جوانییەکانى ئیسلام

جوانییەکانى ئیسلام

جوانییەکانى ئیسلام

نووسەرئاستانەئاستانە
یازدە خولەک خوێندنەوە ٢٢٠٩ بینینەکان ١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢١

جوانییەکانى ئیسلام


    زۆرجار لەبارەى جوانییەکانى ئیسلامەوە دەبیستین کە بەشێوەى زارەکى قسەدەکرێت، بەڵام ئەوەى لە هەمووان زیاتر پەى بە جوانییەکانى ئیسلام دەبات و زۆرتر هەست بە شیرینى ئیمان دەکات و چێژى لێ دەبات، تەنیا کەسێکە کە پابەندە بە ڕێنمایى و ئاکارەکانى ئیسلام لە هەڵسوکەوتیدا لەگەڵ خۆى و کەسوکار و دەر و دراوسێی، لە سەودا و مامەڵەى و تەنانەت لەکاتى تەنیاییشدا، چونکە ئیسلام لە ناخ و دەروونى ئەوانەدا وا پێوەى پابەندن بەهاگەلێکى وەها دەچێنێت کە سنوورەکانى کات تێدەپەڕێنن و لە ویژدانى تاکەوە سەرچاوە دەگرن گەرچى یاسایەکیش نەبێت بیانگێڕێتەوە، ئەمەش زۆر لە سوودگەرایى باڵاترە، لەوەش باڵاترە کە لە تیۆرکارى فەیلەسوف و دانایەک یان دەستەیەک یاسادانەرەوە سەرچاوەى گرتبێت. 
    پابەندبوون بەم بەهایانەوە تەنانەت لەکاتى نەبوونى چاودێریش، هەستێکى پڕ لە متمانە و دڵنیایی بە مرۆڤى ئیماندار دەبەخشێت لەبارەى جوانى ئەم ئایینە مەزنەوە، چونکە کاریگەرییەکەى لەسەرخۆى دەبینێت کە ڕێگرى لێ دەکات لە ستەم و دەستدرێژى و ناپاکى و خراپەکارى، لەدواى ئەوە هەرچى دەوترێت لە تۆمەت و گومان لەمەڕ ئیسلام بۆ ئەم هیچ نرخ و بایەخێکیان نییە لەبەرئەوەى پێچەوانەکەیان لەلاى خۆى دەبینێتەوە.

پێگەی بەها ڕەوشتى و ئاکارییەکان لە ئیسلامدا:
    لەکاتێکدا ئیمان گرنگترین ئامانجە کە مرۆڤى موسڵمان لە پێناوى پاراستن و هێشتنەوەیدا دەژی، دەقەکانى شەریعەتیش دەبینیت کە دان بە باوەڕى کەسێکدا نانێن گەر پابەند نەبێت بە هەندێک لە بەها ڕەوشتییەکانى وەک ڕەفتارجوانی لە دراوسێیەتیدا، یان ئەو دەقانەى کە حەقیقەتى موسڵمانێتى کەسێک دەبەستنەوە بە خەسڵەتى بێوەی بوونى موسڵمانان لە دەست و زمانى، ئەوکات پلەوپایەى بەها ڕەوشتى و ڕەفتارییەکان لە ئیسلامدا بێنە پێش چاوت. 
    دکتۆر موحەممەد دەڕاز -ڕەحمەتی خودای لێبێت- لەکۆتایی پەڕتووکەکەیدا بەناوى (دستور الأخلاق في القرآن) ئەو ئایەتانەى قورئانى کۆکردووەتەوە کە بناغەی بەها ڕەوشتییەکان دادەنێن.

