من ئایفۆنم پێیە کەواتە من هەم!
دەچیتە بازاڕ، سەرنج دەدەیت خەڵکێکی زۆر سەرەیان گرتووە، ڕیز بوون، دەپرسیت: باشە ئەم هەموو خەڵکە چییە وەستاون؟ چی ڕوو دەدات؟ یەکێک لەولاوە پێت دەڵێت:" ئەوە سەرەیان گرتووە بۆ کڕینی ئایفۆن ١٧ کە تازە دەرچووە!"
چەند سەیرە، باشە خۆ ئایفۆن ١٧، کۆ ناکرێتەوە لە بازاڕدا و دەستنەکەوێت، بەردەوام بەردەست دەبێت، بگرە دوای چەند مانگێک نرخەکەشی دێتە خوارەوە و دادەبەزێت، کەواتە بۆچی ئاوا پەلەمانە بۆ کڕینی ئایفۆن ١٧؟
دونیای سەرمایەداری بەم جۆرەیە، هەمیشە وا لە کۆمەڵگە دەکات بەردەوام بەکاربەر بێت، چونکە ئەگەر کۆمەڵگە لە بەکاربردن وەستا، ئەوا کۆمپانیاکان تووشی گرفتی گەورە دەبن، زۆرینەی ئەو کاڵایانەشی ساغ دەکرێنەوە لە جۆری کەمالیاتن، واتا ژیان لەسەر ئەوانە پەکیان ناکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی خەڵکی پشکی گەورەی کڕینەکانی لە جۆری کاڵای کەمالیاتەکانن، لەنێویشیاندا موبایل.
بەشێکی ئەم پەلامار و مشەوەشبوونە، ئەوەیە کە کۆمپانیاکە موبایلت پێ نافڕۆشێت، بەڵکوو هەستی ئینتیمات پێ دەفڕۆشێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان «ڕەمز و بەهای پێگەیەکی کۆمەڵایەتیت» پێ دەفڕۆشێت، واتە بەهاو پێگەی خۆتت پێ دەفڕۆشێت و کارێک دەکەن مرۆڤ هەوڵ دەدات بەم کەرەستانە کەسایەتی و بوونی خۆی بسەلمێنێت!
بەجۆرێکی تر ئەمانە قسەکەی دیکارت دووبارە دەکەنەوە، بەڵام بابەتی سەلماندنی بوونەکە لێرەدا کەرەستەیەکی ماددییە کە ئایفۆنێکە، بە زمانی حاڵ دەڵێن: "من ئایفۆنم پێیە، کەواتە من هەم." هەر بۆیە دەیان کەس قەرز دەکەن بۆئەوەی ئایفۆن ١٧ بکڕن، لە کاتێکیشدا کە بەهیچ جۆرێک پێویستی بەو تایبەتمەندیانە نییە کە لەو موبایلەدا هەیە، بەڵکوو تەنها بۆ پیشاندانی خودی خۆی و جەختکردنەوە لەوەی کە ئەم هەیە ئەو موبایلە دەکڕێت.
لە هەمان کاتیشدا دووبارەبوونەوەی ساڵانە و گەورەکردنی سۆشیاڵ میدیا، باسەکە دەکاتە بۆنە و کەشوهەوایەکی کۆمەڵایەتی، لەولاشەوە کولتووری ڕیزبەستن و ناوتۆمارکردن وات لێ دەکات هەست بکەیت کە گەر فریانەکەویت شتێکی گەورەت لەکیس چووە و حەزی کێبڕکێت تێدا دەجوڵێنێت کە لەکۆتاییدا ئەوە تۆیت کە کەسایەتیت لە بەرهەمێکی وا دەتوێنیتەوە.
جا بۆیە دەبێت مرۆڤی موسڵمان ئامرازەکان وەک ئامراز سەیر بکات، بەرزیان نەکاتەوە، مرۆڤی ژیر هەوڵ دەدات بە کەمترین نرخ بەرزترین کوالێتی پێویست دەست بخات، کەسایەتی و بەرزی خۆی دەبەستێتەوە بە بیروباوەڕ و ئایینەکەیەوە، نەک موبایل و سەیارە و، مارکەی جلوبەرگ.
ئاڤار قەرەداغی
#ئاستانە_Astana




