ئافراندن لە ڕوانگەی زەردەشتییەکانەوە
لەژێر ڕۆشنایی پەڕتووکە پیرۆزەکانی زەردەشتییەت، کە بریتین لە: «ئاڤێستا، دینکەرد، بوندەهیش و ...هتد» و چەند سەرچاوەیەکی دیکەی «پەهلەوی و زانایانی زەردەشتییەت»، زاندراوە کە گێتی دابەشدەکرێت بۆ دوو هێزی بەرانبەری سەرەکی، کە سەرچاوەی بوونەوەرەکانن، بەم شێوەیە:
۱. هێزی ڕووناکی
۲. هێزی تاریکی
هەر لەسەر ئەو بنەمایەش گێتی کراوەتە دوو لەشکر بەناوی «لەشکری ڕووناکی و لەشکری تاریکی». سەرداری لەشکری ڕووناکی پێی دەگوترێت: «ئاهورامەزدا = هورمز = سپنتامینۆ»، سەرداری لەشکری تاریکیش پێی دەگوترێت: «ئەهریمەن = ئەنگرمینۆ».
ئاهورامەزدا: ناوەکەی لە دوو بەش پێکهاتووە کە بریتییە لە «ئاهورا» و «مەزدا»، ئاهورا لە بڕوای ئایینی ئارییەکاندا قووڵایی و ڕیشەی دێرینی هەیە، چونکە ناوی «خودا»کەیان بووە و بە واتای «سەروەر» دێت، «مەزد»یش بە واتای «زانا، ژیر» دێت. هەردوو بەشەکە بەسەر یەکەوە دەبن بە «العلي العلیم»ی عەرەبی. زەردەشتییەکان دەڵێن:
"«ئاهورامەزدا» لە سەروو گشت شتێکەوەیە و ئاگای لە گشت شتێکە، هيچ شتێک وەکو ئەو نییە."
ئەهریمەن (ئەنگرمینۆ): هێمایەکە بۆ «گیانی تێکدەر، مردن، تاریکی، پیسی، خراپی، درۆ»، بەردەوام لەگەڵ ئاهورامەزدا لە جەنگ و ململانێدایە. «ئاهورامەزدا» کە خودای خێرە، شەش یاریدەدەری هەن، پێیان دەگوترێت: «ئەمشاسپەندان = ئەمشاسپەندانە = گیانی نەمر و بێسەرەتایی»، یارمەتیدەرەکانی ئەهریمەنیش: «دەئو = دێو»ن و ئەرکیان تێکدانی کردارەکانی «ئاهورامەزدا و ئەمشاسپەندایە».
لێرەدا کە دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای بوون، دوو هێزی هاوبەرانبەر و هاوتەریبن و لە سەرەتاوە هەتاوەکوو کۆتایی لە ڕکابەرایەتی و دووبەرەکیدان. پاش ئافراندنی بوونەوەر و مرۆڤیش ئەم ململانێیە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤەکان و ئەم دووبەرەکییەش هەر بەردەوام دەبێت، هەتاوەکوو دوایین ڕزگارکەر لەدایک دەبێت و دەچێتە مەیدانی ڕاستەوە بۆ سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە.
