زەردەشتییەکان و دژایەتی پێشەوایانی کورد
لەم ڕۆژانەدا ڤیدۆیەکی پیر لوقمان بڵاو بوویەوە کە زۆر بە قێزەونانە باسی لە سەرکردەی دیار و بەناوبانگی کورد "یوسف سەڵاحەدینی ئەیوبی" دەکرد. ئاماژەی بەوەدا کە وێنەکەیان هەڵواسیوە و ڕۆژانە تفی لێ دەکەن، واتە وەك "ڕێوڕەسمیان لێ کردووە!"
هەڵبەت سەرەڕای ئەوەی ئەم هەڵوێستە ناشرینەی ئەم پیرەی زەردەشتییان بەرانبەر ئەم پیاوە مەزنەی کورد گرتوویەتییە بەر، مایەی قبووڵ نییە و پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستەی لەسەر بکەن. هەتاوەکوو بەو جۆرە کار لەسەر لەکەدارکردنی مێژووە ڕەنگینەکەمان نەکرێت!
بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ئەمە شتێکی وەها نوێ نییە کە زەردەشتییەکان بەرانبەر بە کوردەکان گرتوویانەتە بەر!
بەڵکوو ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە کە ئەوان چەندە دەرفەتیان بووبێت پیاوانی مەزنی ئێمەیان لەناو بردووە و هەوڵی سڕینەوەی مێژوو و شکۆداری ئێمەیان داوە.
ئێستاش چاوپێداخشانەوەیەکی خێرا دەکەین بە یەکێك لە دیارترین خیانەتی زەردەشتییەکان بەرانبەر ئێمەی کورد!
ئەترۆپاتکانی زەوی ماد، هەرێمی پارس لە باشووری ئێران، خۆراسان و خۆرهەڵاتی ئێران کە شوێنی پارتەکان بوو، خانەدانی پارسی هەخامەنشی لە باشووری ئێرانەوە دەست پێ دەکەن.
کۆرشی دووەم، یاخوود کۆرشی مەزنی کوڕی کەمبۆجیەی یەکەم، کوڕی کۆرشی یەکەم بوو. دایکیشی شازادە ماندانای کچی ئاستیاگی پاشای میدیا بووە.
میدییاکان ڕێزییان لێ گرتوون و تەنانەت ژن و ژنخوازیشییان لەگەڵ کردوون، بەڵام سەرەڕای ئەوە؛ کۆرش لێیان هەڵدەگەڕێتەوە و ساڵی 550ـی پێش لەدایکبوونی مەسیح؛ کۆتایی دێنێت بە ئیمپڕاتۆرییەتی میدیا.
ئایینی ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە ئایینی زەردەشتی بووە، هەر چەندە کۆرش بە کەسێکی دادپەروەر ناسراوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا کەسێکی بێ ئەمەک و سپڵە بووە! سەرەڕای ئەوەی سەروەری کوردی بەزاند و وڵاتەکەی دابەش کرد، جێگەی ئاماژەیە کە بە هۆی هاوکاری بابلییەکانەوە توانی میدیا لەناوبەرێت. سەرەڕای ئەوەش ساڵی 539ـی لەدایکبوونی مەسیح؛ بابلیش داگیر دەکات.
بۆیە کورد ئارەزووی نەکردووە لەژێر دەسەڵاتی ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە داگیرکەرەدا بمێنێتەوە، بۆیە لە سەردەمی داریوشی یەکەمدا میدییەکان بەسەرکردایەتی چیتران تخمە کە خۆی بە نەوەی کیاکسار (کەی خوسرەو) ناساند، دەست بە شۆڕش دەکەن و وەك پاشای میدیا هەڵدەستنەوە، بەڵام داریوش بەسەریاندا سەردەکەوێت و بەدیل دەیگرن و دەیکەن بە نیشانەی سەرە نێزەکانیان و دەیکوژن. داریوش لە تاقووەستانی کرماشان میلی سەرکەوتنەکەی دەنەخشێنێت کە سەرکەوتنی بەسەر دوژمنەکانیدا (کوردەکان) تۆمار کردووە و لەژێر وێنەی فروهەری زەردەشتیدا کۆمەڵکوژیان دەکات (واتە بەناوی زەردەشتەوە).
بۆیە ئەمە ڕابردووی دەسەڵاتدارانی زەردەشتیە کە شۆڕشگێڕان و پیاوانی مەزنی وەکوو چیتران تخمە و ئاستیاگیان لەناو بردووە و سەروەری مەزنی خۆیان بەزاندووە. ئێستا چۆن چاوەڕێ نەبین بە زمانیش، کەسایەتییەکی وەکوو پیر لوقمان، ئەو مێژووەی باپیرانی دووپات نەکاتەوە و مەزنانی ئێمە لەکەدار نەکات؟
ھامنۆ ئەیوب ھەورامی

زەردەشتییەکان و دژایەتی پێشەوایانی کورد
زەردەشتییەکان و دژایەتی پێشەوایانی کورد
نووسەر
ئاستانە
دوو خولەک خوێندنەوە ١٣٦٦ بینینەکان ٢٤ ئازار ٢٠٢١