    منیش لێرەدا هەندێک لە فەرموودە صەحیحەکانى پێغەمبەرم (ﷺ) هەڵبژاردووە کە نیشانی دەدەن سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) چیمان پێ دەڵێت لە بواری کاریگەریی ئیمان و باوەڕ لەسەر ڕەفتاری کەسەکە و ڕادەی پیادەکردنی بەها باڵاکان لە ژیانیدا، هاوکات هەندێک لە جوانییەکانى ئیسلاممان نیشاندەدەن، هەر دانەیەکیش لەو فەرموودانە بە ناونیشانى (لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین) دەخەمەڕوو:

1- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: (المُؤمِنُ مَنْ أَمِنَهُ النَّاسُ عَلى أَمْوَالِهِم وَأَنْفُسِهِمْ) ¹ (ئیماندار ئەو کەسەیە کە خەڵکی لە سەر و ماڵیاندا لێی ئەمین بن.
    لێرەوە دروشم و بەیداخی هەندێک لەوانە دەردەکەوێت کە بانگەشەى ئیماندارى دەکەن، چونکە لەو دەمەى زێڕ و زیو لە ئارادایە، پێوەرى ئیمان ڕادەى پابەندبوونى کەسەکەیە بە دەستپاکییەوە.

2- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: پێغەمبەر (ﷺ) سێ جار سوێندى خوارد کە ئەو کەسەى ئازارى دراوسێکەى دەدات باوەڕدار نییە، کاتێک فەرمووى: (واللهِ لایُؤمِنُ، واللهِ لایُؤمِنُ، واللهِ لایُؤمِنٌ) واتە: سوێند بە خودا ئیمانى نییە، سوێند بە خودا ئیمانى نییە، سوێند بە خودا ئیمانى نییە. وتیان: کێ ئەى پێغەمبەرى خوا(ﷺ)؟ فەرمووى: (الّذی لايأمَنُ جارُهُ بَوائِقَهُ)²،(ئەو کەسەى دراوسێکەى لە شەڕ و خراپەى بێ خەم نەبێت.)
    ئایا دواى ئەمە هیچ گومانێک دەمێنێت لەوەى ئیمان کردار و ڕەفتاریش لەخۆدەگرێت؟ 

3- هەر لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: (مِن شَرِّ النّاسِ يومَ القِیامَة ذا الوَجْهَیْنِ الَّذِی يأتِی هَؤلاءِ بِوَجْهٍ وهؤلاءِ بِوَجهٍ) ³ (لە خراپترینى خەڵکى لاى خودا لە ڕۆژى دوایی کەسێکە کە دووڕوو بووە، ئەوەى دێتە لاى ئەم کۆمەڵە بە ڕوویەک و دەچێتە لاى ئەوانى تر بە ڕوویەکى تر).

4- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: خۆبەکەمگرى مرۆڤ بەرزدەکاتەوە و لێخۆشبوونیش ڕێز و شکۆی زیاد دەکات. ⁴

5- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: کە بە ڕوانینێکى هاوسەنگ و دادگەرانە لە ئافرەتى بڕوادار بڕوانین، گەر ڕەوشتێکیمان پێ ناخۆش بوو ڕەوشتێکى تریمان بەدڵ دەبێت. ⁵

6- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: بەرگریکردن لە ماڵ و سامانێک کە لەڕێگەى حەڵاڵەوە بەدەستهاتبێت شەرەف و شکۆمەندییە، ئەگەر مرۆڤی بڕوادار لەپێناو بەرگری لێ کردنیدا بمرێت شەهیدە. ⁶

7- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: نابێت باوەڕدار ساویلکە و هەڵخەڵەتاو بێت، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: (لايَلْدَغُ المُؤمِنُ مِنْ جُحْرٍ واحِدٍ مَرَّتَیْن) ⁷، (ئیماندار دووجار لە یەک کونەوە ناگەزرێت).

