حیجاب لە نێوان ئازادی و شوناسدا

حیجاب لە نێوان ئازادی و شوناسدا

حیجاب لە نێوان ئازادی و شوناسدا

نووسەرئاستانەئاستانە
شەش خولەک خوێندنەوە ٥٨ بینینەکان ٣ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥
حیجاب لە نێوان ئازادی و شوناسدا

لە جەرگەی شارێکدا کە مێژووەکەی پڕە لە دەنگی زانست و مەعریفەت، لەناو قۆناغێکی نوێی خوێندندا کە بڕیارە چرای ڕۆشنگەری بێت، دیدگایەکی تاریک  کە پێی وایە چرای هزرە، فۆڕمێکی تری نەخۆشیی کۆمەڵایەتی نیشان دا. 

لەو زانکۆیەی کە دەبوو لانەی بیرکردنەوەی ئازاد و لێبوردەیی بێت. جلێک، تەنراو بە حیکمەتی سەدان ساڵەی ئایین و کولتوور، کرایە نیشانەی تیرێکی ژەهراوی نەزانی و توندڕۆیی.

 ئەم چەند وشەیە: «جلی داعشە»، نەک هەر سووکایەتی بوو بە پارچە قوماشێک، بەڵکوو برینێکی قووڵ بوو لە گیانی کەرامەتی مرۆڤ، لە تێگەیشتنی فیکری بۆ ئازادی و لە قووڵایی چەمکی «جیاوازی» کە پایەی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووە.

کاتێک فیگەری «حیجاب» دەبێتە بابەتی هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی و لە چوارچێوەیەکی تەسکدا قەتیس دەکرێت، ئەوا ئێمە لە بەردەم هەڵەیەکی فیکری گەورەداین. ئایا حیجاب تەنیا پارچە قوماشێکە، یان چەمکێکی قووڵترە لە بوون و شووناس؟ «سۆرن کیرکەگۆر» فەیلەسوفی بوونگەرایی، دەربارەی «خۆ_بوون» و ️«هەڵبژاردن» قسە دەکات. 

ئایا حیجاب، نەک هەر بۆ ژنانی موسڵمان، بەڵکوو بۆ هەر کەسێک کە بڕیاری لەسەر دەدات، هەڵبژاردنێکی تاکەکەسی نییە کە شوناس و بوونی خۆی پێ دەردەبڕێت؟ ئەگەر وابێت، ئەوا هەر بڕیارێکی دەرەکی بۆ سنووردارکردن، یان سووکایەتیکردن پێی، پێشێلکردنی ئازادیی بنەڕەتیی تاکەکەسییە.

ئەم ڕووداوە، تەنیا لەبارەی پارچە قوماشێکەوە نییە، بەڵکوو لەبارەی تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ «ئەوی تر». «ژان پۆڵ سارتر» لە تێزەکەیدا «دۆزەخ ئەوانی ترن»، ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن تێڕوانینی ئەوانی تر کاریگەری لەسەر شوناسی تاک دادەنێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک بە تێڕوانینێکی نەرێنی و پێشوەختەوە سەیری شوناسێکی دیاریکراو دەکات، ئەوا دۆزەخێک دروست دەکات بۆ ئەو تاکە. 

ئەمە شێوازێکە لە «تووندوتیژیی هێمایی» کە «پیێر بۆردیۆ» باسی لێوە دەکات، ئەو توندوتیژییەی کە بە وشە و هێما ئەنجام دەدرێت، زۆرجار قورسترە لە توندوتیژی جەستەیی، چونکە کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنێت و هەستی بێبەشبوون دروست دەکات.

لەم کایەیەدا، چەمکی «هەڵە تێگەیشتن» گەورەترین دوژمنە. وەک ئەوەی فەیلەسوفانی لۆژیک ئاماژەی پێ دەدەن، «هەڵەی پێکەوەبەستن» ڕوودەدات کاتێک خەسڵەتێکی نەرێنی گرووپێکی دیاریکراو دەبەسترێتەوە بە تەواوی گرووپەکە، یان بە هێمایەکی تایبەت بەوانەوە. 

ئایا توندڕەوی و تیرۆر، تایبەتە بە ئایین، یان پۆشاکێکی دیاریکراو؟ مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نموونەی توندڕەوی و تاوان کە لەژێر ناوی جیاوازدا و لە لایەن گرووپی جیاوازەوە ئەنجام دراون. پێشاندانی حیجاب وەک «جلی داعش»، تەنیا جۆرێکە لەم هەڵە تێگەیشتنە لۆژیکییە کە بەداخەوە لە ئاستێکی ئەکادیمیدا ڕووی داوە.

زانکۆ، دەبوو شوێنی «دیالۆگ» بێت، نەک «مۆنۆلۆگ» یان «فەرزکردن». «هێگڵ» دەربارەی دیالۆگ و چۆنییەتی پێشکەوتنی هزری مرۆڤ قسە دەکات لە ڕێگەی تێز و دژە-تێز و، کۆکردنەوە (سێنتێز)دا. کاتێک بە حیجاب دەوترێت «جلی داعش»، ئەوا هیچ دیالۆگێک نامێنێتەوە، چونکە لایەنێکی دیالۆگەکە بێبەش دەکرێت لە هەر جۆرە شەرعییەتێک.

لە مێژووی فیکردا، ئەم دربڕینە  بەناوبانگە: «ڕەنگە لەگەڵ قسەکانت هاوڕا نەبم، بەڵام تا مردن بەرگری لە مافی تۆ دەکەم بۆ وتنیان»، وانەیەکی گەورەی بە مرۆڤایەتی بەخشی. ئەمە تەنیا لەبارەی قسەکردنەوە نییە، بەڵکوو لەبارەی هەموو شێوازەکانی دەربڕینی شوناس و بوونە، لەوانەش پۆشاک. کاتێک ئێمە توانای لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی کەسی لەدەست دەدەین، ئەوا چرای مرۆڤایەتیمان کوژاندووەتەوە.

ئەم ڕووداوە بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی ویژدان، بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و ڕەخنەیی. پێویستە لە زانکۆکانماندا، جارێکی تر پرسیار بکەین: ئازادی چییە، سنوورەکانی کوێن، چۆن دەتوانین لەگەڵ ئەوی تردا بژین کە لە ئێمە جیاوازە، ئایا پەروەردە دەبێتە هۆکاری کرانەوە، یان داخراوی!؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارانە، تەنیا بە قووڵبوونەوە لە چەمکە فەلسەفییەکان و پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی لۆژیکی نادۆزرێتەوە، بەڵکوو دەبێت زانکۆکانمان، شوێنی دروستکردنی ئازادی بن، نەک شوێنی کوشتنی ئازادی و شوناس.

پێویستە لێرەدا قووڵتر لە چەمکی «ئایین» و «ئایینناسی» بڕوانین، نەک تەنیا وەک کۆمەڵێک بیروباوەڕ و ڕێوڕەسم، بەڵکوو وەک ڕەهەندێکی بنەڕەتی لە دروستکردنی مانای ژیان بۆ بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی. حیجاب، لەم چوارچێوەیەدا، تەنیا پۆشاک نییە، بەڵکوو دەربڕینێکە لە باوەڕ، لە پابەندبوون بە وێناکردنێکی دیاریکراو لە خودا و جیهان. 

ئەمە پرسێک نییە تەنها پەیوەست بێت بە «من»ـی تاکەکەسییەوە، بەڵکوو پەیوەندی بە «ئێمە»ی کۆمەڵایەتی و «پەیوەندی»ـی نێوان مرۆڤ و خوداوە هەیە، وەک ئەوەی «مارتین بوبەر» لە چەمکی (من-تۆ)دا ئاماژەی پێدەدات.

کاتێک ڕێز لەم ڕەهەندە نەگیرێت، ئەوا تەنیا سووکایەتی بە کەسێک ناکرێت، بەڵکوو سووکایەتی بە کۆی سیستەمێکی مانادان بە ژیان دەکرێت کە سەدان ساڵە بەشێکە لە بوونی مرۆڤ.

کاتێک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، وەک زانکۆ، بڕیارێکی وا دەدات یان ڕێگە بەو جۆرە سووکایەتییە دەدات، ئەوا ئەمە نیشانەیەکی ترسناکە لەوەی کە چۆن هێزی دامەزراوەیی، لە ڕێگەی «مەعریفەت»ـێکی چەواشەکەرەوە، هەوڵدەدات کۆنترۆڵی جەستە و شوناسی تاکەکان بکات. ئەو مەعریفەتەی کە حیجاب وەک «جلی داعش» وێنا دەکات، مەعریفەتێکی هەڵە و چەواشەکەرە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە دەزگایەکی خاوەن هێزەوە دەردەچێت، دەبێتە «ڕاستی»ـیەکی سەپێنراو. 

ئەمە جۆرێکە لە «کۆنترۆڵی ژیان» کە «فۆکۆ» باسی لێوە دەکات، کە تیایدا دەسەڵات، لە ڕێگەی ڕێکخستن و هەڵسەنگاندنی جەستەوە، هەوڵدەدات کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکات.

