لە نێوان هەڵاوسانی نمرە و هەڵوەرینی کەسایەتیدا
خێزانی هاوچەرخ هەوڵێکی بێوێنە دەدا و سەرچاوەیەکی دارایی و دەروونیی زەبەلاح لە پێناو فێرکردنی منداڵەکانیدا تەرخان دەکا. مێژوو قۆناغێکی لەم شێوەیەی بەخۆیەوە نەدیوە کە دڵەڕاوکێی خێزان بۆ "دەستکەوتی خوێندن" گەیشتبێتە ئەم ئاستە؛ بە جۆرێک لەگەڵ هەر وەرزێکی تاقیکردنەوەکاندا، لە ماڵەکاندا باری نائاسایی ڕادەگەیەنرێت.
بەڵام جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەم مەکینە فێرکارییە توندوتۆڵە، نەوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە خاوەنی بەرزترین بڕوانامەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە کاتی
ڕووبەڕووبوونەوەی یەکەمین تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی دەرەوەی دیوارەکانی قوتابخانە، ناسکۆڵەترین و پڕکێشەترین و سەرلێشێواوترین نەوەن.
ئەم دژبەرییە زەقە، وامان لێ دەکات پەیوەندی نێوان "فێرکردنی قوتابخانەیی" و "پەروەردەکردن بۆ ژیان" هەڵبوەشێنینەوە، کە ئەمەش پەردە لەسەر سێ تەڵەی گەورە لادەبات کە سیستەمی فێرکاری و پەروەردەیی نوێ تێیاندا گیری خواردووە:
١. کورتکردنەوەی مرۆڤ لە "ژمارە"دا (هەڵاوسانی نمرەکان)
دامەزراوە فێرکارییەکان گۆڕاون بۆ شتێک هاوشێوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان کە کوالێتی مرۆڤ بە ژمارەیەکی دەیی
دەپێون. ئاهەنگ بۆ ئەو قوتابییە دەگێڕدرێت کە نمرەی ٩٩٪ی بەدەست هێناوە، وەک ئەوەی ڕزگاربوونی ئەبەدیی مسۆگەر کردبێت، لە کاتێکدا ئەوەی نمرەی ٧٠٪ی هێناوە وەک پڕۆژەیەکی شکستخواردوو دەکرێت.
ئەم کورتکردنەوە وێرانکەرە، زیرەکییە فرەڕەهەندەکان پووچەڵ دەکاتەوە و ئەو
کارامەییە بنەڕەتییانە پشتگوێ دەخات کە بە قەڵەم و کاغەز ناپێورێن؛ وەک: توانای
دانوستان، زیرەکیی سۆزداری، دەسپاکی، و کارامەیی کارکردن لەگەڵ گرووپدا. کاتێک
مێشکی گەنج ئاوا پڕۆگرام دەکرێت کە نرخ و بەهای ئەو و خۆشەویستیی خێزانەکەی
مەرجدارە بە بەدەستهێنانی "نمرەی بەرز"، هەر ئەونەی کە دەرچوو و پێی نایە بازاڕی
کارەوە -کە دان بە لیستەی نمرەکاندا نانێت، بەڵکو دان بەوەدا دەنێت کە "چی دەتوانیت بکەیت؟"- متمانە بە خۆی لەدەست دەدات.
٢. پیرۆزکردنی "وەڵامی نموونەیی" و لەسێدارەدانی داهێنان، سیستمی خوێندنی نوێ لەسەر یەک بنەما وەستاوە: پرسیارێکی دیاریکراو هەیە و تەنها یەک "وەڵامی نموونەیی" هەیە، هەر
لادانێکیش لەم دەقە سزاکەی کەمکردنەوەی نمرەیە.
تراژیدیاکە لێرەدایە کە ژیانی ڕاستەقینە بەم لۆژیکە کار ناکات؛ کێشە ئاڵۆزەکانی
ژیان (وەک بەڕێوەبردنی تەنگژەیەکی دارایی، یان مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرێکی زۆردار، یان بونیادنانی خێزانێکی سەقامگیر) یەک وەڵامی نموونەییان نییە. ژیان پاداشتی نەرمی و مرونەت ، هەوڵدان و توانای بینینی گۆشە جیاوازەکان بۆ چارەسەر دەدات. کاتێک
قوتابی بۆ ماوەی دوانزە ساڵی خوێندن لەسەر هەڵە سزا دەدرێت، وەک بوونەوەرێک دەردەچێت کە لە ئەزموونکردن دەترسێت و پێی باشترە لە "ناوچەی ئارامی" خۆیدا بمێنێتەوە وەک لەوەی سەرکێشی بکات و هەڵە بکات.
