کاتێک هەموو شت دەبێتە جێی گاڵتەپێکردن!
هەر دیاردەیەک لە کۆمەڵگادا دەربکەوێت، ئەوا کۆمەڵێک ئاماژەیەی لە خۆیدا هەڵگرتووە، یەکێکیش لەو دیاردانە، دیاردەی گاڵتەپێکردنە، ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک گاڵتە بە هەموو شتێک دەکەین، هەموو بابەتێک، تەنانەت بابەتە خەمناک و دڵتەزێنەکانیش دەبێتە جێگای پێکەنین و گاڵتەپێکردن، ئەمەش کۆمەڵێک پەیام و واتای لە خۆیدا هەڵگرتووە
گاڵتەپێکردن زۆر ئاماژەمان دەداتێ، یەکێک لە ئاماژەکانی بوونی قەیرانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەروونییە لە کۆمەڵگادا. کۆمەڵگا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تووشی دڕانێکی کۆمەڵایەتی بووە، کولتوور و دابونەریتی کوردی ئەو هەیمەنە و کۆنترۆڵە بەهێزەی هەیبووە لەدەستی داوە، تووشی دڕان بووە، بۆشاییەکی کولتووری درووست بووە، ئێستا کۆمەڵگا هەوڵی بەجێهێشتنی بەشێک لە کولتوورەکەی دەدات، لەولاشەوە هەوڵ دەدات بچێتە نێو کولتوورێکی ترەوە کە کولتوورێکی ڕۆژئاواییە، لەم نێوەندەدا کە نە کولتوورە کۆنەکە توانای کۆنترۆڵی هەیە، نە کولتوورە تازەکە، لێرەدا لەو ڕووەوە تاکەکان دەکەونە قەیرانەوە و، پێکدادان دروست دەبێت لە گونجاندنیان پێکەوە.
لە ڕووی سیاسیشەوە کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی تەواو قەیراناویدا دەژیێت و پێویست ناکات لەو ڕووەوە زۆر لەسەری بڕۆین.
لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵگا لە قەیرانێکی تونددایە، دەخلی مانگانەی تاک زۆر نزمە، ئەوانەی مووچەخۆرن بە دوو مانگ و سێ مانگ جارێک مووچە وەردەگرن، لە بەرانبەردا بەردەوام نرخی کەرەستە و پێداویستییەکان بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە تاکەکان تەواو ناڕەحت بن و لە ڕووی ئابوورییەوە نەتوانن پێداویستییەکانیان پڕ بکەنەوە، بە تایبەت ئێستا پێداویستییەکان بەردەوام زیاد دەکرێن.
لە لایەکی تریشەوە لە کەرتی تایبەت و کاری سەربەخۆ و، پیشەییەکاندا، کرێکار و فەمانبەر تەواو تەواو دەڕەتێنرێن لە بەرانبەر بڕە پارەیەکی کەمدا، جگە لەو بێکارییە زۆرەی هەیە و زۆرێک کارێکی شایستەیان دەستناکەوێێت.
بێگومان ئەو هەموو قەیرانەش وا دەکات لە ڕووی دەروونییەوە کێشە و تەنگەژەی زۆر دروست ببن، پاڵەپەستۆیەکی دوروونی زۆر بکەوێتە سەر تاکەکان
گاڵتەپێکردن بۆ:
لەم بیست ساڵەی دواییدا لە کوردستان زۆر نەریت و دابی نوێ هاتنە کۆمەڵگاوە، کۆمەڵگا کرایەوە بە ڕووی دونیای دەرەوەدا، بە جۆرێک بەبێ ئەوەی ئامادەسازبێت کەوتە نێو دونیایەکی ئاڵۆز و، پڕ تەکنەلۆژیاوە، ئەمە کاریگەریی دانا لەسەر گۆڕانی ڕەفتار و مامەڵەی تاک لەگەڵ کۆمەڵێک بەها و کولتووری باو لە کۆمەڵگادا.
