بەڵگەی بیرکۆڵ "لەسەر دانیشتووان و هەلی کار و خۆشگوزەرانی ئابووری"
بێگومان چڕی دانیشتووان کێشەیەکی ئیسلامییە، شتێکی ئاشکرایە لای هەموو ڕووناکبیرێک!
بۆ نموونە، کە پاوڵ ساموێڵسۆن -ئابووریناسی براوەی خەڵاتی نۆبڵ- وتی: «ڕاستییەکەی ئەو زانا ئابوورییانەی گەشەپێدانیان خوێندووە بەوە گەیشتوون کە دەبێ بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووری بخرێتە سەر چوار پێچکە، بەبێ گوێدانە ڕادەی دەوڵەمەندی و هەژاری ئەو وڵاتە (سەرنجی ئەم بیرکردنەوە ئیسلامییە پیسە بدە کە جیاوازی لەنێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دەکات.) ئەم چوار پێچکەیەش بریتین لە:
سەرچاوە مرۆییەکان (ڕەخساندنی کار، فێرکردن، دابینکردن، هاندان)
سەرچاوە سروشتییەکان (زەوی، کانزاکان، سوتەمەنی، جۆری ژینگە)
پێکهێنانی سەرمایە (ئامێرەکان، کارگەکان، ڕێگاکان)
تەکنەلۆجیا (زانست، ئەندازیاری، بەڕێوەبردن، ڕیسک کردنی سەرمایەداری)»
هەڵبەت لێرەدا پاوڵ ساموێڵسۆن، ڕەگەزی مرۆیی -گەر فێرکردن و دابینکردن و هاندانی بۆ فەراهەم بکرێت- بە یەکێک لە گرنگترین پێچکە بنەڕەتییەکانی گەشەسەندن دادەنێت.
چونکە بێگومان ئەم قسەیە لە ئیبن تەیمییەوە فێربووە، نەک لەبەر ئەوەی جوولەکەیە و بە سەرمایەداریی پاراو بووە. سەیری پێداگیری لە قسەکانی بکە، بێگومان لەبەر ئەوەیە کە لەبنەڕەتدا لە بازاڕی هەینی -مەزاتەکە- ئەمریکادا شووتی ئەفرۆشت، هیچ پەیوەندییەکی بە ئابووریی و کار و ئەم قسانەوە نییە.
هەروەها بەدڵنیاییەوە وڵاتێکی زەبەلاحی وەک چین کە ملیار و نیوێک مرۆڤی لێ نیشتەجێیە، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە بۆیە بەم ڕێژە زۆرە زیادی کردووە، ئەوە کێشە سەرەکییەکەیەتی.
هەڵبەت ئەگەر تەماشایەکی ژمارەی دانیشتوانانی جیهان بکەین، ئەوە هەموو وڵاتە ئەورووپاییە پاک و پوختەکان لە ڕیزبەندی پێشەوەی چڕی دانیشتوانان دان (ژمارەی دانیشتوان بە بەراورد لەگەڵ ڕووبەری وڵاتدا). بگرە کیشوەری ئەورووپا خۆی، یەکێکە لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی جیهان لە ڕووی دانیشتووانەوە.
بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوانانی ئەمریکا بە نزیکەی چوار ئەوەندە لە ژمارەی دانیشتوانانی گەورەترین وڵاتی جیهانی ئیسلامیی زیاترە! چڕی دانیشتوانیشی لە چڕی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی زۆر زیاترە!
