یادگاریی منداڵەکانمان دەبێت چی بێت؟
ئەو شتانەی منداڵ فێری دەبێت بەبێ ئەوەی فێری بکەین، منداڵەکانمان پاش بیست ساڵی تر چ یادگارییەکیان بیر دێتەوە؟
لەو ساتانەی کە هەست بە جۆرێک لە ئارامی دەکەیت، دەبینیت یادەوەریت کۆمەڵێک وێنە و دیمەنی ڕابردووت بۆ دەگەڕێنێتەوە...
ئەو ڕۆژەی یارمەتیی دایکتت دەدا و لەگەڵ ئامۆزاکانتدا جلەکانتان بە ئاو و سابوون تەڕ کردبوو... تا ئێستاش هەستی دەستلێدانی کەفی سابوونەکەت بیرە لەسەر زەوییەکە.
بۆنی ماڵی نەنکت، ئەو قوتووەی هەمیشە لەسەر مێزی بەردەم دەرگاکە بوو، نەنکت کاتێک چیرۆکی کۆنی «بەقاڵەکە»ی بۆ دەگێڕایتەوە و ڕوومەتت بە شانییەوە نووسابوو.
ئەو ڕۆژەی لەژێر مێزەکەدا لەگەڵ باوکت یاریت دەکرد؛ ئەو خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکەی بوو، تۆش سەرقاڵی یاری بوویت لەگەڵ ئاژەڵە بچووکەکانت، کە داوات لێ دەکرد، دەنگی شێری بۆ دەردەکردیت.
هەستی گەرمی، هاوڕێیەتی و دڵنیایی، تا ئێستاش لە یادەوەریتدا ئامادەیە؛ ئەمە بووەتە «سەرمایەیەکی مەعنەوی» کە لە کاتی گەورەبووندا، کاتێک ڕووبەڕووی پەرتەوازەییەکانی ژیان دەبیتەوە، پشتی پێ دەبەستیت و بۆی دەگەڕێیتەوە.
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێش: ئێمە ئەمڕۆ چ زانیاری و کارامەییەک پێشکەشی منداڵەکانمان بکەین؟ چییان فێر دەکەین؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئاستی «زانیاری» چیتر قورس نییە، چونکە دەیان سەرچاوە هەن پێمان دەڵێن منداڵ لە هەر تەمەنێکدا پێویستیی بە فێربوونی چییە.
بەڵام من وا هەست دەکەم پرسیارێکی تر هەیە کە گرنگییەکەی کەمتر نییە: ئەو یادەوەرییانە چین کە ئەمڕۆ یارمەتیی منداڵەکانمان دەدەین دروستیان بکەن؟
یادەوەریی زۆرێک لە منداڵانی ئەمڕۆ پڕ بووە لە ناوەڕۆکی دیجیتاڵیی بێکۆتا؛ ڕەنگە سوودبەخش و خۆش بێت، بەڵام نوێنەرایەتیی ئەزموونێک ناکات کە «تام، بۆن و هەستی بەرکەوتن»ـی هەبێت.
ئەم وێنە دیجیتاڵییانە جێگەی دەستێک ناگرنەوە کە بکێشرێت بە شاندا، یان گەشتێکی خێزانیی بەردەوام، یان سەردانی ماڵی نەنک و باپیر، یان گفتوگۆیەکی ئاسایی لە ڕێگەیەکی دووردا.
ئێمە دەتوانین سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین، بێ ئەوەی بیکەینە جێگرەوەی ئەو ساتانەی کە هەموو هەستەکانمان تێیدا بەشدارن...
دەکرێت پێکەوە سەیری فیلمە دڵخوازەکەی بکەن، بەڵام بە مەرجێک تۆش لە کاتە خۆشەکان و پێکەنینەکانیدا بەشدار بیت. یان کاتێک پێکەوە خەریکی ئامادەکردنی خواردن بن، یان کاتێک لە بازاڕ، لای فیتەر، یان لە سەردانێکی خێزانیدا لەگەڵت بێت... ئەمانە ڕەنگە ئەمڕۆ زۆر ئاسایی بن، بەڵام پاش چەندین ساڵ دەبنە ئەزموونێکی هەستی، مەعریفی و ڕەفتاریی وا کە هەرگیز لە یاد نەچن.
هەرچەندە ڕابردووی منداڵ پڕ بێت لە یادەوەریی ڕاستەقینە کە بە هەموو هەستەکانی ئەزموونی کردبن، کاریگەرییەکەی زۆر زیاتر و بەردەوامتر دەبێت لەو وانە و چالاکییە دەستکردانەی کە بۆی دادەڕێژین، یان تەنیا پشت بەو چالاکییە دەرەکییانە دەبەستین کە پارەیان تێدا خەرج دەکەین.
#ئاستانە_Astana
- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول





