تۆش پەشۆکاویت؟

تۆش پەشۆکاویت؟

تۆش پەشۆکاویت؟

نووسەرئاستانەئاستانە
هەشت خولەک خوێندنەوە ١٦٦ بینینەکان ٣ شوبات ٢٠٢٦

تۆش پەشۆکاویت؟
دوای بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک مەلەفی تری دورگەی ئیپستین، خەڵکێکی زۆر تووشی شۆکێکی گەورە بوون، چۆن دەبێت لەو دوورگەیە ئەوەی خراپە و قیزەونە کرابێت؟ چۆن دەبێت منداڵ بۆ کاری سێکسی بەکارهێنرابێت و دواتر کوژرابێت، یان نێربازیی و دەیان تاوانی تر لەوێ کرابێت هەتا باسی خواردنی گۆشتی مرۆڤ دەکەن! ئەم هەموو تاوانە لەسەدەی بیست و یەک، لەنیو ڕۆژئاوا چۆن دەبێت ڕووبدات؟

هێشتا باڵا دەڕوانیت
شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای باڵایی ڕەگەزی سپی درووست بووە، ئەو ڕەگەزەی بە ڕەگەزی سەروەر و خاوەن ڕەوشتە زۆر بەرزەکان ناوزەند کراوە، ئەو ڕەگەزەی خاوەنی ئەقڵێکی گەورە تیژە، خۆی گەیوشتووەتە لوتکە و هەوڵی ئەوەشی داوە میلەتانی تر لە نەزانی و خورافە ڕزگاربکات، لە بەڕبەڕیەتەوە بەرەو شارستانییەت و مافەکانی مرۆڤ بیانهێنێت. بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە پیرۆزەش ئاسایی بووە بەلایانەوە هێز بەکار بهێنن و میلەتان ناچار بکەن بچنە ژێر سایەی ئەوانەوە، شۆڕشی ئەوان شۆڕشە لەپێناو مرۆڤ و مرۆڤایەتیدا، ئەمە ئەو گێڕانەوە باوەیە کە هەم خۆیان باوەڕیان پێ کردووە، هەم ئێمەش باوەڕمان پێ کردوە.
لێرەوە بەشێک لەو شۆکەی تووشی بووین بەرانبەر بە تاونکارییەکانی ئیپستین، پەیوستە بەو تێڕوانینە باڵایەی لە لاشعورماندا چێنراوە بۆ ڕۆژئاوا، بەهۆی بێ ئاگایی و نەخوێندنەوەی مێژووی ڕۆژئاوا نەمانتوانیوە ئەو بتەی ڕۆژئاوا کە لەهزرماندا درووست بووە بیشکێنین، بەلایەنی کەم ئەگەر نەشتوانین هەموو بتەکە بشکێنین ئەوا بەشێکی بشکێنین.
ماددیگەرایی
ماددیگەرایی هیچ پێوەر و بنەمایەکی ئەخلاقی تێدا نیە، کاتێک لەسەر بنەمای پەرەسەندن بەها بۆ مرۆڤ دادەنێن، بێگومان ئەو مرۆڤە هیچ بەهایەکی نییە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە شتێک نییە بەناوی بەها، مرۆڤیش هیچ جیاوازییەکی جەوهەری نییە لەگەڵ ئاژەڵەدا، بەڵکو تەنها لەڕووی چەندییەوە جیاوازن.
لەلایەکی ترەوە لە پەرەسەندندا شتێک بوونی نییە بەناوی ئەمە ئەخلاقییە و ئەوە نائەخلاقییە، بەڵکو هەر لە بنەڕەتەوە چەمکە ئەبستراکت و نامادییەکان بوونیان نیە، لە دیدی پەرەسەندنەوە ئەوەی بوونەوەرەکە دەهێڵێتەوە پێویستە، بابەتی ئەخلاقی، جوانی، حەقیقەت، ستەم، دڕندایەتی... بەرپرسیارێتی. هیچی بوونی نییە.
ڕیچارد دۆکینز دەڵێت: "دەمەوێت بڵێم پەرەسەندن چۆن ڕووی داوە، نامەوێت بڵێم کە ئێمەی مرۆڤ لەباری ئاکارییەوە چۆن ڕەفتار بکەین، لەسەر ئەو بابەتە جەخت دەکەمەوە چونکە دەزانم ئەو مەترسییە هەیە کەسانێک کە ژمارەیان کەمیش نییە لە مەبەستەکەم تێنەگەن، ئەوان ناتوانن لەنێوان ئەو وتەیەی بڕوایان پێیەتی یان لایەنگری لەو شتەی کە ڕاستییە، جیاوازی بکەن. هەستی خۆم ئەوەیە کە ئەگەر کۆمەڵگەی مرۆیی تەنیا بەند بێت لەسەر یاسا بێبەزەییەکانی جین، کۆمەڵگەیەکی زۆر ناخۆش بۆ ژیان دەبێت؛ بەڵام بە داخەوە بە هەر ڕادەیەکیش سەبارەت بە شتێک  ئەفسوس بخۆین، گۆڕانکاریی لە ڕاستییەکاندا ڕوو نادات."١
لێرەدا دۆکینز بانگەوازەکەی ڕوونە: جینەکان ئەمانبەن بەڕێوە، جینەکان خۆپەرست و بێبەزەیین، ژیان لەسایەی جینەکاندا ناخۆش و سەختە! چارە چیە، ئەوە ڕاستییە و ئەبێت جێبەجێی بکەین.
ماددیگەری لەوە زیاتری لێ چاوەڕی ناکرێت، ئەوەی لە ئیپستین ڕوویداوە بەموو ناکۆک نییە لەگەڵ ئەو دیدانەی پشت بە ماددیگەریی دەبەستن، بەتایبەت هەر کات مرۆڤت خستە نێو قەفەزی پەرەسەندنەوە ئەمانە و زۆتریش زۆر شتێکی ئاسایین، بگرە ئەگەر پێچەوانەی ئەوە ببینین ئەبێ سەرمان بسوڕمێت، بۆیە لە ڕووی بنەماوە ڕووداوەکانی ئەم چەند سەدەیەی دوایی لە ڕۆژئاوا و جیهان، هەر لە کوشتن، دەستدرێژی، تەعزیب، جینۆساید، منداڵ لەباربردن، هاوڕەگەزبازی.... هەمووای دەرئەنجامی بنەماکانی خۆیانە، هیچیان شتگەلێکی شاز و نامۆ نین، بەردەوام لەبەرچاوماندا ڕوودەدەن.

