لە پشتی بێئەدەبیی منداڵێکەوە؛ دەستێکی ڕێکخراو هەیە
ئەمەی دەکرێت، درێژەی پڕۆسەیەکی دەیان ساڵەیە بۆ داڕنینی میللەتی کورد لە ئیسلام و دیرۆکە ئیسلامییەکەی. کۆتا هەوڵەکانیش بەگژدادانی نەتەوە و ئایین بوو؛ خەڵک هەر لەخۆوە خرانە نێو بەرداشێکەوە: «تۆ موسڵمانیت یان کوردیت؟»، بەبێ ئەوەی هیچ پێکدادانێک ڕووی دابێت.
تا کار گەیشتە ئەوەی شەڕەکە لە تانە و تەشەری ناڕاستەوخۆ دەرچێت و پەلاماری قورئان و پێغەمبەر (ﷺ) بدرێت، دووبارە لەژێر پەردەی خەمی نەتەوەدا. لێرەدا بابەتەکە ئەوە نییە منداڵێک بێئەدەبییەکی کردووە، بەڵکوو هەوڵێکی ڕێکخراوی ئاراستەکراوە و کەسانێک دژ بەم میللەتەی لە پشتە. بێئەدەبیش بەرانبەر بە قورئان و پێغەمبەر (ﷺ) و پیرۆزییەکان جێگای قبووڵکردن نییە، جا هەر کەسێک بێت؛ منداڵ یاخود گەورە.
هەر کەس و لایەنێک بێڕێزی بەرانبەر بە پیرۆزییەکانمان بکات لە ئێمە نییە؛ با کورد بێت، با برا و کەسوکار بێت، هەرچی بێت لە ئێمە نییە؛ جل و زمانی کوردیش دادی نادات.
بێدەنگیی زانایان، مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان بەرانبەر ئەم هەوڵە ڕێکخراوەی دژایەتیکردنی ئیسلام و پیرۆزییەکان، پاساو هەڵناگرێت. ئەرکی شەرعی و واجبی گەورەیان لەسەرە کە بێنە دەنگ و ڕاستییەکان بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە. کاتێک بە ئاشکرا سووکایەتی بە پێغەمبەر (ﷺ) دەکرێت و مێشکی نەوەکانمان دەشێوێنرێت، دەبێت مینبەرەکان و قەڵەمەکان ببنە قەڵغانی بەرگری؛ بێدەنگیی ئێوە، مەیدانەکە بۆ ئەم دەنگە نەشازانە چۆڵ دەکات تا زیاتر ژەهر بڕێژن.
#ئاستانە_Astana




