لە کوردستان؛ کتێبە زانستییەکان پڕفرۆشترینی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێبن!​

لە کوردستان؛ کتێبە زانستییەکان پڕفرۆشترینی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێبن!​

لە کوردستان؛ کتێبە زانستییەکان پڕفرۆشترینی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێبن!​

چوار خولەک خوێندنەوە ٨ بینینەکان ٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥

لە کوردستان؛ کتێبە زانستییەکان پڕفرۆشترینی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێبن!

لە هەر خولێکی نوێی پێشانگە نێودەوڵەتییەکانی کتێبدا، دەنگێکی بەرز بە ناوی ڕێکخراوە «ڕۆشنبیرییەکان»ـەوە دێتە گۆڕێ و ناڕەزاییە، دەشیڕێنێت: "زانست پشتگوێ خراوە!" و "خوێنەری کتێبە ئایینییەکان لە زانستییەکان زیاترن!" گوایە کۆمەڵگە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و مێشک و هزریی چەقی بەستووە! بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە بانگەشەی کێشەیەک دەکات کە لە بنەڕەتدا هەر بوونی نییە، بەڵکوو گرفتەکە تەنیا لە پێناسەکردندایە. ئەوان زانستیان لەو دیوارانەدا قەتیس کردووە کە بە «زانستە تەجریبییەکان» ناسراون، بەڵام ئایا زانست تەنها لێکدانەوەی جووڵەی ئەلیکترۆن و گەردیلەکانە؟ ئایا مرۆڤ تەنها جەستەیەکی ماددییە کە تەنها بە زانیارییە فیزیاییەکان تێر دەبێت؟ ئایا پێناسەی زانست تەنها ئەوە دەگرێتەوە کە دەتوانرێت بە چاو ببینرێت، بە دەست هەست پێ بکرێت و لە تاقیگەدا بسەلمێنرێت؟ ئەگەر وا بێت؛ ئەوا بەشێکی زۆر گرنگ و بنەڕەتی لە بوونی مرۆڤ و تێگەیشتن لە گەردوونمان پشتگوێ خستووە.

زانستی ڕاستەقینە بریتییە لە ناسین و تێگەیشتن لە ڕاستی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، چ ماددی بێت و چ مەعنەوی. ئەو زانستەی کە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەداتەوە: "من کێم؟"، "لە کوێوە هاتووم؟"، "بۆ کوێ دەچم؟" و "مەبەست لە ژیان چییە؟" کە لە هەناوی هەموو مرۆڤێکدا دەدوێن و تەنها بە زانستی وەحی و قورئان وەڵام دەدرێنەوە کە گەردوون و ژیان و مرۆڤ بە خالقەکەیانەوە دەبەستێتەوە.

کاتێک باس لە مرۆڤ دەکەین، نابێت وەک جەستەیەکی ماددی تەماشای بکەین کە تەنها بە پێداویستییە ماددییەکان دەژی، بەڵکوو بوونەوەرێکی ئاڵۆزە و خاوەنی ڕۆح و عەقڵ و سۆزە. بەبێ ئەوەی یەک وشە دەربارەی نوێترین دۆزینەوە تەکنەلۆژییەکان بزانێت، یان تەنانەت بەبێ ئەوەی توانای خوێندن و نووسینی هەبێت، تەنیا بە پشتبەستن بە ئەقڵ و فیترەتی دەتوانێت ژیانێکی تەواو ئاسایی و تەندروست بەسەر ببات، بەڵام ئایا مرۆڤێک دەتوانێت بەبێ بوونی فەلسەفەیەکی ڕوون بۆ ژیانی، ژیانێکی پڕ لە واتا و ئارامی دەروونی و، ئاشتیی ناوەکی بەدەست بهێنێت؟ بێگومان نەخێر. لێرەدایە کە زانستە ئایینییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. ئەوان قووڵاییەکانی دەروونی مرۆڤ هەڵدەدەنەوە، ڕێگەکانی ڕۆحی مرۆڤ ڕوون دەکەنەوە و، وەڵامی پرسیارە بوونییەکانی دەدەنەوە. سنووری ئەخلاق و بەهاکانی بۆ دیاری دەکەن کە بنەمای ژیانێکی بەرهەمدار و پڕ لە مانان. لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین: ئایا ئەم جۆرە زانستە کە وەڵامی پرسیارە وجودییەکان دەداتەوە و ڕێچکەی ژیانمان دیاری دەکات و بەهایەکی قووڵ دەبەخشێت بە بوونمان، پێویستتر نییە لە تەنها کۆمەڵێک زانیاری کە پەیوەستە بە ماددە و دیاردە سروشتییەکانەوە؟!

قورئان، وەک کتێبێکی ئاسمانی، تەنها زانیاری دەربارەی گەردوون و مرۆڤ نادات، بەڵکوو ڕێنماییەکە بۆ ژیانێکی تەواو، فەلسەفەیەکە بۆ بوون و پەیوەندیی مرۆڤ بە خودا و بە یەکترەوە. پەرتووکە ئایینییەکان، تەنها کۆمەڵێک دەق و چیرۆک نین، بەڵکوو ڕەسەنترین و پێویستترین جۆری زانستن، چونکە ڕێنمایی مرۆڤ دەکەن بەرەو ناسینی خۆی و جیهانەکەی. ئەوان کۆمەڵێک ڕێسا و ئامۆژگارین کە چۆن ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و ماناداری دروست بکەین، ژیانێک کە ڕەزامەندی خوای گەورەی لەسەر بێت.

ئەو پۆلێنکردنانەی کە کتێبە ئایینییەکان لە «زانست» جیا دەکەنەوە، لە ڕاستیدا تەنها سنوورێک دروست دەکەن کە هیچ شایستەیی فیکری و ئایینییان نییە. زانست بریتییە لە ناسین و تێگەیشتن لە ڕاستی بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، چ ماددی بێت و چ مەعنەوی. بەم پێوەرەیش، کتێبە ئایینییەکان تەنها سەرچاوەیەک نین بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵکوو گەنجینەیەکیشن بۆ وەرگرتنی دانایی و حیکمەت کە مرۆڤایەتی لە سەرەتای بوون و تاکوو ئێستاش پێویستیی پێیەتی.

ئەمە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی کتێبدا، خوێنەران زیاتر بەرەو کتێبە ئایینییەکان دەچن. هۆکارەکەیش ڕوونە: «تینوێتیی ڕۆحی مرۆڤ بۆ وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکان قووڵترە لە تینوێتی بۆ زانیارییە ماددییەکان.» مرۆڤ لە ناخەوە بەدوای واتای ژیان و ئارامی دەروونیدا دەگەڕێت، کە تەنها لە ڕێگەی پەیوەستبوون بە خودا و پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی ئەودا بەدەست دێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی دواکەوتوویی نییە، بەڵکوو نیشانەی تێگەیشتنی قووڵە لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی ڕۆحی مرۆڤ. لە کۆمەڵگەیەکدا کە مرۆڤەکان زیاتر هەست بە بۆشاییەکی ڕۆحی دەکەن، پەنادان بۆ کتێبە ئایینییەکان دەبێتە دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەی ئاشتی و ئارامی ناوەکی. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ، هەرچەندە لە ڕووی تەکنەلۆژیا و زانستە تەجریبییەکانەوە پێشکەوتبێت، هێشتا پێویستییەکی بنەڕەتی بە ناسینی خالقەکەی و تێگەیشتن لە واتای بوونی هەیە.

سناء محي الدین

#ئاستانە_Astana

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە ئیسلام

هەموویان ببینە