پەیامێك بۆ زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی: هەڵە تێگەیشتوون؛ باسی ڕێكخراوە مەسیحییەكانە و خۆشتان دەزانن ئەوان لە مەسیحی لایان داوە!
بۆ زانكۆی ئەمریكی لە شاری سلێمانی:
سڵاوێكی سارد و سڕ بە قەد هەست و سۆزتان لە پای چالاكیتان كە نایبینین مەگەر بۆ ناوبانگ هێرش بكەنە سەر ئیسلام ئەو كات بگاتە بەر گوێمان!
أما بعد:
ئەگەر سبەینێ كۆمەڵێک چالاكوان و خوێندكار و خوێنەوار و گەنجی دڵگەرم، وەك چالاكییەک بڕۆنە بەردەم زانكۆكەتان كە ناوبانگێكی باشی نییە لە ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان! جا خاچیش ببەن لەگەڵ خۆیان، ئەوسا سوكایەتی و بێڕێزی پێ بكەن و فڕێی بدەن لەپێش چاوتان، پاشان ڤیدیۆكەشی بڵاو بكەنەوە بیخەنە بەر دیدی بینەران و سۆشیالوانان، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر ئەو ڕەشەكوژی و ئیرهابەی كۆمەڵە مەسیحییە ئیرهابییەكانتان لەژێر چەتری خاچ و بە ناوی خاچ و بە هەڵگرتنی خاچ لە ئەفریقا و هەندێك شوێنی دی كردوویانە.
ئەو كات، تو ویژدانی كزتان، ئەمە چالاكی و ئازادی ڕادەربڕین و دژی گرووپە ئیرهابییەكانە؟؟
یان
لەولاوە دەڵێن ئەمە بێڕێزییە بە ئایینەكان و بەیاننامە دەردەكەن و دژی دەوەستنەوە!
لەملاوە وەزارەتی ئەوقاف بەیاننامە دەردەكات كە پێكەوەژیان شكاوە!
یەكێتیی زانایانیشمان دەڵێن: كەمە ئایینییەكان سوكایەتییان پێ كراوە و ئەو كەسانە لەڕێ لایان داوە!
كاكە جانۆش بەیاننامە دەردەكات كە ئەمە مەترسییەكی نوێیە و خاچ سووتێنراوە!
حوكوومەتیش دەڵێت: قبووڵی ناكەم ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك دراوە و دونیا ڕووخاوە؟!
بە ویژدانی سست و كزتان كامیان بەرخوردە واقعییەكەیە دوای ئەو ڕووداوە؟!
وا لە خوارەوەش ناوی هەندێك گرووپی مەسیحی ئیرهابی دەنووسم كە لەژێر چەتری خاچ و مەسیح و مەسیحییەتدا دەجەنگن و شمشێریان هەڵكێشراوە، لەلایەن خودی ئەمریكای خاوەنتانەوە بە ئیرهابی لەقەڵەم دراوە:
- سوپای پەروەردگار بۆ بەرگری (LRA) (ئۆغەندا/ كۆنگۆ/ ئەفریقیای ناوەڕاست.
شەڕ دەكات لە پێناو (حوكمی 10 ئامۆژگارییەكەی مەسیحییەت)، لەلایەن خودی ئەمریكای ئاغاتانەوە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دانراوە (1).
- میلیشای «ئەنتی-بالاکا» (Anti-Balaka) (کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست)
بە وتەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆیایەتییان ئەنجام داوە (2).
- سوپای خوا (Army of God) (ئەمریكا)
تۆڕێکن چەندین تاوانیان كردووە وەك تەقینەوە و كوشتن (3).
- بەرەی ڕزگارکردنی نیشتمانیی تریپورا (NLFT) (هیندستان)
ڕێکخراوێکی مەسیحی تیرۆریستییە و خاچ بەرز دەكەنەوە و لەلایەن خودی هیندیستانەوە قەدەغە كراوە! (4)
- کو کلۆکس کلان (KKK) (ئەمریكا)
بزووتنەوەیەكی مەسیحیی ئیرهابییە، كوشتن و تەقینەوە و تۆقاندنیان بەكار هێناوە. (5)
بالمناسبە، لە كتێبی (پەنجەكان یەكتری دەشكێنن)ی نووسەری زۆر لێهاتوو: نەوشیروان موستەفادا، هاتووە دەڵێت (لە زاكیرەم دەنووسم و لەسەفەرم و كتێبەكەم لا نییە): وەكو (كۆمەڵە) لە شاخدا پرەنسیپەكانی كۆمەڵەمان نووسیبوویەوە (پاشان باسی زۆرێكی دەكات)، یەكێك لەوانە دەڵێت: نابێت سوكایەتی بە ئایین و مەلا و مزگەوت و درووشمی ئایینی بكرێت ... دەڵێت: دەماندا بە هەموو پێشمەرگەیەك، بۆ ئەوەی هەموویشی بە جوانی بیخوێننەوە لە كاغەزی بچووكی شێوەی پاكەتی جگەرە دەدرا بە پێشمەرگە بیخەنە گیرفانیان تا پێوەی پابەند بێت و لێی لانەدات! ئەمە لەكاتێكدا هەر خۆی ئاماژە بەوە دەكات كە (كۆمەڵە)، كۆمەڵەیەكی ماركسی لینینی بووە.
مەبەستم لەوەیە، لە هیچ مەبدەئێك تەنانەت ماركسی و لینینیش، لە پرەنسیپی ڕێپێدراو نییە سوكایەتی بە درووشم و سیمبولە دینییەكان بكرێت.
پرسیارەكەش ئەوەیە لە كام مەبدەئـ و لە پرەنسیپی كام حیزب و ڕێكخراو، چ جای زانكۆ و ناوەندی ئەكادیمی، هاتووە، كە سوكایەتی بە درووشمێكی ئایینی وەك حیجاب و تارا (نیقاب) بكرێت؟! لە كوێ؟!
بەڵكوو سوكایەتی بە باڵاپۆشی و جلی پۆشتە بكرێت كە داپیری هەموو ئەوانەی سووكایەتییەكەیان كرد و ئەوانەشی نووسەر و داڕێژەری بوون، وا گومان دەبەم داپیری هەموویان ئەو جلە یان نزیك لەوەیان پۆشی بیت!
جا ئەگەر مەبەستیان داعشە و (المعنی في قلب الشاعر)، با سبەینێ خەڵكێك خاچیان فڕێدا و بێڕێزیان پێ كرد، بوترێت: (المعنی في قلب الشاعر) و مەبەستی ڕێكخراوە مەسیحییە تووندڕەوەكانە نەك مەسیحییەكان!
باسەكەم لێرە لە مەسیحییەت نییە و ئەوان دەیان قات زیاتر لە جولەكە لە دینی ئێمەوە نزیكترن، بەڵام باسەكەم لەوەیە: بیانووی بێڕێزییەكەیان بەوە دەهێننەوە كە مەبەستیان داعش بووە، نەك ئیسلام، منیش ویستم بەو نموونە پێیان بڵێم بیانووەكەتان لە كردەوەكان گەنترە!
پاشان هەر هیلاری كلینتۆنەكەی خۆتان دەڵێت خۆمان داعشمان درووست كردووە! جا درۆ دەكات یان ڕاست دەكات من هەر ڕازیم!




