ئیبن خەلدوون و شیکارییەک بۆ دۆزی کورد
چۆن دەکرێت بۆ ڕزگاریی کورد سوود لە بیردۆزەکانی وەربگرین؟
کورد؛ چوار پیتە کە گوزارشت لە گەلێکی ٥٠ ملیۆنی دەکات و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش بووە. گەلێک کە ئەزموونی هەزاران ناڕەحەتی و تەنگوچەڵەمەی کردووە؛ هەر لە سەردەمی پێш دەوڵەتی مۆدێرن کە ڕووبەڕووی داگیرکاریی مەغۆلەکان، پاشان هۆزە تورکەکان و شیعەی قین لەدڵی سەفەوی بووەوە، تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرنە و داگیرکاریی بەریتانی و ڕووسە خوێنـمژەکان. هەروەها، ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرندا و، جەور و زوڵمی فاشیزمی تورکی، فارسی و بەعسی، کە لە دەرەنجامدا سەدان هەزار کەس لەم گەلە بێنازە شەهید بوون.
دەرەنجام، گەلێکین کە جۆرەها تەنگەژە و ئازارمان تێپەڕاندووە. ڕاستە هۆکارگەلێکی دەرەکی هەن، بەڵام هەموو هۆشمەندێک درک بەوە دەکات کە هۆکاری ناوخۆییی زۆر گەورە هەن کە ئەم گەلەیان گەیاندووەتە کەناری بێئۆقرەیی، لەدەستدانی شوناس و لاوازیی.
هۆکارێکی زۆر سەرەکی بریتییە لە «خێڵایەتییەکی کوێرانە». گەلەکەمان بەوە ناسراوە کە پێک هاتووە لە خێڵ و هۆز و تیرەی جیاواز. کاتێک یەکیان گرتووە، بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر تەواوی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان، بەڵام خۆخۆری و یەکنەبوون هەمیشە گوریسی کوردەکانی کردووەتەوە بە خوری.
بارودۆخمان لەم شیعرەی مەلای گەورەدا ڕەنگ دەداتەوە کە دەفەرمووێت:
ئێوە «أحقر الناس»ـن، ئیمڕۆ لە بەینی ئومەم
قسمێ بەندیی تورکن، هێندێ خادمی عەجەم!
ئێوەن بێ قەدر و قیمەت و، بێ عەسکەر و بێ عەلەم
بێ تاج و تەخت و دەوڵەت، ژێردەستی کوللی عالەم!
هەموو ئەوەی بەربەست بووە بۆ گەیشتنی میللەتەکەمان بە ئاواتەکانی، خۆخۆری و ناتەبایی بووە. بۆیە لێرەدا، هەوڵ دەدەین بیردۆزەکەی ئیبن خەلدوون لەسەر گەلەکەمان جێبەجێ بکەین.
ئیبن خەلدوون چۆن زامی ئێمە سارێژ دەکات؟
ئیبن خەلدوون لە کتێبی «المقدمة»دا زۆر ورد دەبێتەوە لەسەر چەمکی «عەصەبییەت» (خێڵگەرایی) و، پێی وایە خێڵ ڕەگ و ڕیشەی سەرەکییە بۆ دروستبوونی هێز و دەوڵەت. بە جۆرێک کە سەرجەم گۆڕانکارییەکان هەمیشە لە یەکگرتنی خێڵەکانەوە دێنە ئاراوە، کە ڕەگەز و خوێن بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، وەکوو چۆن لە کتێبەکەشیدا ئاماژەی پێ داوە: «فصل في أن المُلك والدولة العامة إنما يحصُلان بالقبيل والعصبية» و «فصل في أنَّ العصبية إنَّما تكون في الالتحام بالنسب أو ما في معناه».
بەڵام ڕەگ و بنەمای گۆڕانکاری ئەوەیە کە بتوانین چۆن ئەم هۆز و خێڵانە یەک بخەین، تا بێجگە لە نزیکیی خوێن و خزمایەتی، هەست بە نزیکییەکی زیاتر بکەن و شتێکی باڵاتر کۆیان بکاتەوە. ئیبن خەلدوون هەستی بەوە کردووە کە بازنەی خێڵایەتی بەرتەسکە و تەنیا لەنێو عەشیرەتدایە. بۆیە هەوڵی داوە ئەم بازنەیە فراوانتر بکات و، ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتێک عەصەبییەتی خێڵمان هەبوو، پێویستە بڕوانینە شتێکی سەرووتر کە ئەویش ئایینە.
