مۆدێرنە و قەتیسبوونی گەنجان

مۆدێرنە و قەتیسبوونی گەنجان

مۆدێرنە و قەتیسبوونی گەنجان

نووسەرئاستانەئاستانە
چوار خولەک خوێندنەوە ٢٢ بینینەکان ٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦

مۆدێرنە و قەتیسبوونی گەنجان

«بڵێم دنیا درەنگ سەرچێ، وە یاخود ئاخیرەت زوو بێ؟
منی شەرمەندەیی موفلیس؛ نە دنیاییم، نە عوقبایی!»


ئەمە بەیتەشیعرێکی «سالم»ـە، کە ئاماژە بە دیاردەیەک دەدات کە زۆرینەی زۆری گەنجانی ئەمڕۆمانی پێوە موبتەلا بووە. ئەویش دروستبوونی گەنجێکە کە لە خەوی قووڵی غەفڵەتدایە و، چرکەکانی تەمەنی هێدی هێدی دەڕۆن و ئەمیش لە چاڵێکی وەستاودایە.
نە سەر بە ئەهلی دنیایە کە بتوانێت کارێک بکات لە ژیانی ئێستایدا سوودێکی لێ وەربگرێت، نە سەر بە ڕۆژی دوایییە کە بتوانێت سەبەتەی تێشووەکانی ئامادە بکات بۆ ئەو سەفەرە هەتاهەتایییە.

بەڵام ئەگەر شیکارییەکی دەروونی بۆ ئەم مرۆڤە بکەین، دەبینین ئەم مرۆڤە وەکوو هەر کەسێکی دی، خاوەن ئامانج و کۆمەڵێک خەونە کە دەیەوێت پێیان بگات؛ دەیەوێت لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦دا فێری کارێکی نوێ بێت، زمانێکی نوێ، یاخود لە زانستێکی شەرعی یان سروشتیی دیاریکراودا ئاستی خۆی بەرەو پێش ببات. بەڵام جیاوازیی لەگەڵ مرۆڤەکانی دی ئەوەیە، ئەم مرۆڤە ماوەتەوە و هەنگاو نانێت و لەناو بازنەی کوشندەی «تەفاهە» (پووچی)ـدا گیر بووە. هۆکاری سەرەکیی دەستوپێسپێتیی گەنجانیش دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پەروەردە و گەورەبوونیان.

سەرنجی تۆ ڕادەکێشم بۆ دەستەواژەیەک بە ناوی (السبهللة) کە لە زمانی عەرەبیدا بە مانای ئەوە دێت مرۆڤێک نە دونیایییە و نە ئاخیرەتی! لە ڕاستیدا نازانێت ڕۆڵی چییە لە ژیاندا، کاتەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ کورتتر دەبنەوە و ئەمیش وەستاوە.
وەکوو چۆن لە ئەسەرێکدا لە ئیمامی عومەرەوە دەگێڕنەوە کە دەفەرمووێت:
«إني لأَكْرَهُ أَن أَرى أَحَدَكُم سَبَهْلَلاً، لا في عَمَل دُنْيا ولا في عَمَل آخرة».
واتە: «ڕقم دەبێتەوە لە مرۆڤێک کە سەبەهلەل (بەتەڵ و بەڕەڵا) بێت؛ نە لە کاری دنیادایە، نە لە کاری قیامەت.»

دەبینیت گەنجێکی ئاسایی دەخرێتە سیستەمێکی خوێندنەوە، کە هەموو خانەیەکی گۆڕانکاری و ڕۆحی داهێنان تێیدا دەکوژێت و، ژیانی کورت دەکاتەوە لەو قاوغە ئەکادیمییەی کە بۆی دانراوە. بەبێ ئەوەی ئەم مرۆڤە گۆڕانکارییەک دروست بکات، تەمەنی بەڕێ دەکات تاوەکوو دەچێتە زانکۆ. پاش ئەوەی زانکۆش دەخوێنێت، دەرەنجام ئەم مرۆڤە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بە ڕووی ژیاندا دەکرێتەوە، کاتێک دەچێتە ماراسۆنی ژیانەوە کە سەدان هەزار هاوتەمەنی خۆی لە پێشییەوەن.
هەموو ئەوەشی لە هەگبەیدایە، تەنیا هەندێک زانیاریی کرچوکاڵیی کورتکراوەی ئەکادیمیایە که لە مێشکیدا قەتیس بووە. خاڵییە لەو کەرەستانەی کە لە ژیانی واقیعدا پێویستیەتی، وەک زانستی مامەڵەی ناو خەڵک، یاخود ئەوەی کە پێی دەڵێن «زانستی شەقام» (Street Knowledge).

