من ئایفۆنم پێیە، کەواتە من هەم!
دەچیتە بازاڕ، سەرنج دەدەیت خەڵکێکی زۆر سەرەیان گرتووە، ڕیز بوون. دەپرسیت: «باشە ئەم هەموو خەڵکە چییە وەستاون؟ چی ڕوو دەدات؟» یەکێک لەولاوە پێت دەڵێت: «ئەوە سەرەیان گرتووە بۆ کڕینی ئایفۆن ١٨ کە تازە دەرچووە!»
چەند سەیرە؛ باشە خۆ ئایفۆن ١٨ لە بازاڕدا کۆ ناکرێتەوە و بڵێین دەست ناکەوێت، بەڵکوو بەردەوام بەردەست دەبێت، بگرە دوای چەند مانگێک نرخەکەشی دێتە خوارەوە و دادەبەزێت. کەواتە، بۆچی ئاوا پەلەمانە بۆ کڕینی ئایفۆن ١٨؟
دونیای سەرمایەداری بەم جۆرەیە، هەمیشە وا لە کۆمەڵگە دەکات بەردەوام بەکاربەر بێت؛ چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە بەکاربردن وەستا، ئەوا کۆمپانیاکان تووشی گرفتی گەورە دەبن. زۆرینەی ئەو کاڵایانەشی کە ساغ دەکرێنەوە لە جۆری (کەمالیات)ـن، واتا ژیان لەسەریان پەکی ناکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرینەی خەڵکی پشکی گەورەی کڕینەکانی لە جۆری کاڵای کەمالیاتەکاندایە؛ لە نێویانیشدا مۆبایل.
بەشێکی ئەم پەلامار و مشەوەشبوونە ئەوەیە کە کۆمپانیاکە تەنیا مۆبایلت پێ نافرۆشێت، بەڵکوو هەستی ئینتیمات پێ دەفرۆشێت؛ بە جۆرێک لە جۆرەکان «ڕەمز و بەهای پێگەیەکی کۆمەڵایەتی»ت پێ دەفرۆشێت؛ واتە، بەها و پێگەی خۆتت پێ دەفرۆشێت! کارێک دەکەن کە مرۆڤ هەوڵ دەدات بەم کەرەستانە کەسایەتی و بوونی خۆی بسەلمێنێت.
بە جۆرێکی تر؛ ئەمانە قسەکەی (دیکارت) دووبارە دەکەنەوە، بەڵام بابەتی سەلماندنی بوونەکە لێرەدا کەرەستەیەکی ماددییە کە ئایفۆنێکە. بە زمانی حاڵ دەڵێن: "من ئایفۆنم پێیە، کەواتە من هەم!" هەر بۆیە دەیان کەس قەرز دەکەن بۆ ئەوەی ئایفۆن ١٨ بکڕن؛ لە کاتێکیشدا کە بە هیچ جۆرێک پێویستی بەو تایبەتمەندییانە نییە کە لەو مۆبایلەدا هەن. بەڵکوو تەنیا بۆ پیشاندانی خودی خۆی و جەختکردنەوە لەوەی کە «ئەم، هەیە»، ئەو مۆبایلە دەکڕێت.
لە هەمان کاتیشدا؛ دووبارەبوونەوەی ساڵانە و گەورەکردنی لە سۆشیاڵ میدیادا، باسەکە دەکاتە بۆنە و کەشوهەوایەکی کۆمەڵایەتی. لەولاشەوە، کولتووری ڕیزبەستن و ناوتۆمارکردن وات لێ دەکات هەست بکەیت کە ئەگەر فریا نەکەویت، شتێکی گەورەت لە کیس چووە، کە حەزی کێبڕکێت تێدا دەجووڵێنێت و؛ لە کۆتاییدا ئەوە تۆیت کە کەسایەتیت لە بەرهەمێکی وادا دەتوێنیتەوە.
جا بۆیە، دەبێت مرۆڤی موسڵمان ئامرازەکان وەک ئامراز سەیر بکات و بەرزیان نەکاتەوە. مرۆڤی ژیر هەوڵ دەدات بە کەمترین نرخ بەرزترین کوالێتیی پێویست دەست بخات و، کەسایەتی و بەرزیی خۆی دەبەستێتەوە بە بیروباوەڕ و ئایینەکەیەوە؛ نەک بە مۆبایل و ئۆتۆمبێل و مارکەی جلوبەرگ.
ــ ئاڤار قەرەداغی
#ئاستانە_Astana
- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول

- ئامادەکار
- ئاستانە