لە وتە بەناوبانگەکەیدا دەڵێت: «ئەگەر لەگەڵ خێڵایەتی، ئایین تێکەڵ بکرێت، هیچ شتێک نایانوەستێنێت، چونکە پەیوەندیی ئایینی، کێبڕکێ و ئیرەیی لەناو دەبات و وا دەکات ڕوو بکەنە زاتی حەق».
ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی خێڵایەتیی جاهیلی و خێڵایەتیی دوای ئیسلامە. شایەنی باسکردنە کە پێغەمبەری خوا (ﷺ) و موسڵمانان لە بڵاوکردنەوەی پەیامی خوادا سوودیان لە پەیوەندیی خێڵەکی وەرگرتووە و، هیچ کێشەیەک نییە کە خێڵ ببێتە پارێزەر و شورایەک لە بەردەم ئاگری ڕەوتە لادەر و خراپەکاندا، وەکوو چۆن ئەبوو تاڵیب لە شیعری «لامیة»ـکەیدا دەڵێت:
ونُسلمهُ حتى نُصَرَّعَ حولَهُ ... ونَذهلُ عن أبنائنا والحلائلِ
وأبيضَ يُستسقى الغمامُ بوجهِهِ ... ثِمالُ اليتامى عصمةٌ للأراملِ
ئەم بەیتانە، پاراستنی پێغەمبەری خودا (ﷺ) و بەهێزیی پەیوەندیی عەشیرەتگەرایی سەرەڕای جیاوازیی بیروباوەڕ نیشان دەدات. لای خێڵەکان بە شەرمەزاری دادەنرا کە خزمێک پشتگیری لە خزمەکەی نەکات، تەنانەت ئەگەر لە بیروباوەڕیشدا جیاواز بوونایە. بەڵام ئیسلام کە هات، چەمکێکی ڕاست کردەوە کە «پشتیوانیکردنە لەسەر ناحەق» و، قەدەغەی کرد، وەکوو چۆن پێغەمبەریش (ﷺ) دەفەرمووێت: «پشتیی براکەت بگرە، چ ستەمکار بێت یان ستەملێکراو.»؛ ئەگەر ستەمکار بێت، ڕێی لێ دەگریت و، ئەگەر ستەملێکراو بێت، یارمەتیی دەدەیت.
کوردیش ناسراوە بەوەی پێک دێت لە چەندان هۆز و عەشیرەتی جیاجیا کە فەرمانڕەوایی و قەڵەمڕەوییان لە وڵاتەکەدا هەبووە و، بەشێکی دانەبڕاون لە کولتووری ناوچەکە. بەڵام وەکوو چۆن ئەگەر کارێزێک یان کانیاوێک ڕێوشوێنی پێویستی بۆ دابین نەکرێت بەفیڕۆ دەچێت، بە هەمان شێوە، هۆز و تیرە کوردییەکانیش لە مێژوودا پارچەپارچە و بێبەرنامە بوون و، دەرەنجامەکەشی دۆخی ئێستای گەلەکەمانە. چەندان نموونەشمان هەیە کە کاتێک هۆز و عەشیرەتە کوردییەکان لەژێر ئاڵایەکی فراوانتردا کۆبوونەتەوە، هەمیشە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی سەرنجڕاکێشیان ئەنجام داوە. گرنگترینیان، کۆبوونەوەی هۆز و تیرە کوردەکانە لەژێر فەرمانڕەواییی سەڵاحەددینی ئەییووبیدا کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ڕزگارکردنی قودسدا هەبووە، کە یەکێک بووە لە ئامانجە هەرە گەورەکانی ئوممەت.
سەرمەد فوئاد

ئیبن خەلدوون و شیکارییەک بۆ دۆزی کورد
ئیبن خەلدوون و شیکارییەک بۆ دۆزی کورد
نووسەر
ئاستانە
چوار خولەک خوێندنەوە ٨٢ بینینەکان ٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٥