8- هەر لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین قەبارەى ئەو بەرپرسیارێتییە بزانین کە دەکەوێتە ئەستۆى تاک بەرانبەر ئەو سنووربەزێنییانەى لە کۆمەڵگادا ڕوودەدەن -جا سنووربەزێنەکە هەر کەسێک بێت-، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتى:
(مَثلُ القَائِمِ عَلى حُدُودِ اللهِ والْوَاقِعِ فِیهَا کمَثَلِ قَومٍ اسْتَهَمُوا عَلى سَفِینَةٍ، فَأصَابَ بَعْضُهُم أعْلاهَا، وَبعْضُهُم أسْفَلهَا، فَكانَ الَّذِینَ فِی أسْفَلِهَا إِذَا اسْتَقَوْا مِنَ المَاِء، مَرُّوا عَلى مَنْ فَوْقَهُم، فَقَالُوا: لوْ أَنَّا خَرَقْنَا فِی نَصِیبِنَا خَرْقاً وَلمْ نُؤذِ مَنْ فَوْقَنا، فَإِنْ يَتْرُكُوهُم وَمَا أَرَادوا هَلكوا جَمِیعاً، وَإِنْ أَخَذُوا عَلى أَیْدِیهِمْ نَجَوْا وَنَجَوْا جَمِیعاً)⁸
 واتە: (نموونەى کەسێک کە سنوورەکانى خودا بەجێ دەگەیەنێت -فەرمان بە چاکە دەکات و ڕێگرى لە خراپە دەکات- لەگەڵ کەسێک کەوتووەتە ناو بەزاندنى ئەو سنوورانەوە وەک سەرنیشانى ناو کەشتییەکن، کە دواى تیروپشک بۆ دابەشکردنى جێگەکانى کەشتییەکە، هەندێکیان سەرەوەى کەشتییەکەیان بەرکەوتووە و هەندێکیان خوارەوەى، پاشان سەرنشینەکانى خوارەوە کاتێک پێویستیان بە ئاو بێت دەبێت سەربکەون بۆلاى ئەوانەى سەرەوەى کەشتییەکە، بۆیە دەڵێن ئەگەر ئێمە لە بەشەکەى خۆماندا کونێک بکەینە کەشتییەکە و چیتر ئەوانەى سەرەوە وەڕس نەکەین، جا ئەگەر ئەوانیش وازیان لێ بهێنن و ڕێگرى نەکەن لەو کارەى دەیانەوێت بیکەن هەموویان تیا دەچن، خۆ ئەگەر دەستیان بگرن و ڕێگرییان لێ بکەن، خۆیان و ئەوانیش هەموو ڕزگاریان دەبێت).

ئەم فەرموودەیە کۆمەڵگە بە کەشتییەک وێنا دەکات کە ئەستەمە بگات بە ئامانجى، بە بێ هاوکاریکردن لە پاراستنیدا و بە بێ هەماهەنگى لەسەر ڕێگەنەدان بە نقومکردنى لەلایەن کەسانى بەرژەوەندخواز و خۆبین، ئەوەش بەهۆى گێلێتى و کورتبینییان کە وایان لێ دەکات بەرژەوەندییەکانى خۆیان پێش بەرژەوەندى گشت کۆمەڵگە بخەن.

9- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: کە گرنگى بە جوان ڕاگرتنى شێوە و سەر و سیمامان بدەین، چونکە (إنَّ اللهَ جَمیلٌ یُحِبُّ الجَمَال) ⁹ (خوا جوانە و جوانییشى خۆشدەوێ. (هەروەها بە بۆنخۆش هێشتنەوەى ناودەم، چونکە (السِّواكُ مَطهَرَةٌ لِلفَمِ مَرْضاة لِلرَّبِّ)¹⁰ ( سیواك پاککەرەوەیە بۆ دەم و هۆکارى ڕەزامەندى پەروەردگاریشە).

10- لە فەرموودەى صەحیحەوە فێربووین: کە گومانى باش بە یەکتر ببەین، چونکە (الظَن أَكْذَبُ الحَدِیث) ¹¹ (گومانی خراپ درۆترین قسەیە).

11- هەروەها فێربووین: کە لەسەر بنەماى ڕواڵەت و ئەوەى دەیبینین مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەین و نەکەوینە شیکارى نییەتى نێو دڵیان، وەک پێغەمبەر (ﷺ) بە یەکێک لە هاوەڵانى فەرموو: (أَشَقَقْتَ عَنْ قَلبِهِ؟!) ¹² (مەگەر دڵیت لەتکرد -تا بزانیت مەبەستى چییە-؟!)

12- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: پلەوپایەى ئافرەتى موسڵمان لە ئاستێکدایە شایانى ئەوە بێت پێغەمبەرى خودا (ﷺ) لە ڕۆژێکدا کە زۆرترین ژمارەى خەڵک لە ژیانیدا -لە حاجى ماڵئاوایى- لە دەورى ئامادەبوون، بە ڕاسپاردەى تایبەت بفەرمووێت: (اتَّقُوا اللهَ فِی النِّسَاء) ¹³ (لەخواترس بن -لە مامەڵەتان- لەگەڵ ئافرەتاندا).

13- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: پێویستە ڕەچاوى هەستى ئەو کەسانە بکەین کە لە هەمان شوێن لەگەڵمان دانیشتوون، (فَلا يَناجَى اثنَان دُونَ الثالِث) ¹⁴ (با دووکەس پێکەوە چرپە نەکەن بە بێ سێیەمیان).

14- لە فەرموودە صەحیحەکانەوە فێربووین: گیانى ئومێد و چاکەکارى بڵاوبکەینەوه لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا کە هەڵەیان کردووە و هەلى قەرەبووکردنەوەیان نیشانبدەین، بەچەشنى مامەڵەى پێغەمبەر (ﷺ) لەوکاتەى کەسێک هاتە خزمەتى و دانى بەوەدانا کەوتووەتە هەڵەى ماچێک کە حەڵال نەبووە بۆى، ئەویش بەم وتەیەى خوای میهرەبانی دواندى کە دەفەرمووێت: (إِنَّ ٱلۡحَسَنَٰتِ يُذۡهِبۡنَ ٱلسَّيِّ‍َٔاتِۚ) (١٥) (بەڕاستى کردەوە چاکەکان کردارە خراپەکان لادەبات و گوناهەکان دەشۆنەوە). ¹⁶

15- فەرموودە صەحیحەکان ئەمانەیان فێرکردین: ڕێز و پلەوپایەى دایک و باوک، گرنگى پەیوەندى خزمایەتى، مافی دراوسێ، تەنانەت وەفادارى بۆ دۆست و هاوڕێکانى باوک لەدواى مردنیشى، وەک لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە: (إنَّ مِنْ أَبَرِّ الْبِرِّ صِلةُ الرَّجُلِ أَهْل وُدِّ أبِیهِ) ¹⁷ (لە چاکترینى کارە چاکەکان دۆستایەتى و سەردانیکردنى مرۆڤە بۆ ئەو کەسانەى دۆستى باوکى بوون).

16- لە فەرموودەى پێغەمبەرەوە (ﷺ) فێربووین: بەشەرم بوون لە جوانترین خەسڵەتەکانە کە دەشێت لە مرۆڤدا هەبێت، بەڵام لە بەرانبەردا نابێت ئەم سیفەتە ڕێگرى لە خاوەنەکەى بکات لە وتنى حەق و کارپێکردنی و ڕاگەیاندنى، خۆ پێغەمبەر (ﷺ) وەسف دەکرا بەوەى : ( أَشَدُّ حياءً مِنَ العَذْراءِ فِی خدْرهَا)¹⁸، ( بەشەرمتر بوو لە کچێک لە نێو پەردەکەیدا)، لەگەڵ ئەوەشدا لەپێش چاوى هەموو قوڕەیش بەسەر کێوى سەفادا سەرکەوت بۆ وتنی حەق و فەرمووى: (إِنّي نَذیرٌ لکم بَینَ يدَی عَذابٍ شَدیِدٍ)¹⁹، (من ترسێنەرێكم بۆتان بەر لەوەى سزایەکى سەخت ڕووبەڕووتان ببێتەوە). تەنانەت هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیان نەبوو پێغەمبەر (ﷺ) بانگەوازى تێدا نەکات بۆ ڕێگا و ئایینی خوای پەروەردگار.

