زەردەشتییە ڕەسەنەکان چییان دەربارەی پاش مەرگەوە گوتووە؟
ئیدی مرۆڤەکە بردراوە بۆ دەخمە و لێرەوە ژیانێکی نوێ ڕووبەڕووی تاکی زەردەشتی بووەتەوە، گیانی مرۆڤ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەلای تەرمەکە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا ئەگەر مرۆڤەکە چاکەکار بووبێت، ئەوا گیانەکەی لە خێر و خۆشیدا دەبێت و بۆنی خۆشی بەسەردا دێت، پاش کۆتایی هاتنی ئەم ماوەیەش، گیانەکە دەچێتەوە شوێنێکی زەریفەوە و لەلایەن کیژۆڵەیەکی پازدە ساڵەی جوانی بە ئەندامی پێست ناسک و خاوەن ڕووخسارێکی نازدار و جەستە ڕێك و دوو مەمکی قوتەوە پێشوازی لێ دەکرێت و سوپاسی پێشکەش دەکرێت، پاش ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا دەبێت -بە گیانەکە- دەڵێت:
هەر وەک پێشوو خۆشەویستی، بە هزرە باشەکانت، بە وشە باشەکانت، بە کردەوە باشەکانت، بە ئاییندارییە باشە جوانەکەت خۆشەویستت کردم و جوانتریشت کردم، زیاتریش پەسەندت کردم، پاشان گیانەکە بە چوار هەنگاو گەردوونە ئاسمانییەکان دەبڕێت و دەگاتە ڕۆشناییە بێ کۆتاکان واتە فیردەوس.
بەڵام سەبارەت بە گیانی مرۆڤە خراپەکارەکان، ئەو کیژۆڵەیەی لە ڕۆژی چوارەمدا پێشوازی لێ دەکات زۆر ناشرینە، پاش ڕەشەبا و تۆفانێکی بەهێز پێشوازی لێدەکات و ئەو خراپە و تاوانانەی پێ ڕادەگەیەنێت کە لە ماوەی ژیانیدا ئەنجامی داون.
ئەو کیژۆڵە جوانە یاخود ناشرینە (داینا = دەئینا = ویژدانی بە ئاگا)یە؛ واتا ئەو گیانەی تایبەتە بە مرۆڤ و شێوەی گیانە لە ژیانی دونیادا، ئەگەر خراپەکار بووبێت ئەوا دەئینا ناشرین دەبێت و بە پێچەوانەشەوە.
بۆ ئەوەی کەسی مردوو نشینگەیەکی بەردەوامی لە گێتییە نوێیەکەدا دەستبکەوێت، هەر دەبێت تاقیکردنەوەیەکی ئاسان تێپەڕێنێت، ئەویش پەڕینەوەیەتی لەو پردەی کە دەکەوێتە سەر دۆزەخەوە، ئەم بیروباوەڕە لای زۆرێك لە ئایینەکان ئەمە بەدیدەکرێت، وەك ئایینەکانی:
ئیسلام، زەردەشتی، هیندییە سوورەکان، ئەسکیمۆ و ئایینەکانی ئاسیا و ئەفریقا و تەنانەت ئایینە سەرەتاییەکانی دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئوستڕالیاش بڕوایان بە پردی (سیرات) هەبووە.
«موبەد ئەردەشیر» کە موغێکی زەردەشتی و شارەزایەکی سەردەمی ئێستایە بەم جۆرە باس لەم پردە دەکات:
"پردی جینود زاراوەیەکی ئاڤێستاییە (Chnvat) کە بەرانبەر بە زاراوەی پردی سیرات دێت کە زاراوەیەکە لە دوو وشە پێكدێت (پرد + سیرات)، پرد واتاکەی دیارە و (سیرات)ـش لە (مەسیر)ەوە هاتووە کە واتای چارەنووس دەگەیەنێت، کە لێپێچینەوە دەست پێ دەکات لەو کارانەی مرۆڤ لە ژیان ئەنجامە داوە.