مرۆڤێک کە وەک منداڵێکی بلووری لە چوارچێوەی شووشەیەکی ئەکادیمی گەورە کراوە و، ناتوانێت لە واقیعدا هەڵبکات.
پێچەوانەی مرۆڤەکانی پێش مۆدێرنە، کە خاوەنی سەربەخۆییی کەسایەتی بوون و ڕۆژگار بە جۆرێک فێری کردبوون کە قاوغی لەجێمانەوە بشکێنن.

«جۆن تایلۆر گاتۆ»، ڕەخنەگری ئەمریکی، دەڵێت: «سیستەمی خوێندنی مۆدێرن، کۆتوبەندی زۆری تێدایە و ڕێنمایی و یاسای زۆرە؛ مرۆڤ لە جیهانێکدا کە یاسا و کۆد و ڕێنمایی زۆری تێدا بێت، مرۆڤێکی لێ دەردەچێت کە لەناو سندووقە تەسکەکەی بیرکردنەوەی قەتیس دەبێت و ناتوانێت لە دەرەوەی سندووقەکە بیر بکاتەوە (Thinking Outside The Box)».
بەڵام ئەگەر بڕوانینە مرۆڤەکانی پێشین، دەبینین هەر مرۆڤە و خاوەن چیرۆکی ژیانکردنی خۆی بووە و ژیانیان پەنجەمۆری تایبەت و سەربەخۆی هەبووە. پێچەوانەی مرۆڤەکانی ئێستا، کە وەک چۆن کارگەیەک کاڵا بەرهەم دەهێنێت، بە هەمان جۆر و هەمان شێوە دێنە ناو کۆمەڵگەوە و بارگرانی دروست دەکەن.

ئەگەر بڕوانینە سیرەی پەیامبەرمان (ﷺ)، دەبینین عەبدولموتەلیبی باپیری، پەیامبەر دەنێرێت بۆ بیابانەکانی بەنی سەعد لەلای حەلیمەی سەعدییە گەورە دەبێت و، تێکەڵی کەشوهەوای سەرکێشیی بیابانەکان دەبێت و، فێری زمانپاراوی و دەوڵەمەندیی زمانی عەرەبی دەبێت. پاشان دەست دەداتە شوانی و لە گەنجیشدا کاری بازرگانی دەکات، بیابان تەی دەکات بۆ وڵاتی شام و، فێری مامەڵەکردن و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی سەروەت و سامان و سەوداکردن دەبێت.
ئەو شێوازی ژیانکردنە لە کوێ و، منداڵە بلوورییەکانی سەردەم لە کوێ؟!

بە هەمان شێوە، لە ڕۆژئاوادا ئەم جۆرە پەروەردەیە هەبوو، کە لە تەمەنە کەمەکانی منداڵییەوە وایان دەکرد ڕووبەڕووی ژیانی واقیع ببنەوە و، ببن بە بەشێک تێیدا. چونکە بێگومان لای مرۆڤایەتی زانراوە کە ژیان شەپۆلی بەرز و نزمی زۆرە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو شەپۆلانەدا هەروا ئاسان نییە، بۆیە پێویست دەکات لە تەمەنە کەمەکانی منداڵییەوە فێری هونەری ژیانکردن بین، بۆ ئەوەی ئەو دەرەنجامە نەیەتە دی کە ئێستا دەبینرێت.

باشترین کار ئەوەیە کە شوێن ئەو «ئوسوە حەسەنە»یە بکەوین کە پەیامبەری ئەکرەمە (ﷺ) و، خۆمان و نەوەی دواڕۆژیش لەسەر ئەو شوێنپێیە پیرۆزانەی ئازیزمان گەورە بکەین.

- سەرمەد فوئاد

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە خێزان و پەروەردە

هەموویان ببینە