مرۆڤخۆرەکان
زۆرجار دەبینین لە دۆکۆمێنتارییەکاندا کە پەیوەستن بە هۆزە سەرەتاییەکانەوە کە خەلکەکەی خەریکی خواردنی گۆشتی مرۆڤن، ئەم دیدە خراوەتە نێو ڕۆمان و فیلمەکانیشەوە، مرۆڤخۆرەکان، بەڕبەڕییە سەرەتاییەکان، بەڵام با بپرسین، ئایە بەڕاست ڕۆژئاوا مرۆڤخۆری تێدا نەبووە؟
چەندان زانای بواری ئەنسرۆپۆلۆجیا قسەیان لەو بارەیەوە کردوە کە خواردنی گۆشتی مرۆڤ لەلای بەریتانییەکان بڵاو بووە، سێر ویلیەم هارکۆرت وەزیری ناوخۆی بەریتانی لە نێوان ساڵانی ١٨٨٠-١٨٨٥، بە گاڵتەجاڕییەوە دەڵێت: یاساناسان بەزوترین کات بڕیار دەدەن کە خواردنی گۆشتی مرۆڤ جێگرەوەیەکی  ناشتنی مردوو بێت.  
جگە لەوەش برایان سیمپسون ئوستازی یاسا لە زانکۆی میشیگان و ڕاوێژکاری فەخری مەلیکە ئیلیزابێس، لە کتێبەکەی (خواردنی گۆشتی مرۆڤ و یاسای عورفی(یان نەنووسراو) کە زانکۆی شیکاگۆ بڵاویان کردەوە، باسی چەندان حاڵەت دەکات کە بەریتانی و ئەمەریکیەکان گۆشتی مۆرڤیان خواردوە، لە دەریادا، یان لە پرۆسە ئیستیعمارییەکاندا، دەڵێت: خواردنی گۆشتی مرۆڤ بڵاوبووە لە سەدەی ١٧ ، ئەوکاتەی جیمستاون غەزوکرا و گۆشتی هندییەکانیان خوارد، لەگەڵ، خواردنی گۆشتی یەکتر، بەڵام پەرەی سەند لەگەڵ فراوانبوونی بازرگانی بەریتانی لەگەڵ کشان و فراوانبوونی هێرشی ئیستیعماری لە هەموو قاڕەکانی زەوی.١
هەروەها یەکێک لە پاڵەوانەکانی خواردنی گۆشتی مرۆڤ جۆن جۆنستۆنە، داستانی جۆن جۆنستۆن، جۆن جۆنستۆن ناسراو بوو بە نازناوە پاڵەوانییەکەی، جگەر خۆر، هەردوو مێژوونووس ڕایمۆند سروپ و ڕۆبێرت بنکەر، کە زانکۆی ئیندیانا بڵاویکردۆتەوە کتێبەکەیان بە ناوینیشانی بکوژی هندییەکانی کرو: داستانی جۆنستۆن جگەر خۆرە، ئەوە دەگێڕنەوە کە چۆن ئەم پیاوە زیاتر لە بیست ساڵ هەستاوە بە کوشتنی هندییەکانی هۆزی کرو و، پێستیکەندون و جگەریانی خواردووە، ئەو دوو نووسەرە باسی زیات لە ٣٠٠ ڕووداو دەکەن کە جونستۆن هندییەکانی کوشتووە و جگەریانی خواردوە.  