هیندییەکانیش کە لە پێش زەردەشتییەتەوە بوونیان هەبووە لە ڕووی باوەڕەوە، بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە، لەو بڕوایەدان کە -ڕەوان- گیان لە ڕۆژی دووەمیدا لە لاشە جودا دەبێتەوە، و لە ڕۆژی سێیەمدا دەچێتە ئاسمان بۆیە نوێژی لەسەر دەکەن."
بنەڕەتی ناوە ئاڤێستاییەکەش بریتییە لە (چینڤەت پێرێتو – Cinwat Pvrvtu) و بە کوردیش دەبێتە (پردی چینڤەت) کە لە پەهلەویدا واتای پردی جوداکەرەوی گەیاندووە، ئەو پردەیە کە باش و خراپ لێک جودا دەکاتەوە، بژارکردنی گیانە باش و خراپەکان و ڕەوانەکردنیان بۆ بەهەشت یاخود دۆزەخ لەڕێگەی ئەم پردەوە جێبەجێ دەکرێت، بە واتایەکی دیکە دادوەری و لێپرسینەوەی بەرایی لە کردەوەی گیانی مرۆڤەکان لەسەر ئەم پردە بەڕێوە دەچێت، گیانی مرۆڤە باشەکان بە خۆشی و بە ئاسوودەیی لێی دەپەڕنەوە شڵەژاو و تۆقا و بەرەو دۆزەخ شۆڕ دەبنەوە، ئەوانەی چاکە و خراپەیان یەکسان بێت هەر لە ڕێگەی ئەم پردەوە بەرەو بەرزەخ ڕێنوێنی دەکرێن.
لە گاتاکاندا چەند جارێک باسی چینڤەت پرد کراوە، ئەم پردە ڕێڕەوێکە بۆ پەڕینەوەی گیان بەرەو بەهەشت، دۆزەخ یاخود بەرزەخ.
لە یەسنا: هاتی ٤٦: بڕگەی ١٠ – ١١ ـدا هاتووە:
"ئەی مەزدا ئەهورا، ئەو کەسەی چ ژن چ پیاو، جێبەجێ بکات ئەوەی تۆ گوتت باشترینە لە گێتیدا، بۆ پاداشتی ڕاستبوونی ئەو، بە بەهەشتی پاک شادی بکە و لەگەڵ ئەو کەسانەی من پەرستنی تۆم فێرکردن، لە پردی چینڤەت بمان پەڕێنەوە.
کەرەپەن و کاڤییەکان بەهۆی زۆرداری زۆرداری، خەڵکی بەرەو بەدڕەوشتی و خراپی دەبەن هەتاوەکوو گێتییەکەی دیکەیان لەناو ببەن، گیان و دەئینای ئەوانە لە کاتێك پردی چینڤەت نزیك ببێتەوە ترس و تۆقان دایاندەگرێت و خانومانی درۆ شوێنی هەتاهەتایی ئەوانە."
لە یەسنا: هاتی ٥٠: بڕگەی ٤دا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمێشەسپێنتەکان لە کاتی پەڕینەوە لە چینڤەت پرددا ڕینوێنی و هاوکاری گیانە باشەکان دەکەن.
"...ڤەهێشتەمەنەنگها و خشەترا لەسەر پردی چینڤەت و لەسەر ڕێگەی ئەو بەهەشتەی ئاواتی گشت باوەڕدارێکە، چاوەڕوانی پیاوچاکانن."
لە یەسنا: هاتی ٥١: بڕگەی ١٣ـدا ئاماژە بەوە دراوە کە "ترس و تۆقان گیانی درۆپەرستان (کافر و بێبڕوایان بە زەردەشتییەت) دادەگرێت لەو دەمەدا کە کردەوەکانیان لەسەر چینڤەت پرێتو بەدەردەکەوێت، چونکە بەهۆی کردەوەکانی لە ڕێگەی ڕاست دوور کەوتوونەتەوە."
لە کاتی پەڕینەوە ترس و گیان و دەئینای مرۆڤە ناپاکەکان لەسەر پردی چینڤەت دادەگرێت و ناتوانن بپەڕنەوە و لە ئەنجامدا بەرەو دۆزەخ ڕاپێچدەکرێن.
