کارمەندێک، وێنەی ژەمەخواردنێک بۆ وەزیر دەنێرێت. وەزیر «شێت و گیر» دەبێت و، بە دەمبەرۆژوویییەوە سێ کاتژمێر گەشت دەکات، بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێتە زیندانەکە و، کۆتایی بەو «هەڕەشە گەورەیە» بهێنێت.
بەرپرسان لە ترساندا ڕەنگیان پەڕیوە، بە یەک دەڵێن: "دەبێت چی بووبێت وەزیر وا تووڕە بووە؟! بڵێی زیندانییەکان تونێلیان لەژێر زیندانەکە لێدابێت و ئێمە بێخەبەر بین؟!"
وەزیر بە هەناسەبڕکێ و تووڕەیییەکی زۆرەوە وێنەیەکیان نیشان دەدات. بەرپرسانی زیندانەکە زیاتر سەریان دەسووڕمێت، لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: "قاپێک و چەند دەنکە زەیتوونێک؟!"
بەرپرسێکیان بە شڵەژاوییەوە وتی: "گەورەم، مەبەستت چییە؟ نەخشەی تونێلێکە؟ ئاماژەیە بۆ کودەتا؟"
یەکێکی تریان چاوی زەق بووەوە و بە ترسەوە وتی: "گەورەم... چۆن هەستمان بەمە نەکرد؟! لەوانەیە دووریی نێوان زەیتوونەکان کۆدێکی سەربازی بێت بۆ دیاریکردنی کاتژمێری سفری مانگرتنێک؟! یان تۆفانێک لەناو زیندانەوە؟"
وەزیر زیاتر تووڕە دەبێت و هاوار دەکات: "گەمژەینە بۆ تێ ناگەن؟! بیانژمێرن هەشت دانەیە؛ لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبوو شەش دەنک بن! ئەوان دەبێت تەنیا ئەوەندەیان پێ بدرێت کە نەمرن؛ ڕێک شەش دانە، نەک هەشت!""
بەدرێژایی مێژوو جەنگەکان لەسەر خاك و سەرچاوە سروشتییەکان و ئایدۆلۆژیا بەرپا بوون، بەڵام قەت بیستووتانە وەزیری دەوڵەتێک، شەڕ لەسەر دوو دەنکە زەیتوون بکات؟!
گەیشتن بەو ئاستەی کە بەهەڵە زیادکردنی دوو دەنکە زەیتوون لە قاپی دیلێکدا وەک پێشێلکارییەکی ئەمنی ببینرێت، نیشانەی داڕمانێکی مۆڕاڵی و دەروونییەکی پڕ لە ترسە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ستەمکاری، بەر لەوەی زیان لە قوربانییەکانی بدات، دەروون و عەقڵی خۆی نەخۆش دەخات.
سناء محی الدین
#ئاستانە_Astana
- طراح
- موحەممەد ڕەسول

- تهیهکننده
- ئاستانە

- ناشر
- گەشبین