جگە لەوەش ڕوانینی هۆڵیود و دەرهێنەری ڕوسیی سیدنی پولاک، جیاواز نییە لە ڕوانینی مەلیکەی بەریتانی لە جێمس تاون. هۆڵیود فیلمێکی دروستکردوە لە ژیانی جگەر خۆرەکە، پاڵەوانبازی و مەجدی جگەر خۆر، بە ناویشانی (جیرمایه جونسون) لە ساڵی ١٩٧٢، پاڵەوانی فیلمەکە ڕۆبێرت ڕیدفۆرد ڕۆڵی دەگێڕێت، وا دەردەکەوێت کە هەمەجییەت و وەحشیگەری کۆتایی پێدەهێنێت و لە زەوی کەنعانی نوێدا بەرزترین و جوانترین بەها و نەریتەکان بڵاو دەکەنەوە.٢
لێرەوە دەبینین مرۆڤخۆری شتێکی نامۆ نییە بە کلتوری ئەوان، هەروەها لەگەر ئەو ماددیگەریەی لەسەری دەڕۆن ناتەبا نییە، بۆیە نابێت تووشی شۆک ببین، لەکاتێکدا ئەم شارستانیەتە هەر لەسەرەتاوە لەسەر لاشە مردووە کەڵەکەبووەکان دروست بووە، هەتا ئێستاش ئێمە بەنێو گۆمی خوێندا تێدەپەڕین.
نموونەیەک هەیە پێمخۆشە لێرەدا بیخەمەڕوو، ئەویش پەیامەکەی ڕۆشامبۆیە: لەساڵی ١٨٠٣ یەکێک لە جەناراڵەکانی فەڕەنسا بەناوی جەنەراڵ ڕوشامبو، نامەیەک دەنێرێت بۆ جەنەراڵ ڕامیڵ، لە پێنجی نیسانی ١٨٠٣ ، ڕۆشامبۆ دەڵێت: " ئازیزم قائید ڕامیل، سریەیەکم بۆ ناردوویت پێکهاتووە لە ١٥٠ پیاو لە پاسەوانانی نیشتیمانی، بەڕێز  باری سەرکردایەتیا دەکات، ٢٨ سەگیشیان پێیە، سەگەکان لە جۆری بولدۆگن... پێویستە ئەوەتان پێبڵێم کە هیچ بەشە خۆراکێک دانەنێن بۆ ئەم سەگانە، بەڵکو پێویستە خواردنی سەگەکان گۆشتی زنجەکان بێت، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆتان."٣
  دەوڵەتێکی شارستانیی، کە تازە هاڵاوی یەکێک لە شۆڕشە مێژووییەکانی خۆی لێهەڵدەستێت، شۆڕشی فەڕەنسی، ئەو شۆڕشەی دەڵێن دروشمەکانی برایەتی و ئازادی و یەکسانی بوو، دەوڵەتێک ئاوا جەنەراڵ و سەربازەکانی ڕادەهێنێت و فێری مرۆڤدۆستیان دەکات، خواردنی سەگەکانیان گۆشتی مرۆڤە سوک و بێنرخەکانە، گۆشتی زنجەکان!
کاتێک بەهای زنجییەک لەلای ئەوان کەمتر بێت لە سەگێکی بولدۆگ ئەبێت چاوەڕێی چی بکەین؟ بۆچی ئەبێت لامان سەیر بێت لە ئیپستین گۆشتی مرۆڤ خورابێت؟ بۆ مەگەر ئەمانەی ئێستا لەوانەی پێشتریان بە ئەخلاقترن؟ بێگومان نەخێر، ئەگەر پێش سەد ساڵ یان دووسەد ساڵ هەندێک پێوەر هەبووبێت لەناویان خۆ ئێستا هیچ پێوەرێک نییە لەناویان و، کەوتوونەتە نێو بۆشاییەوە.

