ئاڤێستا چۆن دەستکاری کرا؟

ئاڤێستا چۆن دەستکاری کرا؟

ئاڤێستا چۆن دەستکاری کرا؟

نووسەرئاستانەئاستانە
سێ خولەک خوێندنەوە ١٨٦٧ بینینەکان ١٤ تەمموز ٢٠٢١

ئاڤێستا چۆن دەستکاری کرا؟

ئاڤێستا، پەڕتووکی پیرۆزی ئایینی زەردەشتییەتە. ئەم ئایینە نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ تەمەنی درێژەی کێشاوە، هەر ئەمەش وای کردووە پەڕتووکە پیرۆزەکەی دووچاری لەناوچوون و گۆڕانکاری ببێتەوە لە سەردەمە جیاوازەکاندا -بەتایبەت لە سەردەمی هاتنی شاڵاوی مەسەدۆنییەکان- بە ڕێبەرایەتی ئەلێکسەندەرۆسی کوڕی پاشا فلیپ کە لە ساڵی ٣٣٠ی لەدایکبوونی مەسیحدا، بەتەواوی کۆتایی بە ئیمپڕاتۆرییەتی هەخامەنشی هێنا  کە ڕێبەرایەتی فارسەکان و زەردەشتییەتییان دەکرد. هەر بۆیەش پەڕتووکی پیرۆزیی ئەم ئایینە لە پەڕتووکخانەی شاهانەی ئیمپڕاتۆرییەت لە تەختی جەمشیدی ئەمڕۆ و پاسارگادی دێریندا پارێزراو بوو. بەڵام لەگەڵ ئەم شاڵاوەدا پەڕتووکەکە لە ئێرانی دێریندا لەناو دەچێت و هیچ پاشماوەیەکی وەهای بەردەست نامێنێتەوە.

پاش ئەوە هەوڵێکی وەها نەبووە بۆ کۆکردنەوەی ئاڤێستا؛ هەتا سەردەمی پاشای ئەشکانی «بەلاشی یەکەم» کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٥١ – ٧٨ی لەدایکبوونی مەسیحدا، دەسەڵات وەردەگرێت و هەوڵ دەدات بۆ کۆکردنەوەی ئاڤێستا؛ ئەویش بە هۆکاری «زاد سپیام»ی موغ، بەڵام بە گوتەی مێژوونووسی مەزنی ئێران «حەسەنی پیرنیا»، چارەنووسی هەوڵەکەی نادیارە، نازانرێت کە هەوڵدانەکەی بۆ کۆکردنەوەی ئاڤێستا سەری گرتووە، یاخود نا!

ئەم شێوازە هەوڵدانە بۆ کۆکردنەوەی ئاڤێستا بەردەوام دەبێت هەتاوەکوو کودەتای بنەماڵەی ساسانی بە سەرکردایەتی «ئەردەشێری کوڕی بابك» کە لە باشووری ئێرانەوە دەستی بە جوڵانەوەکانی کرد دژی ئیمپڕاتۆرییەتی ئەشکانی و «ئەردەوانی پێنجەم»، ئەم جوڵانەوەیەش بە پاڵپشتی پیاوانی ئایینی زەردەشتی بوو کە خودی بنەماڵەی باوانی ئەردەشێریش ئاسرەوانی ئاتەشگای ئەستەخڕ بوون لە هەرێمی فارس، لە ساڵی ٢٢٤ی لەدایکبوونی مەسیحدا، بەتەواوی ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان ڕووخاند و خۆیان بوونە سەرداری ئارییەکان، لێرەشەوە دەستیان کرد بە سەپاندنی ئایینی زەردەشتی و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان.

هەر بۆیە پەڕتووکەکە لەم سەردەمەدا -کە دەکاتە پاش ٥٥٦ ساڵ لە لەناوچوونی- دووبارە نووسرایەوە و چەندین شتی دیکەی تێکەڵ کرا و بە هیچ جۆرێك وەکوو سەرەتاکەی نەمایەوە؛ ئەمەش بە سەرپەرشتی موبەدی موبەدان «تەنسوور» بوو. هەر بۆیە دەسەڵاتداران و پیاوانی ئایینی زەردەشتییش دەیانزانی کە ئەم پەڕتووکە خاڵی نەرێنی و کەموکورتی زۆرە، بۆیە دووبارە شاپووری کوڕی، لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەیدا  (٢٤٠ – ٢٧٠ی لەدایکبوونی مەسیحدا) فرمانیدا بە نووسینەوەی کۆمەڵێك زانیاری ئەستێرەناسی و پزیشکی -وەرگیراو لە گریکی و هیندییەکانەوە-.

بەڵام ئەمەش کێشەکانی ئەم پەڕتووکەی چارەسەر نەکرد! بەڵکوو بەردەوام بوو تاوەکوو کار گەیشتە ئەوەی کە جارێکی دیکە «شاپووری دووەمی کوڕی هورمزی دووەم»، لە ماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا (٣٠٩ – ٣٧٩ لەدایکبوونی مەسیحدا)، «ئازەر میهر ئیسپەندان»ی موبەدانی موبدی ڕاسپارد بە ڕابەرایەتی ئەنجوومەنێکی ڕۆحانی کە دووبارە ئاڤێستا بنووسرێتەوە و نوێ بکرێتەوە!

کەواتە لەمەوە تێدەگەین کە ئەم پەڕتووکی ئاڤێستایەی ئێستا ناوەندە زەردەشتییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن؛ بە هیچ جۆرێك ئەو ئاڤێستایە نییە کە لە زەردەشتەوە گەیەندرا بە مرۆڤایەتی.



سەرچاوەکان:

1. هامنۆ ئەیوب هەورامی، گێتی زەردەشتییەت – بەرگی یەکەم "گەڕانەوە بۆ مێژوو"، دەستنووس

2. ئارتوور کریستێنسێن، ئێرانی سەردەمی ساسانییەکان، وەرگێڕانی: سەڵاحەدین ئاشتی، چاپی ٢٠٠٦، چاپخانەی شڤان، سلێمانی

3. د. عەلی شەریعەتی، ئایینی زەردەشت، وەرگێڕانی: شەهرام ڕەشید قادر، چاپی یەکەم، ٢٠٠٥، چاپخانەی پەروەردە، هەولێر

4. هەڵبەست عەلی محمد امین، ئایا زەردەشت وای ووت؟!، چاپی ٢٠١٦

5. هەورامان، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، دەستنووس


#زنجیرەی_دەستکارییەکانی_نوسخەکانی_ئاڤێستا_زنجیرەی_یەک

#ئاستانە_Astana

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە کورد

هەموویان ببینە