17- هەر لە فەرموودەى صەحیحەوە فێربووین: (شَرَّ مَا فِي رَجُلٍ شُحٌّ هَالِعٌ وَجُبْنٌ خَالِعٌ) ²⁰، (خراپترین دوو سیفەت لە مرۆڤدا هەبن بریتین لە: ڕەزیلییەکى شپرزەکەر- هەمیشە پرتە و بۆڵەى بێت-، هەروەها ترسنۆكییەکى دڵلەرزێن -کە خاوەنەکەى وەختە دڵى دەربێت لەتاو لاوازی و تێکشکاوى و ناتوانێت هەستێت بە بەرپاکردنى حەق و فەرمان بە چاکە و ڕێگرى لە خراپە و تێکۆشان لەپێناوى خوا-).

    لێرەدا ناتوانین بەم پوختەکارییە مافی تەنانەت دە یەکى ئەو بەهایانە بدەین کە دەکرێت چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵگەش لە فەرموودەکانى پێغەمبەرەوە فێریان بین، ڕێساگەلێک لە هزر و مەنهەج و تێگەیشتن و یاسا و ئاداب و ڕەوشت کە گەورەیی و جوانى ئەم دینەمان نیشاندەدەن.

ئەمەش سەربارى ئەو ژمارە زۆرەى پەڕتووک و توێژینەوە و نامەى ئەکادیمی کە لەو بوارەدا نووسراون، تەنانەت توێژینەوەگەلى دوور و درێژیان تێدایە تەنیا لە جوانییەکانى بوارێک لە بوارەکانى شەریعەتى ئیسلامى کۆڵیوەتەوە بە نموونە بوارى جەنگ، هەروەک منیش لە پەڕتووکەکەمدا بەناوی (جوانییەکانی ئیسلام: چەند تێڕوانینێکی زانستی) ئاماژەم بە کۆمەڵێک پەڕتووک و توێژینەوە داوە لەبارەى جوانییەکانى ئیسلام، کە بەپێى شێوازى نووسین و بابەتەکانیان پۆلێنکراون، دەتوانن بۆ زیاتر سوودبینین بگەڕێنەوە سەرى.

     بەر لەوەى پرسی جوانییەکانى ئیسلام کۆتایی پێبهێنین، پێم باشە چەند کورتە باسێک لە پەڕتووکی (جوانییەکانی ئیسلام: چەند تێڕوانینێکی زانستی) وەربگرین، وەک تەواوکارى و خستنەسەرێک لەبارەى هەندێک لایەنى مەنهەجییەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێ نەداوە.

• لەڕاستیدا ئیسلام لە گشت ئایینەکانى دیکەى ئەمڕۆ بەوە جیادەکرێتەوە کە خاوەنى بیروباوەڕێکى ڕوونە لەبارەى (خودا) بە تەواوى کەماڵ و سیفاتى پەیوەند بەو زاتەوە، لەبەرئەوەشە عەقڵ هیچ ماندووبوونێک نابینێت لە قەبووڵکردنى بیروباوەڕى ئیسلامى لەبارەی خواى گەورە و بێهاوتا، پێچەوانەى ئەو خوڕافە و ئەفسانانەى لە بیروبۆچوونى زۆرێک لە مرۆڤەکاندا هەبوون و هەن لەبارەى خودا، هەروەها ئەم پرسە لە دیارترین پرسەکانى ئایینى ئیسلامە و بەڵگەهێنانەوە لەسەرى کۆششێکى ئەوتۆ ناخوازێت، چونکە قورئان لە سەرەتایەوە تا کۆتایی باس لە بەشکۆیی و گەورەیی و بەرزڕاگری خودایە، ئەو سورەتەش کە پێغەمبەر (ﷺ) هەواڵى داوە بەوەى گەورەترین سوورەتە لە قورئاندا، سەرەتاکەى هەر ستایشى خوایە و دانپێدانانە بەوەى پەروەردگارى جیهانیانە، خاوەن و سەردارى ڕۆژى پاداشت و سزایە، پاشان پەیوەندى نێوان مرۆڤى بەدیهێنراو و خوداى بەدیهێنەر ڕووندەکاتەوە لەگەڵ بەگەورەزانینێکی شایستە بە خوڵقێنەر، کە تەنیا بەندایەتی و پەرستشى ئەو بکرێت، هەر لە ئەویش داواى یارمەتى و پشتیوانى بکرێت، ئەمە گەورەترین سوورەتى قورئانە.