کوشتنی مێشێک نائەخلاقیترە
سام هاریس، یەکێک لەسەرانی ئیلحادی نوێ قسەیەکی هەیە دەڵێت: "ئەگەر لەباربردنی منداڵ لەلات کێشەیە، ئەوا ئەبێت کوشتنی مێشێک کێشەیەکی ئەخلاقی گەورەترت بۆ دروست بکات."٥
پێوەرەکەی سام هاریس بەندە لەسەر ژمارەی خانەکانی دەماغ! ئەم پێوەرە کە لەسەر چەندێتی وەستاوە نەک چۆنیەتی لەمە زیاتری لێ چاوەڕوان ناکرێت، لە ڕۆژئاوایەکدا کە ملیۆنان منداڵ لەبار دەبرێن، هاوڕەگەزبای دەرگای بۆ خرایە سەر پشت و بەیاسا بەرگریان لە هاوڕەگەزبازان دەکرد، کۆی کۆمەڵگەیان ناچار دەکرد دروشمەکانی ئەوان بڵێنەوە و بپۆشن، چاوەڕێیت لەمە باشتر ڕووبدات؟ بێگومان گرفتەکەش لە بنەماکانیاندایە، هەتا بنەماکان ڕاستنەکرێنەوە هەمان دەرئەنجام دووبارە دەبێتەوە.
کەواتە بەڕێز، شۆک مەبە، کوشتن و بەکارهێنانی ئەو منداڵانە هەر بەقەد کوشتنی مێشەکە کێشەی ئەخلاقی بۆ دروست کردون، ئەگەر دروستیشی کردبێت.
گەڕانەوە بۆ سەرەتا
خۆسێ  کازانۆڤا دەڵێت:" بە دەربڕینی ئیریک هوبزباوم، سەدەی بیست یەکێکە لە خوێناوییترین سەدەکانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. هەر لە کوژرانی ملیۆنان گەنجی ئەورووپی لە جەنگی جیهانی یەکەم، هەروەها ملیۆنان قوربانی لە تیرۆر و ترساندنی شیوعیەت و جەنگی ناوخۆ و چاککردنی زەویوزارەکان، هەروەها برسێتی گەورە لە ئۆکراینا. مەترسیدارترینیشیان هۆڵۆکۆست کە لەسەر دەستی نازییەکان ڕوویدا، هەروەها جەهەنەمی جەنگی جیهانی دووەم، دواتر بە لوتکە گەیشتنی دۆخەکە بە بۆمببارانی هێرۆشیما و ناکازاکی، کە بەهۆی ئایدۆلۆژیا عالەمانیەکانەوە ڕوویدا.
کازانۆڤا دەڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەورووپییە هاوچەرخەکان کاریگەرن، بەشێوەیەکی ئینتیقائی ڕووداوە نزیکەکان لەیاد دەکەن کە بە هۆی ململانێی ئایدیۆلۆژیا عالەمانیەکانەوە ڕوویانداوە، لە بەرانبەردا دەگەڕێنەوە بۆ یادەوەرییەکی کۆنتر و لەبیرکراو کە جەنگە ئایینییەکانن."٦