٣. زەوتکردنی "پتەویی دەروونی" بە بیانووی یەکلابوونەوە بۆ خوێندن لەژێر دروشمی "لێی گەڕێ با سەرنجی لەسەر خوێندنەکەی بێت"، زۆرێک لە خێزانەکان هەموو بەرپرسیارێتییەکی
ژیان لەسەر شانی قوتابی لادەبەن؛ نە بۆ کڕینی پێداویستییەک ڕادەسپێردرێت، نە بۆ چاککردنەوەی شتێک، و نە بۆ بەڕێوەبردنی بودجەیەکی بچووک. بە تەواوی لە ناو "خانوویەکی شووشەیی"دا گۆشەگیر دەکرێت تەنها بۆ ئەوەی وانەکانی لەبەر بکات.
ئەم بێبەشکردنە لە بەرکەوتنی ڕۆژانە لەگەڵ وردەکارییەکانی ژیان، گرنگترین ماددە لە قوتابی دەدزێت کە دەبێت فێری ببێت، ئەویش "پتەویی دەروونی"یە.
ئەو کەسەی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە نەبووبێتەوە، بەرپرسیارێتی بڕیارێکی
هەڵەی هەڵنەگرتبێت، و فێر نەبووبێت چۆن دوای کۆسپێکی بچووک لە منداڵی و مێرمنداڵیدا هەستێتەوە، ئەوە لەگەڵ یەکەم شۆکی پیشەیی یان کۆمەڵایەتی لە تەمەنی بیست ساڵیدا، بە تەواوی دەڕووخێت.
قیبلەنما ونبووەکە: لە "لەبەرکردن"ەوە بۆ "بەتواناکردن" دەربازبوون لەم تەنگژەیە
پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە تێڕوانینمان بۆ چەمکی سەرکەوتن، ئەوەش لە ڕێگەی ئەم هەنگاوە پراکتیکییانەوە:
- جیاکردنەوەی بەهای مرۆیی لە ئاستی ئەکادیمی: پێویستە منداڵەکان تێبگەن کە
شکستیان لە بابەتێکی خوێندندا بە واتای شکستیان لە ژیاندا نییە، و بڕوانامەی
قوتابخانە تەنها "کلیلێکە" بۆ یەک دەرگا، نەک بۆ هەموو دەرگاکان.
- پیرۆزکردنی "بوێریی هەوڵدان" نەک تەنها ئەنجام: گۆڕینی ئاراستەی ستایشکردن لە "چەند نمرەت هێنا؟" بۆ "لەم هەڵەیە چی فێر بوویت؟ و جارێکی تر چۆن چارەسەری دەکەیت؟".
- میتۆدی "شەقام و بەرپرسیارێتی": تێکەڵکردنەوەی منداڵان بە ژیانی ڕاستەقینە لە ڕێگەی سپاردنی ئەرکی ناوماڵ، دارایی و کۆمەڵایەتی، کە لە گرنگیدا هاوتایە -بگرە زیاتریشە- لە لەبەرکردنی کتێب و وانەکانی خوێندن.
ئەرکی فێرکردن و پەروەردە، ئاخنینی مێشک نییە بەو زانیارییانەی کە دەتوانرێت بە کلیکێک لە هەر بزوێنەرێکی گەڕانەوە دەستمان بکەوێت، بەڵکو ئەرکەکەی دروستکردنی عەقڵێکە کە توانای "بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی" هەبێت، و دەروونێک بێت کە خاوەنی پتەوییەکی ئەوتۆ بێت بتوانێت ڕووبەڕووی جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاری و هەڵبەز و دابەز
ببێتەوە.
پیاچوونەوە بە چەمکەکانی پەروەردە و فێرکردندا پێویستییەکی بەپەلەیە بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی داهاتوو لە وەهمی "پێشبڕکێی سەلامەت". بڵاوکردنەوەی ئەم دیدگایە دەرگای گفتوگۆی جیدی دەکاتەوە و بانگهێشتمان دەکات بۆ تێڕامان لە ئەزموونە پراکتیکییەکان
سەبارەت بە چۆنیەتی هاوسەنگکردن لە نێوان باڵابوونی ئەکادیمی و سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە ژیاندا.
د. عەبدولکەریم بەکار
#ئاستانە_Astana

لە نێوان هەڵاوسانی نمرە و هەڵوەرینی کەسایەتیدا
ئەم دژبەرییە زەقە، وامان لێ دەکات پەیوەندی نێوان "فێرکردنی قوتابخانەیی" و "پەروەردەکردن بۆ ژیان" هەڵبوەشێنینەوە
لە نێوان هەڵاوسانی نمرە و هەڵوەرینی کەسایەتیدا
ئەم دژبەرییە زەقە، وامان لێ دەکات پەیوەندی نێوان "فێرکردنی قوتابخانەیی" و "پەروەردەکردن بۆ ژیان" هەڵبوەشێنینەوە
نووسەر
ئاستانە
پێنج خولەک خوێندنەوە ٢ ئاب ٢٠٢٦