ئەم بارودۆخە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی کە چۆن «ترس لە جیاوازی» و «نەخوێندنەوەی ئەوی تر» دەتوانێت کۆمەڵگەیەک بەرەو هەڵدێر ببات. کاتێک ئێمە توانای تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی وەک حیجابمان نامێنێت، کە دەتوانێت ڕەهەندێکی ڕۆحی، کولتووری، یان تەنانەت سیاسیی هەبێت، ئەوا گەمارۆیەکی هزری لەسەر هزری خۆمان دادەنێین.

لێرەدا، پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ":«ئازادی و قەدەغەکردن». ئایا زانکۆ، وەک دەزگایەکی ئەکادیمی، مافی ئەوەی هەیە سنوور بۆ ئازادییەکانی تاک دابنێت بە بیانووی پاراستنی «سیستەمی گشتی» یان «ئاسایش»؟ ئەم پرسیارە لە لایەن فەیلەسوفانی لیبرالیزم و مافەکانی مرۆڤەوە، وەک «جۆن ستیوارت میل»، بە قوڵی تاوتوێ کراوە.

میل لە «دەربارەی ئازادی»دا دەڵێت: "تەنها ئامانجێک کە دەسەڵات دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەوا لەسەر هەر ئەندامێکی کۆمەڵگەیەکی شارستانی بەکار بهێنرێت، دژی ویستی ئەو، خۆپارێزییە لە زیانگەیاندن بە ئەوانی تر." ئایا حیجاب، زیان بە کەس دەگەیەنێت؟ بە هیچ شێوەیەک. بە پێچەوانەوە، سووکایەتیپێکردن بە حیجاب، زیان بە خاوەنەکەی و بە کۆی بنەماکانی پێکەوەژیان دەگەیەنێن.

لێرەدا، ئەوەی دەبینرێت، دەسەڵاتی زانکۆیەکە کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی سووکایەتی بە ئایینەوە، ئارامی کۆمەڵگە تێک بدات و جیاوازی دروست دەکات. کاتێک باوەڕێکی ئایینی دەبێتە قوربانیی بیرکردنەوەیەکی تەسک و نابەرپرسانە، ئەوا ئامانجی زانکۆ تەنیا دروستکردنی  فیتنەیە.

دەبێت ئەم ڕووداوە وەک بانگەوازێک تەماشا بکەین بۆ قوڵکردنەوەی چەمکی «ئیتیک» و «مۆڕاڵ» لەناو دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا. وەک «ئیمانوێل کانت» دەڵێت: "مرۆڤ دەبێت وەک «ئامانج» سەیر بکرێت، نەک وەک «ئامراز»". کاتێک بە حیجاب دەوترێت «جلی داعش»، ئەوا کەسێک کە حیجاب دەکات، کەم دەکرێتەوە بۆ ئامرازێک، دەبێتە هێمایەک بۆ شتێک کە ئەو نییە، لەبری ئەوەی وەک بوونێکی ئازاد و خاوەن کەرامەت سەیر بکرێت. ئەمە جۆرێکە لە «بێ کەرامەتکردن» کە دژ بە بنەما سەرەکییەکانی ئیتیکی کانت و هەر ئیتیکێکی مرۆڤدۆستانەیە.

لە کۆتاییدا، ئەم ڕووداوە تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی زانکۆ نییە، بەڵکوو ئاوێنەیەکی قووڵە بۆ تێگەیشتنمان لە دۆخی فکری کۆمەڵگەکەمان. ئایا ئێمە لە ڕێگەی زانکۆکانمانەوە بەرەو کرانەوە و لێبوردەیی دەڕۆین، یان بەرەو داخراوی و توندڕەوی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنیا بە گۆڕینی یەک تێڕوانین، یان سزایەک نادۆزرێتەوە، بەڵکوو بە گۆڕینی فەلسەفەی گشتیی پەروەردە و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیمان دەدۆزرێتەوە. پێویستە ڕێز لە  بوون و ئازادی و جیاوازی بگیرێت، بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی تر، پرچێک نەکرێتە نیشانەی تیرێکی نەزانی و تاریکی.

تێبینی: من لە ڕوانگەی کۆمەڵێک دیدگای هزرییەوە ئەم بابەتەم خستە بەر دیدی ڕەخنە، بۆ ئەوەی ڕەخنەکان تەنها دیدگایەکی ئایینییان نەبێت و بەناو ڕۆشنبیران بیزانن کە ئەوەی دەیکەن، دژی ئەو کۆنسێپتانەیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەگینا دەمانتوانی بە پشتبەست بە دەقی دینی، وەڵامی ئەو هەڵەیەی زانکۆی سلێمانی بدەینەوە.

ئامادەکردنی: بڵند باجەلان
وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە کۆمەڵگە

هەموویان ببینە