    بە هەمان شێوە گەورەترین و بەڕێزترین ئایەت لە قورئاندا، لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەویش هەر لەبارەى خواوەیە، کە ئایەتى کورسیە (آیة الكرسي)، ئەو بەگەورەڕاگرتنەى خواش کە لە (آیة الکرسي) دا هەیە لەلاى هیچکام لە ئوممەت وگەلە ئاییندارەکانى دیکە وێنەى نییە.

    پاشان لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) بە صەحیحى گێڕدراوەتەوە کە لە قورئاندا سوورەتێک هەیە هاوتاى سێیەکى قورئانە، ئەویش سوورەتى ئیخلاصە، کاتێک لەم سوورەتەش ورد دەبینەوە دەبینین کە تێکڕاى سوورەتەکە بەگەورەدانان و پاک و بێخەوش ڕاگرتنى خواى بەرز و بێهاوتایە. 

    لە هەمان کاتدا ئەگەر تەماشایەکى ئەو دەق و وەسفانە بکەیت کە لە گشت ئایینەکانى تردا لەبارەى خوای بەدیهێنەرەوە هەن، پێویستت بە هەوڵێکى زۆر نییە تا درک بە جیاوازى نێوان ئیسلام و ئەوان بکەیت، بگرە هەر خودی بەراوردکارى لە نێوان ئیسلام و ئەوان لەم پرسەدا ستەمە.

هەروەها لە جوانى و تەواوى و مەزنى دیدی ئیسلام بۆ خودا ئەوەیە کە تەنیا لە ستایش و وەسفى تەواوەتی ئەودا کورتهەڵنەهاتووە، بەڵکوو ئەم وەسف و سیفەتانە بەندایەتى و ملکەچى و کڕوزانەوە بۆ خوداى گەورە دەخوازن، لەم بارەیەوە فەرید ئەنساری -ڕەحمەتی خوای لێبێت- دەڵێت: (کەواتە باوەڕبوون بە پەروەردگارێتى خودا (ڕبوبییەت) بۆ کەسێک کە بەڕاستی و وەک خۆی ناسیبێتى، خۆشەویستى لەگەڵ خۆى دەهێنێت، چونکە ئەگەر باوەڕبوون بە خوایەتى ئەو (ئولوهییەت) کە بریتیە لە خۆشەویستى و لقەکانى ترس و تکا (خەوف و ڕەجا) لەسەر بنەماى باوەڕبوون بە پەروەردگارێتى دامەزرابێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە پەروەردگارێتى خودا سیفەتگەلێک لەخۆدەگرێت دڵەکان بەرەو خۆیان کەمەندکێش دەکەن تا باوەڕ بەخوایەتى ئەو بهێنن و بیپەرستن)).²¹

    کەواتە ئەم بیروباوەڕە ئیسلامییە مەزنە لەبارەى خوداوە وێڕاى ڕوونى و باڵایی و جوانییەکەى، ئەوەى جوانترى دەکات وابەستەیی باوەڕەکەیە بە پێویستى بەندایەتى و پەرستش بۆ ئەو خوایە .

    هەروەک زانراوە لەلاى زانایانى بیروباوەڕى ئیسلامى یەکێک لە گرنگترین بەڵگە قورئانییەکان لە بەرپەرچدانەوەى هاوبەشدانەراندا بەڵگەهێنانەوەیە بە یەکتاناسى پەروەردگار (تەوحیدى ڕبوبیەت) و بە کەماڵ و سیفاتە بەرزەکانى بۆ سەلماندنى یەکخواپەرستى (تەوحیدى ئولوهییەت) کە تەنها شیاوى زاتى الله یە.