بێگومان گەر بمانەوێت کەمێک وردتر و دیاریکراوتر قسەبکەین، ئەوە دەتوانین بڵێین قوتابخانەی شیکاگۆ و سێر میڵتۆن فریدمان وا (ڕاستییەکەی ئەوان مسوڵمانی ژێربەژێرن) بێنە پێش چاوت بڵێن کە چارەسەری ئابووری لە بڵاوبوونەوەی بێکاری و بەرزبوونەوەی هەڵاوساندایە؟
بیهێنە پێش چاوت؛ وادیارە ئەوان ئەمەیان لە «کتێبەکانی توراسی ئیسلامیدا» خوێندووەتەوە! کورە نیولیبراڵی لە بنەڕەتدا داهێنانێکی ئیسلامییە، خۆم شایەتی لەسەر ئەوە ئەدەم، -هەڵبەتە- بەسەرچاوە و بەڵگەشەوە! پاشان چی؟ ئەی چی لەبارەی بێکاری جیهانییەوە؟
بێگومان ئێمە هۆکاری هەموو ئەم قەیرانانەین هەروەک هەمووان ئەیزانن، بۆچی؟
لەبەر ئەوەی سەرەتا ئێمە بێ بازاڕییەکی زۆرمان هەبوو، هەر خۆشمان هۆکاری ئەوە بووین. هەروەها بووین بە هۆکاری بێکارییەک کە هەموو جیهانی خوارد، چونکە بەریتانیا کۆنتڕۆڵی ئەو بەهاراتەی نەکرد کە لە هندستانی بردبوو وەک پێشتر باسمان کرد. بازرگانییەکەش هەرەسی هێنا (هەڵبەت بەریتانیا ئەو سەردەمە شوێنکەوتەی ئیسلام بوو.) هەروەکوو سەرچاوە مێژووییە متمانەپێکراوەکان دەیڵێن کە هەموو ڕووناکبیرێکی دەرچووی پەیمانگایی هونەرەکانی چێشت لێنانی ئەنتۆلۆجی دەیزانێت، ئەمە ڕاستییەکەیە.
بەڵام بۆ نموونە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨، هۆکارەکەی ئەوە بوو کە خەڵکی هاتبوونە سەر ئەو باوەڕەی کە ئیسلام ئایینێکی گونجاوە بۆ هەموو سەردەم و شوێنێک، نەک بەهۆی ئەوەی، بۆ نموونە بازاڕی ئەمریکی بازرگانی لە هەوادا ئەکرد لە ژێر ناوی بڵقی خانووبەرەدا، ئەوە کێشەیەکی ئیسلامی پوخت و پەتی بوو هۆکارەکەشی سەرۆک حافزی ئیبنو حەجەر بوو. من ئەم قسانەت بە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە مێژووییە باوەڕپێکراوەکانییەوە بۆ دەکەم.
هەروەها بابەتی ئەوەی کە ئابووریناسە، بابەتێکی جێی گومانە لە لای زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان.
خۆ ئەگەر بمانەوێت زێدەتر قاڵ ببینەوە، ئەوە سیستەمی نەختینەی سوو (کە بەدڵنیاییەوە ئەمەش سیستەمێکی ئیسلامییە)، دەشێت لە شەو و ڕۆژێکا موڵکەکانت نیوەی نرخەکەی لە دەست بدات بە ناوی "بەرزکردنەوەی نرخی سوود، یان دابەزاندی". ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن دەستکردی جووەکانە، ئەوە دەنگۆگەلێکە جووەکان لە خۆیان ناوە، چونکە کەسانێکی دادپەروەرن و قایل نابن ئیسلام بەر ئەم تۆمەتانە بدەن. بەڵێ، بەڵێ… ئەمەش وای لە لۆرد جۆن مینارد کینز -دانەری بیردۆزی کینزیی و دامەزرێنەری ئابووری هەمەکییە- کرد بڵێت: "خراپ دەبێت ڕێژەی هەژاری لە جیھانێکی هەژاردا زۆر بێت، لەبری بێئومێد کردنی دەسهەڵاتی سووخۆران."
کینز، تەنیا ئاشپەزێکی شاورمە بوو.
پەیوەندی نێوان بێکاری و سیستەمی سوو (ڕیبا)، پەیوەندیێکە کە لە کتێبە توراسییەکانەوە هەڵیگۆزیوە، بەڵگەی زۆریش لەسەر ئەوە هەیە و هەموو کەس ئەیزانێ.
بێگومان «پلاندانانی شاری مەدەنی»، کە ڕێگە بە تێپەستانی ژمارەیەکی زۆر و زەوەندی دانیشتووان لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا دەدات، ئەویش دیسان داهێنانێکی ئیسلامییە، لەگەڵ داگیرکاریی ئینگلیزدا هاتە میسرەوە (ببوورن، مەبەستم فەتحی ئینگلیزە!) هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ڕێگاکان ئاوها قەرەباڵغە.
هەر بەڕاستی جیهانێکی ئەورووپایی پاکە؛ کێشەی ئابووری و بێکاری و هەڵاوسان و هەموو شتێکی خۆیمان بۆ هەناردە دەکات، دواتر لۆمەی کەسیش ناکەن دانیشتووان نەبێ! ئای چ پاکییەکە!
نووسینی: غازی موحەممەد
(باسی پێنجەم)
#تەنزێک_لەنێوان_پاکیی_ئەورووپا_و_پیسی_ئێمەدا
#ئاستانە_Astana




