پیسبوونی بینین!
یەکێک لە دیاردەکانی ئەمڕۆی کوردستان پیسبوونی بینینە، بینین یەکێکە لە نیعمەتە هەرە گەورەکانی پەروردگار بۆ مرۆڤ، مرۆڤ هەمیشە دڵی دەگەشێتەوە کاتێک دیمەنێکی جوان دەبینێت، جوانترین دیمەنەکانیش بینینی سروشتە، سروشت و دیمەنە ڕازاوە و جوانەکانی لەو دیمەنانەن کە هیچ کات مرۆڤ چاوی لێی تێر نابێت، بۆیە لەم سەردەمەی کە بە هۆی تەکنەلۆژیا و، ئەو هەموو پێدراوە مادییەی لەبەردەستدایە، بە هۆیەوە مرۆڤ لە سروشت دوورکەوتۆتەوە، هەوڵیداوە قەرەبووی ئەوە بکاتەوە و وێنەی بچووککراوەی سرووشت بهێنێتە نێو دونیا جەنجاڵەکەی خۆیەوە، بە نموونە، باخچەی ئاژەڵان، دروستکردنەوەی تاڤگە و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان لەبەردەم هەندێک چێشتخانە و، نێو هەندێک لە پارکەکان، ئەمەش دیارە بە هۆی ئەو توونییەتی خواڕسکەوەیە کە مرۆڤ بەردەوام تینووی دیمەنە دڵڕفێنەکانی سروشتە.
لەگەڵ ئەو جوانییە تایبەتییەی سروشتی کوردستان هەیەتی، بەڵام هەم لە لایەن خەڵکە ئاساییەکە و هەم لەلایەن سەرمایەدار و خاون پرۆژە جۆراوجۆرەکانەوە ئەو سروشتە شێوێنراوە و کراوە بە شوێنی ڕیکلام و نووسینی براندەکان.
ڕەنگە کەم شوێن وەک عێراق و کوردستان ئەو هەموو تابلۆی ڕیکلام و جۆرەکانی تری فلێکس لەسەر شۆستە و قەراغ ڕێگاکان هەبێت، بۆیە کاتێک بە ڕێگایەکدا دەڕۆین هێندە چاومان دەکەوێتە سەر ئەو تابلۆیانە، هێندە دیمەنی ئەفسوناویی شاخ و دەشت و دار و باڵندەکان نابینین، بەڵکوو دەیان و سەدان ڕیکلامی بازرگانی و حیزبی بینینی هەریەکێکمان تێک دەدات و بینینمان لێڵ دەکات.
تەنانەت ئەم بابەتە هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ شوێنە دوورەدەست و سەختەکان، دەچیتە نێو ئەشکەوتێک دەبینیت ناوی براندێکی لەسەر تاوێر و بەردەکان هەڵکۆڵراوە یان نووسراوە، ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات کە بەردەوام هەوڵدەدرێت ئەو دیمەنە ئەفسوناوییانە بخرێتە خزمەتی تاکەکەسێک، یان گرووپێکەوە، بخرێتە خزمەت بەرژەوەندی تایبەتی کۆمەڵێکەوە، بەبێ گوێ دانە ئەوەی ئەو پیسکردن و شێواندنی سروشتە، پیسکردنی بینینی مرۆڤەکانە، تێکدانی جوانییەکانی سروشتە بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی.