شارستانیەتی نوێ شارستانیەتێکی بێ زاکیرەیە، ئەو هەموو تاوانە ڕوویداوە، باوەڕناکەم تاوانێک هەبووبێت و لە سەردەمی مۆدێرنەدا ڕووی نەدابێت، ئەوەی جێگەی داخیشە هەموو ئەو تاوانانەی زۆر قیزەونن و پێشتریش هەبوون بە هەڕەمەکی، ئەوا لەسەردەمی مۆدێرنەدا تاوانەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراون، بەواتایەکی تر ئەوەی پێش مۆدێرنە کەسێک یان گروپێک بە هەڕەمەکی کردویەتی و، هەوڵی شاردنەوەی داوە، ئەمڕۆ بە پلان و بەرنامە ئەنجام دەدرێت، ئەوانەشی بەرنامە ڕێژیەکە ئەکەن زانا و بیرمەندەکانیانن.
بۆیە من پێم سەیرە خەڵک شۆک بووە بەرانبەر ڕووداوەکانی ئیپیستین، لەکاتێکدا سالانە هەزاران کەس هەر لە منداڵەوە بیگرە هەتا پیر و بەتەمەن، بە دڕندانەترین شێوە دەکوژرێن و قڕ دەکرێن لە تەواوی دونیا، بۆچی شۆک بین؟ دوو کتێب لەسەر سەدەی نۆزدە و بیست بخوێنرەوە دەیان و سەدان جار بەر ئەو ڕووداوانە دەکەویت، هەر چەند ساڵێک پێش ئێستا نەبوو جولیان ئاسانج کۆمەڵێک مەلەفی بڵاوکردەوە سەربازانی ئەمەریکی بۆ چێژ خەڵکیان دەکوشت؟ ئایە حسابی مێشوولەکەشیان کرد بۆ ئەو کەسانەی بۆ چێژ و وەک نیشانە دەیانکوشتن؟ دواتر هێشتا غەززە خوێنی لێدەچۆڕێت، هەر دوێنێ بوو ئەمەریکا و ئیسرائیل کوردیان فرۆشت لە ڕۆژئاوا.
 ئەوان ئەوەی لایان گرنگ نەبێت ئەخلاق و کەرامەتە، بۆیە ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە شۆکبوونی ئێمەیە نەک تاوانە قیزەونەکانی ئەوان، چونکە هەر لەسەرەتای مۆدێرنەوە هەتا ئەمڕۆ قیزەنترین تاوانەکان چەندبارە بوونەتەوە، چەندبارەش دەبنەوە، ئەم تاوانانەش دەرئەنجامی بنەماکانیانن، مادەم هێشتا بەرگری لەو بنەما ماددییانە دەکەن، چاوەڕوانکراوە کارەساتی گەورەتر ڕوو بدات. 

١ – ڕیچارد دۆکینز، جینی خۆپەرست، و. حوسێن حوسێنی، جەمال عیرفان، ٢٠٢١ ل ٣٨.
٢ – منیر العکش، أمریکا والابادات الثقافیة، ریاض الریس للکتب والنشر، ٢٠٠٩، ص ٤٧-٤٨.
٣ – منیر العکش، أمریکا والابادات الثقافیة، ریاض الریس للکتب والنشر، ٢٠٠٩، ص ٤٣
٤ – جاک موریل، روزنامن جرائم فرنسا، ترجمة: عماد أیوب، المرکز الاسلامی للدراسات الاستراتیجیة، ٢٠١٧، ص ٦٢. 
٥ – ئاڤار جەبار، مرۆڤە بێویستەکان، ڕێنوێن، ٢٠٢٠، ل ٤٣٢.
٦ – ئاڤار جەبار، عالەمانییەت لە تاریکییەوە بۆ تاریکی، ئاستانە، ٢٠٢٤، ل ٤٣٨.

ئاڤار جەبار قەرەداغی

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە فیکر و فەلسەفە

هەموویان ببینە