هەروەها سیاسەتی حیزبی لە لایەک و، لە لایەکی تریشەوە پەرتکردنی کۆمەڵگا بە دروستکردنی ئەو هەموو ڕێکخراو و نوێنەرەی بۆ پیشە جیاجیاکان دروستیان کردووە، بە جۆرێک توێژەکانی کۆمەڵگایان تەواو لەیەکتر دوور خستووەتەوە، تەنانەت سیماکانی چینایەتی لەنێو بینا و باڵەخانەکانیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە، سەندیکاکانی مامۆستایان، پزیشکان، کۆمەڵناسان، دەروونناسان، ئابووریناسان، دەیان سەندیکا و ڕێکخراوی تر بۆ پیشەکان دانراوە، ئەم توێژانەش لێک دوور کەوتوونەتەوە و، خەمی یەکتر ئازاریان نادات.
هەروەها کاتێک دەیان ڕێگا گیرایە بەر بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، گەڕاندنەوەی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک، هەر لە خۆپیشاندان، مانگرتن، سندووقی دەنگدان، بەڵام لە هەموویاندا کۆتاییەکەی شکست بوو، ئەمەش وای کرد خەڵک تەواو بێئومێد ببێت، لێرەوە گاڵتەپێکردن وەک هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە خەم، قەیران، بێزاریی، بێدەسەڵاتیی، بێمتمانەیی، توڕەیی، نائاسوودەیی ... خۆی نمایش دەکات، گاڵتەپێکردن بە هەمووان، بە هەموو شت، بە ڕاست و ناڕاست، گاڵتەپێکردن وەک ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە خود.
بۆیە دەبینین خەڵکێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتە بە هەموو شت دەکەن، هەوڵ دەدەن لەڕێگای گاڵەتپێکردنەوە ئەو پاڵەپەستۆ توندەی لەسەریانە کەمببکەنەوە، تەنانەت لە کاتی کۆرۆناکەدا یەکێک لە میکانیزمەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆ زۆرەی دروست بوو بوو، گاڵتەپێکردن بوو، بە تایبەت چوونی زاوا بۆ ماڵی خەزووری.
بۆیە لێرەدا دەگەین بەوەی گاڵتەپێکردن خودی خۆی دەرەنجامی کۆمەڵێک قەیرانی قووڵە لە کۆمەڵگادا، کاتێک ئێمە ئەم دیاردەیە دەبینین دەبێت تێبگەین یەک دونیا قەیران لەپشتییەوە وەستاوە، هەتا قەیرانەکان چارەسەر نەکرێن، بەها بۆ شتەکان نەگێڕینەوە، ناتوانین ڕێگە لە گاڵتەپێکردن بگرین.
لەم قەیرانانەدا بەهای زۆرێک لە پیشە، توێژ، کەسایەتییەکان، بگرە تاک تاکی کۆمەڵگا لەدەست چوو، بە نموونە شکۆی تاک تاکی کۆمەڵگا شکێنرا، بە دەیان شێوە سوکایەتی کرا، هەر توێژێک بگریت بە جۆرێک لە جۆرەکان سوکایەتییان پێ کراوە، ئەوەی جێگای سەرنجیشە، بە هۆی ئەو دابەشبوونەی سەرەتا ئاماژەمان پێ کرد، هەر توێژە و خەمی خۆی دەخوات، لەنێو ئەو توێژەشدا دووبارە دابەشبوونەوە هەیە، ئەگەر سەر بەو لایەنەی ئەو نەبێت دیسانەوە زۆر جار پاساو دەدرێت بە گاڵتەپێکردنەکە، یاخود زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە دەکرێت.
ئەم دابەشبوونە بووە هۆکارێک هەتا کارلێک و تەزاموونی کۆمەڵایەتی کەم بێتەوە، کۆمەڵگا زیاتر لەیەک دوور بکەوێتەوە، بۆیە دەبینین کاتێک مامۆستا ڕووبەڕووی سوکایەتی دەبێتەوە توێژەکانی تر بەگشتی پاساو دەهێننەوە و ڕەخنەی مامۆستا دەکەن، ئەمە بۆ هەموو توێژەکان ڕاستە، تەنانەت کار گەیشتووە بە دۆخێک لە دۆخی نەخوازراویشدا حوکمی قورس بدەین بەسەر گرووپێکدا، بۆ نموونە ماتۆڕێک تووشی ڕووداو دەبێت، ئەگەر ماتۆڕەکەش خەتابار نەبێت خەڵکی هێرش دەکەنە سەری، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، چیدی گفتوگۆی جیددی، ڕاستی و واقیع بەهایان نەماوە، ئەوە ڕاستە کە من دەمەوێت، لە لای تۆش ئەوە ڕاستە کە تۆ ئەتەوێت، لەو نێوەندەشدا خودی ڕاستی گرنگ نییە، چونکە بێبەهامان کردووە.