لە ڕاستیدا ئەو ڕیکلامە کلاسیکییەی دەکرێت بە تەواوی پرۆسەی پیسکردنی بینەرە، جا ئەو ڕیکلامە ڕیکلامی خواردن بێت، یان هی ئامێرە کارەباییەکان، یان ڕیکلامی ئامێرە زیرەکەکان، هەتا دەگاتە ڕیکلامی کاندیدەکان لەسەر ڕێگا و شەقامەکان ...، ئەمانە وا دەکەن ئێمە بەردەوام وێنە و پۆستەرێک ببینین کە چاو ماندوو دەکات، بانگت دەکات لە بەرانبەر بەرژەوەندییەک، دەیەوێت ڕازیت بکات بۆ مەبەستێکی تایبەت، جا دروستکردنی بازاڕگەریی بێت یان کۆکردنەوەی دەنگ، ئەمەش وا دەکات چاوی هەریەکێکمان بەردەوام ئەم وێنە و پۆستەرانە ببینێت، بۆیە بەردەوام بیناییمان لێڵە، دەروونمان گرژە، چاومان تینووە، چونکە ئەم وێنە و پۆستەرانە ماندووکەری چاومانن و، بەردەوام لە بەردەم چاوماندان، ڕێگا نادەن چاومان بفڕێت بۆ بینینی دیمەنە سەرنج ڕاکێشەکان، ڕەنگە جۆراوجۆرەکان.
خودا ئەم گەردوونەی زۆر بەوردیی و جوانی بۆ نەخشاندوین; دیمەنی ئەستێرەکان، دیمەنی خۆرئاوابوون، دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی هەور کە چەندین شێوە و ڕەنگ دەنوێنن، دیمەنی مانگ ... ئەم دیمەنانە ڕۆح و دڵی مرۆڤ ئاو دەدەن، چاومان تێر دەکەن.
بەڵام ئێستا هەموومان بە هۆی بینای بەرز و، پیسبوونی ژینگەوە بێبەشین لە بینی ئەو دیمەنانە، چیدی بە سەربەرزکردنەوەیەک، دیمەنە ئەفسووناوییەکان ناڕژێنە نێو چاوەکانمانەوە، چیدی لە سروشت نزیک نین، ئێستا سروشت هاوڕێی بینیایی و ڕۆحمان نییە، ئێستا بۆن و بەرامەی گوڵەباخ و ڕەیحانە هاوڕێمان نییە، ئێستا شنەی شەماڵ و نەسیمی بەیان پێشوازیمان لێ ناکەن، ئێستا باڵندەکان خۆیان دەشارنەوە، سمۆرەکان نابینین بێن و بچن لەنێو داربەڕووەکانی قەرەداغ، دیمەنی فڕینی قاز و قوڵنەکان نابینین، نابینین ماسییەکان، قرژاڵ و، بۆقەکان لەنێو دێوانە و چەمەکاندا نمایشی خۆیان بکەن ...
بەڵێ، ئێستا چاوەکانمان تەنها و تەنها، بینا بەرزەکانی شار دەبینن، چاوەکانمان تەنها بورج و عەموودەکان دەبینن، چاوەکانمان ماندووە، بێزارە، تەپوتۆزی ڕێگاکان، دووکەڵ و پیسی کارگەکان، ڕووپۆشێکیان داوە بەسەر سیمای جوانی ژیاندا، سروشتیان داپۆشیوە، بەربەستێکی درووستکردووە لە نێوان ئێمە و گەردووندا، نامۆ بووین بەو زەوییەی لەسەری دەژین، بەو ئاسمانەی بەسەرمانەوەیە، نامۆ بووین بە یەکتر، نامۆ بووین بە خۆمان.
بۆیە دەبێت ئێمە بەردەوام هۆشیاریمان بەرز بکەینەوە، زیاتر هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەین، پارێزگاری لە سروشتی کوردستان بکەین، نەک بێین تێکی بدەین، چۆن بۆنی سروشتمان ناخۆش کردووە، هەناسەی سروشتمان تەنگ کردووە، پلەی گەرمیی سروشتمان بەرز کردووە، وا ئێستا خەریکین ڕووخساری سروشت تێک دەدەین، وێرانی دەکەین، بەبێ ئەوەی بزانین، ئێمە تەنها خەریکی وێرانکردنی سروشت نین، بەڵکوو لەگەڵ وێرانکردنی سروشتدا خەریکی وێرانکردنی خودی خۆشمانین، بەڵێ مرۆڤ خەریکە خۆی وێران دەکات، خەریکە خۆی دەکوژێت.