بەپێی «یەشتە دێرینەکان» گەڕی ژیان دوازدە هەزار ساڵ دەبێت، لە سێ هەزار ساڵی سەرەتادا هەردوو گێتی «ئاهورامەزدا و ئەهریمەن» لە بێدەنگیدا بوون، پاش ئەوە «ئەهریمەن» لە گێتی تاریکییەوە هاتووەتە دەرەوە و ویستوویەتی گێتی ڕووناکی لەناوببات، «ئاهورامەزدا» جەنگێکی نۆ هەزار ساڵی دژی ڕاگەیاندووە، لەبەرئەوەی «ئاهورامەزدا» ئاگاداری گشت شتەکانە و زانیویەتی ئەو جەنگە بە شکستی گێتی تاریکی کۆتایی دێت، «ئەهریمەن» لە ترساندا ماوەی سێ هەزار ساڵ بە ئیفلیجی لە تاریکیدا ماوەتەوە، لەو ماوەیەدا «ئاهورامەزدا» دەستی کردووە بە بەدیهێنانی ئەم گێتییە، پاش ئەوەی لە کارەکەی تەواوبووە، ئەو (گا)یەی بەدیهێناوە، کە بە «گای یەکەم» ناسراوە و ئینجا مرۆڤی یەکەمی بەناوی «گیومەرد = گیامبەرەتەن»ی بەدیهێناوە. کەواتە، «ئاهورامەزدا» بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە بەرامبەرەکەی گەردوون، دەهێنێتە بوون و هەوڵیش دەدات بەو هۆکارە بەسەریدا سەربکەوێت.
جێگەی ئاماژەشە لە ئەفسانەی دێرینی ئێرانیدا هاتووە، ئەفراندن بەم شێوەیە بووە:
"ئاهورامەزدا سەرەتا ئاسمانی لە شێوەی هێلکەی مریشک لەسەری خۆی بەدیهێنا، پاشان ئاوی بۆ نەهێشتنی وشکایی لە فرمێسکەکانی خۆی ئافراند، ئەوجا زەمینی لە پێیەکانی خۆی دروست کرد و دواتر گیای بۆ یار و بژێوی مەڕ دروست کرد، پاشان مەڕی بۆ مرۆڤ دروست کرد و ئەوجا یەکەم مرۆڤ «کیومەرت»ی بۆ لەناوبردنی ئەهریمەن و خراپەکاران دروست کرد، ئەوجا ئاگر و بای بەدیهێنا."
لە ماوەی سێ هەزار ساڵەی بەدیهێناندا؛ «ئاهورامەزدا» گێتی ماددی بە شەش قۆناغ بەدیهێنا، بەم جۆرە:
1. میدیۆزرم = Maidyuzarm: لەم قۆناغەدا «ئاسمان، ئەستێرەکان، ڕێگەی کاکێشان (درب التبانە)»ی بەدیهێناون.
2. میدیۆشیم = Mdidushem: لەم قۆناغەدا «ئاوەکان»ی بەدیهێناون.
3. پیتی شهیم = Paityshahim: لەم قۆناغەدا «زەوی» بەدیهێناوە.
4. ئەیاترم = Ayatherm: لەم قۆناغەدا «دار، گژوگیا، شینایی» بەدیهێناون.
5. میدیارم = Maidyarem: لەم قۆناغەدا بێجگە لە مرۆڤ، گشت گیانلەبەرەکانی تری بەدیهێناوە.
6. هەمسپدمدم = :Hamaspathmadm لەم قۆناغەدا «مرۆڤ»ی بەدیهێناوە.
ئیدی لێرەوە ڕەوڕەوەی ژیان هاتووەتە کایەوە و لەسەر هەسارەکە پەرەی سەندووە.
لە ئاڤێستا: یەشتەکان: فەروەردین یەشت: کوردەی ٢٤: بڕگەی ٨٧ دەڵێت:
"فرەوەهری (کەییومەرس)ی پاک ستایش دەکەین؛ ئەو یەکەم کەس بوو کە بە گوتار و ئامۆژگاری «ئەهورامەزدا» گوێی داوە و ماڵباتی سەر زەوینەکانی ئاریایی و تەوەرەی ئاریایی لەو پەیدابوون. ئێستاکە، دڵاوایی و لێبوردن و بەخشینی فرەوەهەری (سپیتەمان زەردەشت)ی پاک ستایش دەکەین و کوڕنووشی دەبەینە بەر."
