دوای ئەوەی لەناو دۆزەخی ئاسن و ئاگر و، لەناو برسییەتی و تینوێتی و، لەژێر باری گرانی و نەخۆشی و ئاوارەیی و سەدان دەردی تاقەتپڕووکێنی تردا تێپەڕین و نەکەوتن!
دوای ئەوەی بە پلەی نایابی خودایی، لە تاقیکردنەوەی هەرە سەختی لەدەستدانی ماڵوحاڵ و جگەرگۆشەکانتان دەرچوون...
نایەین هاوخەمی و بەزەییتان پێ بفرۆشینەوە! نا... حاشا، ئێوە لەوە گەورەترن کە پێویستتان بە فرمێسکی سارد و وشکی ئێمە بێت. ئەوەی شایەنی بەزەیی و گریانە، ئێمەین!
ئەوەی کۆت و دیلکراوە ئێمەین؛ ئێوە ئازادترین مرۆڤی سەر زەوین، بەڵام ئێمە هێشتا دیلی دەستەوەستانی، ترس و، بەرژەوەندیی خۆمانین. ئەوەی بەهای لەدەست داوە ئێمەین؛ ئێوە پێناسەی شەرەف و ناسنامەی ئوممەتتان نووسییەوە و، ئێمەش وەک تەماشاکەرێکی بێدەسەڵات تەنیا لێمان ڕوانین!
ئێوە پەردەتان لەسەر ڕووی ڕاستەقینەی ئەم جیهانە و، ویژدانی مردووی ئێمەش لادا. نیشانتان دا کە ناوچەکەتان سەرەڕای بچووکیی جوگرافیای، لە جیهان گەورەترە کاتێک باسی ئیمان دەکرێت.
ئێوە بەها، ئیمان، یەقین و ئەخلاقتان نیشانی مرۆڤایەتی دایەوە. وە سەلماندتان کە موسڵمانبوون بە وتار و دروشم نییە، بەڵکوو کرداری پێویستە. ئێوە واتان لێ کردین بە تاسەی ئەوەوە بین، بەبێ ئەوەی هەست بە دووڕوویی بکەین، بڵێین: «موسڵمانین!!»
داوای لێخۆشبوون لە خودا و، پاشان لە ئێوە دەکەین؛ نزاخوازین کە لە نووری ئەو باوەڕە دامەزراوەی ئێوەوە، تیشکێک بێت بۆ تاریکستانی دڵە کڕۆڵەکانمان!
#ئاستانە_Astana
- طراح
- موحەممەد ڕەسول

- تهیهکننده
- ئاستانە

- ناشر
- گەشبین




