ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕەوش و بارودۆخی سەرۆکە ڕفێندراوەکەی ڤەنزوێلا لە زینداندا بڵاو کردووەتەوە؛ لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کێشێکی زۆری دابەزاندووە و، خۆی بە خوێندنەوە و توێژینەوە لە ئایینەکان و فەلسەفەدا سەرقاڵ کردووە و، زۆر بە وردییەوە قورئان و ئینجیل دەخوێنێتەوە...
ئەمە چیرۆکی «سەعید ساڵح»ـی بیر هێنامەوە -بە ڕەحمەت بێت- کە کچەکەی لە پۆدکاستێکدا دەیگێڕایەوە کە: باوکی مرۆڤێکی ئاسایی و کەمتەرخەم بووە، بەڵام بە کەوتنە زیندان ژیانی بە تەواوی گۆڕاوە و، هەر لەو ساتەی پێی ناوەتە زیندان، قورئانی لە دەست دانەناوە...
هەروەها چیرۆکی «عەجەمی»ـیش، کە دوو جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا درا و لە پەتی سێدارە گەڕایەوە و، ٢٧ ساڵیشی لە زینداندا بەسەر برد.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە شۆک و لەرزینێکی توندی وەک «زیندان»ە بۆ ئەوەی گرنگی بە گرنگترین پرسیاری مرۆڤ بدەین کە «پرسیاری بوون»ـە؟
سروشتییە کە ژیان دەمانڕفێنێت، بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواماندا دەبات، ون دەبین و مەبەست و پێگەی بنەڕەتیی خۆمان لەبیر دەچێتەوە.
بەلای منەوە، بنەچەی باسەکە لە ڕیوایەتێکدا بەرجەستە دەبێت (کە لەوەیە سەحیح نەبێت)؛ دەوترێت کاتێک باوە ئادەم دابەزییە سەر زەوی و تەماشای چواردەوری کرد، ترسا و هەستی بە نامۆیی و غەریبی کرد. پاشان کەعبەی پیرۆز -ماڵی خودا-ی دۆزییەوە و، بە دەوریدا سووڕایەوە و ئارامی گرت.
من و تۆ و هەموومان، لەسەر ئەوە ڕاهاتووین کە لە شوێنێکی نامۆدا بەجێهێڵدراوین؛ ئەگەر بۆ ساتێکیش هەست بە ئارامی بکەین، هەر زوو هەڕەشەی فەوتان و مەرگ تێکی دەدات. ئێمە بۆ ئەوە دروست نەکراوین کۆشک و تەلار لەم دنیایەدا هەڵبچنین؛ نە بۆ ئەوەی بوونی خۆمان بەسەر مرۆڤەکانی تردا بسەلمێنین، وە نە بۆ ئەوەش بەردەوام ڕابکەین و لە بازنەیەکی بەتاڵدا بەدوای شتێکدا بگەڕێین کە لە بوونی خۆمان ڕازیمان بکات.
دونیا بە دوای خۆیدا ڕاتدەکێشێت، ماندووت دەکات و سەرقاڵت دەکات تا ئەو کاتەی بەخەبەر دێیتەوە و دەبینیت تەمەنت بۆ سەرابێک بەفیڕۆ داوە، لە کۆتاییشدا بە دوای دوو وشەدا دەگەڕێیت تا پێیان بزانیت تۆ کێیت و ئەم هەمووە لەبەر چی بوو؟
مەهێڵە لە ناو قەرەباڵغیی ژیاندا ون ببیت؛ چونکە ئەگەر هەندێکیشمان تووشی قەیرانێک بووبن کە پێشوەخت بە خەبەریان بهێنێتەوە، ئەوە تۆ هیچ گەرەنتییەکت نییە بۆ ئەوەی هەمان شت بەسەر تۆشدا بێت. خۆ ئەگەر تووشی قەیران و تەنگانەیەکیش بوویت، بزانە کە خودا دەیەوێت خۆیت بیر بخاتەوە.
ــ عەبدوڵڵا عوسمان
#ئاستانە_Astana
- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول

- ئامادەکار
- ئاستانە

- بڵاوکەرەوە
- گەشبین