ئەم تێکستەی «ئاڤێستا» چەندین بابەتی گرنگی لێ دەخوێندرێتەوە، کە گرنگترینی ئاماژەدانە بە تێڕوانینی زەردەشتییەت دەربارەی سووڕی ژیان. «کەییومەرس» دەبێتە سەرچاوە بۆ مرۆڤایەتی و ئاوەدانی سەر ڕووی زەمین، بەڵام بۆیە لێرەدا بەتایبەت جەختی لە ڕەگەزی «ئاری» کردووەتەوە، بەو هۆکارەی خودی زەردەشت سەر بەم ڕەگەزە بووە و هەر لەبەر ئەمەش بە پیرۆزتر بیندراوە لەچاو ڕەگەزەکانی دیکەدا. بەدەر لەوەش، ئەو ڕاستییەمان بۆ نیشان دەبێت کە «ئاهورامەزدا» جگە لەوەی وەک یەکەمین مرۆڤی ئافرێندراو ئاماژەی بە «کەییومەرس» داوە، سیفەتی "بەهرەوەرکردن"یشی پێ بەخشیوە، کە ئەمە دەرخەرە بۆ ئەوەی ئەم زاتە وەک «پەیامبەر و نێردراو و چاکسازی ئاهورامەزدایە» بۆ ئەم هەسارەیە.
بەڵام بە پێچەوانەوە، «ئەهریمەن» ئەمەی زۆر بە مەترسی بینیوە بۆ دەسەڵات و هێزی خۆی، سەرەڕای ئەوەش ماددەی خراپەکردن و گیاندارانی زیانبەخش و زیاندەری ئافراند، «ئاهورامەزدا»ش بۆ ڕێگریکردن لێی، خەندەکێکی لەبەردەم ئاسمانەوە دروست کردووە، بەڵام هێشتا ئەمە نەبووە هۆکار لەبەردەم «ئەهریمەن»، کە دژایەتی «ئاهورامەزدا» بکات و پەیتا پەیتا شاڵاوی برد و سەرەنجام دوو گرنگترین ئافرێندراوی «ئاهورامەزدا»ی (گای یەکەم و کەییومەرس)ی لەناوبردن.
هەر چەندە «کەییومەرس» کوژرابوو لە لایەن ئەهریمەنەوە؛ بەڵام بەشێک لە تۆ و سپێرمی چووبووە ناو خاکەوە، ئەمەش پاش چل ساڵ بەرهەمێکی لێ بووەوە و ڕووەکێکی لێ فەراهەم هات، ئەم ڕووەکەش بووە سەرچاوە بۆ یەکەمین نێر و مێی مرۆڤ کە لە زەردەشتییەتدا پێیان دەگوترێت «مەشیەگ و مەشیانگ»، کەواتە گەشەسەندنی مرۆڤ لە ڕوانگەی ئەم ئایینەوە لە بنەڕەتدا بە هۆکاری ڕووەکێک بووە، هەر چەندە هەندێک قسە دەربارەی ئەوە هەن کە ئایا ئەم ڕووەکە چی بووە، بەڵام وەڵامەکەی زۆر بە ڕوونی لە «پەرتوکە پیرۆزەکانی یارسانەکان» باس کراوە، دەربڕی دەقەکەش زاتێکە بەناوی «پیرشالیاری سێیەم»، کە بەشدار بووە لە نووسینی «بارگە بارگە»، کە یەکەمین و سەرەکیترین بەشی «سەرەنجامە»، ئەمەش هەمان ئەو تێکستەیە کە «پیرشالیار» باسی دەکات و دەڵێت:
"یاران جە ڕێواس یاران جە ڕێواس
پادشام پەیدابی جە دانەی ڕێواس
مەشیە و مەشیانە بەرئامان جە واس
پەرێ ئازمایی مێردان ڕەواس"
بەپێی پەرتوکە ئایینییەکانی زەردەشتییەت، ئەم دوو زاتە «مەشیەگ و مەشیانگ = مەشیا و ماشایی» وەک خوشک و برا بەدیهێندراون لە ڕووەکەکەوە، نەوەک وەک هاوسەر!