ئەم دۆخە هێندە گەیشتووەتە دۆخێکی هەستیار، ئەگەر بتەوێت لەسەر بابەتێک بدوێیت و، ڕەخنەی بکەی، مادەم بابەتەکەت لە سنووری ڕێز و ئەدبدا خستووەتە ڕوو، هەوڵت داوە بە شێوەیەکی بابەتی خوێندنەوەی بۆ بکەیت و ڕەخنەی بکەیت، خوێنەر و بینەرت کەم دەبێت، گرنگی کەمی پێ دەدرێت، بەڵام هەرکات بابەتەکەت خستە قاڵبی گاڵتەپێکردن و شکاندنی بەرانبەر، ئەوا دەنگدانەوەیەکی زۆر بەشوێن خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش هەمووی دەرئەنجامی ئەو هەموو بێبەهاکردن و، قەیرانەیە کە لەپێشەوە باسمان کرد، قەیرانەکان وایان کرد هیچ شتێک لە کۆمەڵگادا بەهای وەک خۆی نەمێنێەتەوە، هیچ شتێک پارێزراو نەبێت لە گاڵتەپێکردن، هەر لە پیرۆزترینەکانەوە بیگرە هەتا سادەترینەکان، لە ئایین و بیروباوەڕەوە بیگرە، بۆ مرۆڤ، زانست، پیشە، هاوڕێیەتی، ڕاستگۆیی، دەستپاکی، ماف، خێزان ... هەریەکە و بەجۆرێک بەهایان هێنراوەتە خوارەوە، هەریەکە و بە جۆرێک کەوتوونەتە بەر شاڵاوی گاڵتەپێکردن.
لە کۆتاییدا ئەوە دووپات دەکەینەوە: گاڵتەپێکردن دەرەنجامە، ئاماژەیەکی خەمناک و ساردە بۆ بوون و کەڵەکەبوونی دەیان و سەدان قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و دەروونی، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم دیاردەیە چارەسەر بکرێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، مانا بگەڕێنینەوە بۆ چەمک و بەهاکان، چونکە کاتێک جدییەت بەهای نامێنێت، زانست و مەغریفەت بەهای نامێنێت، کەس گوێت لێ ناگرێت ... ئیدی میکانیزمی گاڵتەپێکردن دەبێتە سمبولێک بۆ گوزارشتکردن لە قەیرانەکان، تاکەکان لەو ڕێگایەوە هاوار دەکەن فەوتایین، وێران بووین، کەسیش گوێ ناگرێت، کەسیش نایەت بە دەممانەوە ... وەک چۆن کاتێک قسەکردن بەهای نامێنێت، ئیدی بێدەنگی باشترین گوزارشتکردنە لەو هەموو نەهامەتی و دەردەسەرییەی هەیە.
ئەوەی ماتەوە بیڵێین ئەوەیە، زۆر جار کاتێک قەیرانەکان کەڵەکە دەبن و خەریکە بتەقنەوە، لێرەدا پێویستە کەسێک، یان گرووپێک بکرێتە قوربانی هەتا کەمێک دۆخەکە پەردەپۆش بکات و، کەمێک تەقینەوەکە دوا بخات، ئیدی نازانین لەم دۆخەدا کێ دەکرێتە قوربانی و هەموو بەرپرسیارێتییەکان دەخرێتە ملی و، توڕەیی کۆمەڵگای تێدا خاڵی دەکرێتەوە، بۆیە گرنگە ئێمە لەم دۆخەدا لایەنگری گاڵتەپێکردن و بێبەهاکردن نەبین، قەبارەی شتەکانیش لە چوارچێوەی خۆیاندا دابنێین و، وێنە گەورەکەمان لەبەر چاو بێت و، بەشدار نەبین لە بەقوربانیکردنی نە خۆمان، نە هیچ کەس و گرووپێک کە شایستەی ئەوە نین بکرێن بە قوربانی بە پەردەپۆشکردنی ئەم دۆخە، ڕەخنە بگرین، هەوڵی ڕێککردنەوە بدەین، بەڵام لە سنوور و چوارچێوەی خۆیدا.
- ئاڤار قەرەداغی




