: جا ئەوە خۆکوژییە، بۆ ئەوەندە ئازاری دڵی خۆتان دەدەن؟ ئەی شێکسپیر ناڵێت: «پێشبینیکردنی زۆر، گەورەترین ئازار لە دڵدا دروست دەکات»؟ ئەمە بۆیە هەمووتان بەردەوام لە ئازاردان، تومەز هەمیشە لە کەمیندا دەژین!
وتی: ئەی ئەگەر وا نەبێت، بەهای خۆت لای خەڵکی چۆن دەسەلمێنیت؟!

وتم: ئێ کەواتە شەڕەکە 'خۆناسینە' بە خەڵک، نەک 'خەڵک‌ناسین' بێت بە خۆت!
ئیتر خۆیشم پێ نەگیرا و تۆزێک پێکەنیم.
وتی: چییە؟ گاڵتەت پێمان دێت؟!
وتم: وەڵڵاهی وتەیەکی دۆستۆیڤسکیم بیر هاتەوە، ناهەقی ناگرم کە وای گوتووە؛ دیارە کەسانی هاوشێوەی ئێوەی زۆر لە دەور بووە و دەڵێی بە ئێوەی وتووە.
وتی: ئەوەی دەڵێت: «خەڵکی ڕقیان لە بەهێزەکانە، کەچی بەگوێشیان دەکەن؛ لاوازەکانیشیان خۆش دەوێت، بەڵام بە سووکیشیان دەزانن»؟

وتم: نا نا، ئەوەم مەبەستە کە دەڵێت: «تۆ کوڕێکی چاکیت، بەڵام پارەت نییە بیسەلمێنیت!».
دواجار، پێی وابوو کە من عەشایەرێکی دووڕووم، ویستی بێ خواحافیزی بڕوات.
وتم: مستەر لالە، بوەستە داوایەکم هەیە.
وتی: چییە؟
وتم: ئەوە بۆ جاربەجاریش گوێ لە توێژینەوەی دەروونیی پێشینانی ئیسلام ناگرن؟ بزانن چۆن فێری مامەڵەت دەکات و، پێت دەسەلمێنێت کە ئەوەی بە دڵپاکی بەدەست دێت، هەرگیز بە فێڵ و پیلان بەدەست نایەت؟
وتی: ئێمە عەقڵمان تەسلیمی ئەو زانایانە ناکەین و، باوەڕمان بەو توراسە کۆنە نییە.
وتم: ئێ خۆ نیچە دەڵێت: «مەزنیی عەقڵی مرۆڤ بەوە دەپێورێت، کە بتوانێت باوەڕ بەو شتانە بکات کە لە دەرەوەی بیروبۆچوونی خۆیەتی!».

ئاهێکی قووڵی هەڵکێشا و، من بە خەندەوە و ئەو بە قینەوە، لە یەک جیا بووینەوە.

ــ نووسینی: د. ئەحمەد ڕازی

#ئاستانە_Astana

بڵاوکەرەوە
Super Admin

زیاتر لە کۆمەڵگە

هەموویان ببینە