ئەمەش سەلمێندراوە و لە داستانی دینک: بەشی ٦٥: بڕگەی ١ – ٢ دەڵێت:
"پرسیار و وەڵامی شەست و چوار، کە گوتی: "کەی و لە چییەوە بوونەوەر پەرەی سەندووە؟
هەروەها کەی هاوسەرگیری نزیکەکان (محرم) هەبوو؛ وە لە چ جێگەیەک؟"
وەڵام/ یەکەم هاوسەرگیری نزیکەکان؛ لەنێوان «مەشیەگ و مەشیانگ»دا بوو، کە خوشک و برای یەکتر بوون، لە هاوسەرگیرییەکەیان کوڕێک دروست بووە، هاوسەرگیرییەکەیان یەکەمین هاوسەرگیری نزیکەکان بووە."
هەروەها لە پەرتوکی پیرۆزی بوندیهیش: بەشی ١٥: بڕگەی ١٩ – ٢٤ دەڵێت:
"مەشیەگ ڕۆشت و شیری مانگای هێنایەوە و ڕشتییە باکوور، ئەهریمەنییەکان بەهێزتر بوونەوە، بەهۆی ئەوانەوە ئاویان (مەبەست لە سپێرم و هێلکەیە) وشک بوو، بۆ ماوەی پەنجا زستان و ئارەزووی جووت بوونیان نەما، بۆیە کاتێک جووت دەبوون منداڵیان نەدەبوو.
پاش کۆتایی هاتنی پەنجا ساڵ ئارەزووی جووت بوونیان بەرز بووەوە، سەرەتا لە «مەشیەگ» و پاشان لە «مەشیانگ»، مەشیەگ بە مەشیانگی گوت:
"کاتێک کە تۆ دەبینم، شەرمم زیاتر دەبێت."
مەشیانگ گوتی:
"برام مەشیەگ، کاتێک کە تۆ دەبینم، بە ئارەزوویەکی زۆرەوە سەرنجت دەدەمێ."
پاشان پێویست بوو ئارەزووەکانیان لەگەڵ یەکدیدا تەواو بکەن و پێکەوە گوتیان:
"ئەرکی ئێمە لەو پەنجا ساڵەدا ئەوەبوو کە ئەم کردارە بکەین."
لەو ساتەوە جووتێک پەیدابوون؛ نێر و مێ، وە بەهۆی نەرمییانەوە، دایک یەکێکیانی خوارد و باوک یەکێکیانی خوارد. دواتر «ئاهورامەزدا» نەرمی نەوەی لابرد، هەتاوەکو خواردن بە منداڵ بدرێت و بە تەندروستی بمێنێت. لە ئەوانەوە حەوت جووت لە نێر و مێ دروست بوون، هەر برایەک لەگەڵ خوشکێک و گشتیان لە یەکدی بوو بە ماوەی پەنجا ساڵ، منداڵ پەیدابوون و مردن لە پاش سەد ساڵ."
بە وردبوونەوە لەم تێکستانە، دەگەینە ئەوەی گەشەکردنی مرۆڤەکان لە ڕوانگەی ئەم جیهانبینییەوە بە هۆکاری جووتبوونی خوشک و برا بووە، دیارە ئەم گوتانە بۆ ئەو سەردەمە مایەی شەرمەندەیی و عەیبە نەبوون، چونکە ببووە بەشێک لە کەلتووری ناوچەکە و بەهۆی ئەمەشەوە بە کردارێکی ئاسایی بیندراوە و بە مانەوەی ڕەچەڵەکی پاک سەرنجی دراوەتێ لە ئێرانی دێریندا. نەک تەنیا لێرەدا، بگرە لە ناو بنەماڵەی فیرعەونی دەسەڵاتدارانی میسری دێرینیشدا ئەم دیاردەیە بوونی هەبووە و بووبووە دابوونەریتێکی دیار، کە چەندین مێژوونووسی دێرین و نوێ ئاماژەیان پێداوە.