• لە دیارترین ئەو هۆکارانەى جوانییەکانى ئیسلام دەردەخەن و لە ناخ و هزرى مرۆڤدا دەیچەسپێنن تەماشاکردنى بارودۆخى سەردەمى نەفامى و جاهیلییە، چ جاهیلییەتى پێش هاتنى ئیسلام و چ ئەو جاهیلیەتەى لەسەرەتای هاتنی ئیسلامیشدا شوێنەواری مابوو، هەروەها بینینى دیوە چاکسازییە گەورەکەى بانگەوازى پێغەمبەر (ﷺ) لە بەرانبەر نەفامییەکى بەربڵاو کە لە ناخ و دەروونى عەرەبدا ڕیشەی داکوتابوو، هەم لە ڕووی بیروباوەڕ و ڕەفتارەوە و هەم لە ڕووى ڕست و داب و نەریتەوە.

    لە ڕاستییدا ئێمە باس لە دەرەنجامى چاکسازییەکى ئاسایى ناکەین چەشنى بەرهەمى بزاوتە چاکسازە کۆن و نوێکان، بەڵکوو باس لە حاڵەتێکى ناوازە و بێهاوتاى مێژوو دەکەین، وەک چۆن یەکێک لە بەناوبانگترین مێژوونووسانى مێژووى نوێ (وڵ دیورانت) گوزارشتى لێدەکات، ئەو وێڕاى بێباوەڕى بە پەیامى پێغەمبەر (ﷺ) و تانەلێدانى و بگرە گومان دروستکردنیش لەسەرى، بەڵام تینى حەقیقەت ناچارى دەکات ئەم ڕاستییە بدرکێنێت، ئەویش لە پەڕتووکی (قصة الحضارة) دەڵێت:

    (ئەگەر گەورەیی کەسەکان بە ڕادەى کاریگەرییان لەناو خەڵکدا بپێوین، ئەوا دەڵێن: موحەممەد لە مەزنترین مەزنەکانى مێژوو بوو، ئەو ئەرکى بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆحى و ڕەوشتى خەڵکێکى لەئەستۆ گرت کە گەرما و برسێتى بیابان فڕێى دابوونە نێو شەوەزەنگی دڕندەیی، لە بەدیهێنانى ئەو ئامانجەشدا بە شێوەیەک سەرکەوتووبوو کە هیچ چاکسازێکى تر لە تەواوى مێژوودا نەیتوانیوە شان لە شانى بدات، زۆر بەدەگمەن مرۆڤێکیش دەبینین وەک ئەو بە گشت ئامانج و خەونەکانى گەیشتبێت).²²
________________________________
1/ پێشەوا ترمزی گێڕاویەتیەوە (٢٦٢٧)
2/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٦٠١٦)
3/ پێشەوا بوخاری (٦٠٥٨) و موسلیم (٢٥٢٦)  گێڕاویانەتەوە
4/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (٢٥٨٨)
5/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (١٤٦٨)
6/ پێشەوا بوخاری (٢٤٨٠) و موسلیم (١٤١)  گێڕاویانەتەوە
7/ پێشەوا بوخاری(٦١٣٣) و موسلیم (٢٩٩٨)  گێڕاویانەتەوە
8/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٢٤٣٩)
9/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (٩١)
10/ پێشەوا نەسائی گێڕاویەتیەوە (٥)
11/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٥١٤٣)
12/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (٩٦)
13/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (١٢١٨)
14/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٦٢٩٠)
15/ سوورەتی هود:١١٤
16/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٤٦٨٧)
17/ پێشەوا موسلیم گێڕاویەتیەوە (٢٥٥٢) 
18/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٣٥٦٢) 
19/ پێشەوا بوخاری گێڕاویەتیەوە (٤٧٧٠) 
20/ پێشەوا ئەبو داوود گێڕاویەتیەوە (٢٥١١) 
21/ جمالية الدين: معارج القلب إلى حياة الروح - فريد الأنصاري (٤٥)
22/ قصة الحضارة (٤٧/١٣)

 
وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە موسوڵمانان

هەموویان ببینە