یەکەم هەنگاو بۆ گۆڕینی جیهان، ناسینەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمانە!
ئێمە وەک دەنکەکانی تەسبیحێکی پچڕاو واین؛ هەر یەکێکمان لە سووچێکی ئەم جیهانەدا سەرگەردانین. ڕەنگەکانمان زیندوو و شێوەکانمان جیاوازن، بەڵام ئەو دەزووەمان لێ ون بووە کە یەکی دەخستین و ئاوازێکی هاوبەشی پێ دەچڕین.
مێژوویەکی تاڵ، سنووری لەنێوان دڵەکانماندا داڕشت، پێش ئەوەی لەسەر خاک نەخشەی بۆ بکێشێت. فێری کردین ناوی هۆز و نەتەوەکانمان لەپێش ناسنامەی ئیمانمانەوە بهێنین. ئێمەی دابەش کرد بەسەر دەیان «من»ـی بچووکی دژبەیەکدا، لە کاتێکدا ئێمە هەموومان لە بنەڕەتدا یەک «ئێمە»ی گەورە بووین. بووین بە هەتیوی مێژوویەکی شکۆمەند و میراتگری کێشەگەلێکی بچووک کە ڕۆح و وزەی لێ داخزاندووین.
ئەو ڕۆژەی تێگەیشتین کە شوناسی ئیسلامی چەترێکی کۆکەرەوەیە هەتا هەموومان لە سێبەرەکەیدا بحەوێنێتەوە، نەک دیوارێک بێت لەوانیترمان داببڕێت؛ کاتێک زانیمان ئەم شوناسە «قیبلەنما»ی ئێمەیە و هەموو شوناسەکانی تر وەک ئەستێرەگەلێکی ڕێنیشاندەر لە خولگەی ئەودا دەسوڕێنەوە، ئەو کاتە ئیتر ئەم گەڕانە بێهوودەیە و ئەم سەرگەردانییەمان کۆتایی دێت.
ئەو ڕۆژە، ئەو دەنکە پەرشوبڵاوانە جارێکی تر بە دەزووە نورانییەکە دەهۆنرێنەوە و تەزبیحێکی نوێ پێک دێنن کە ئاوازی «یەکبوون» و «پەیامداربوون» بۆ ئەم جیهانە ماندووە دەچڕێت؛ جیهانێک کە تینووی دادپەروەری و واتا و ئارامییە. چونکە یەکەم هەنگاو بۆ گۆڕینی جیهان، ناسینەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمانە.
سەناء محی الدین
#ئاستانە_Astana