بەپێی ئاڤێستا و دەقە پەهلەوییەکان، پردی چینڤەت لە چیای دائیتیك کە دەکەوێتە ڤەریەنە ڤەئیجە (ئەیرییەن ڤاچ)، بەرەو چیای هەرەبەرز ڕاکشاوە، سەرێکی ئەم پردە لە گێتی ماددی و سەرەکەی دیکەشی بە دەروازەی بەهەشتەوە لکاوە، ناوەڕاستی ئەم پردە بە ڕووی خوارەوە دەڕوانێتە سەر دەروازەی دۆزەخ.
گیانی مرۆڤەکان لە پاش ئەوەی سێ شەو و سێ ڕۆژ لەسەر جەستەی بێ جووڵە دەمێتێتەوە لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارەم بەرەو گێتییەکەی دیکە بەڕێدەکەوێت و خۆی لە بەردەم ئەم پردەدا دەبینێتەوە، گشت گیانە پاك و ناپاکەکان دەبێت پێ بخەنە سەر ئەم پردەوە، چونکە ئیزەدی سەرجەم مرۆڤەکان هەژمار دەکەن، لەسەر ئەم پردە گیانی مرۆڤی چاکەکار و گیانی مرۆڤی خراپکار لێك جودادەکرێنەوە و هەر یەکەیان بەرەو چارەنووسی دەستنیشانکراوی خۆیان دەڕۆن.
ئەم پردە بۆ ئەو کەسانەی کە کردەوەی چاکیان پترە، هێندەی نۆ ڕم کە هەر ڕمەی بە قەد سێ حەیزەران درێژ بێت، بەرفراوان دەبێت و ئەم گیانە بەو پەڕی ئاسوودەیی دەپەڕێتەوە و دەروازەی بەهەشتی بە ڕوودا دەکرێتەوە؛ بەڵام ئەوانەی کردەوەی خراپیان پتر بێت، ئەم پردە لە لێوی شمشێرێك لە موو باریکترە و باریکتر دەبێت، گیانی بەدڕەوشت و دێوپەرستەکان لەسەر ئەم پردە هەرگیز ناتوانێت بە ئاسوودەیی بپەڕێتەوە و لەسەر پردەکە دەکەوێتە خوارەوە و دەروازەی دۆزەخی بۆ دەکرێتەوە.
کەسانێكیش هەن کە کردەوەی باش و خراپیان وەك یەك وەهایە و لە یەك ئاستدایە بە بەرزەخیان ناودێر کردووە و لە بری بەهەشت بەرەو ئەم مەنزڵگایە دەگوێزرێنەوە.
ئەم پردە مەترسیدارترین و ناخۆشترین ڕێگەیە و گشت کەس دەبێت پێیدا تێبپەڕێت.
کەواتە کۆی ئەو بۆچوونانەی کە زەردەشتییەتە ڕەسەنەکان هەیانبووە لەبارەی مرۆڤ لە پاش مەرگییەوە هەتا ڕادەیەکی زۆر نزیک بووە لە ڕێڕەوی ئایینەکانی پێش و پاش خۆیەوە، گەلێک دوورە لەو بانگەوازییەی کە کەسانێک دەیانەوێت بەرەو تەوژمی ئیلحادی هەنگاو بە زەردەشتییەت بنێن، دەی بەو پێوەرە بێت ئەوەی زەردەشتییە نوێیەکان دەیکەن تێکدان و لادانیانە لە پەیڕەوی بابوباپیرانیان، نەک گەڕانەوە بێت بۆ ڕێچکەی ئەوان!
#ئاستانە_Astana

زەردەشتییە ڕەسەنەکان چییان دەربارەی پاش مەرگەوە گوتووە؟
زەردەشتییە ڕەسەنەکان چییان دەربارەی پاش مەرگەوە گوتووە؟
نووسەر
ئاستانە
پێنج خولەک خوێندنەوە ١١٧٨ بینینەکان ٧ کانوونی یەکەم ٢٠٢١



