جیاوازیی ئێمە و ئەوان... ئێمە هەمیشە خوامان لەیادە
موسڵمان بەپێی ڕێنماییەکانی ئایینەکەی، لە مامەڵەکردنی لەگەڵ هەموو شتەکانی چواردەوریدا بە زیکر و یادی خوا دەست پێ دەکات؛ کاتێک جلێکی نوێ دەپۆشێت، سواری ئۆتۆمبێل دەبێت، کە دەچێتە نێو خانوویەکی نوێوە، تەنانەت لە کاتی گۆڕینی کات لە بەرەبەیان بۆ شەوان. ئەمە گەر بە وردی تێڕامانی بۆ بکەیت، وەک بازنەیەک دەر دەکەوێت کە ئەو کات و شتانە هەمووی لەناو ئەو بازنەیەدا جێگەیەکیان هەیە و، مرۆڤیش لەناو بازنەکەدا لەم حاڵەت و کات و دۆخەوە دەڕوات بۆ ئەوی دیکە و، دەخولێتەوە بە دەوری سەنتەر و چەقی بازنەکەدا؛ کە -تەشبیهی نەبێت- پەروەردگار چەقەکەیە و خاڵی نەگۆڕە.
بۆیە مرۆڤ کاتێک ئەم خانوو، یان ئەو ئۆتۆمبێل، یان ئەو کاتە تێ دەپەڕێنێت، بەلایەوە ئاسایی دەبێت و دەزانێت خودی شتەکان سەنتەر نین، بەڵکوو پەروەردگار سەنتەرە. ئیدی خەم ناخوات بۆ تێپەڕینی کات و نەمانی شتەکان و گۆڕینیان بە کات و شتی دیکە، چونکە دەزانێت وجوودی ئەم شتە و ئەو کات و دۆخە تەنیا بۆ ئەوە بووە لە ڕێیەوە پەرستش و عوبوودییەتی خودا بکات و، نەگۆڕەکە ئەوەیە.
ئیدی بە گۆڕینی هۆکارەکان، ئامانج و نەگۆڕەکە دەمێنێتەوە و، لەبری پەیوەستبوون بە هۆکارەکان، دڵی پەیوەست بە دروستکەری هۆکارەکان و کات و دۆخەکان دەکات. کاتێک ئەم بابەتە گرێ بدەین لەگەڵ فەرمایشتی پێغەمبەر (ﷺ) کە دەفەرمووێت: «باوەڕدار لە دونیادا وەک نامۆ و ڕێبوارێک بژی»، ئەوە دەبێت هەڵسوکەوتی لەگەڵ شتەکانی چواردەوری وەک نامۆیەک لە دونیا و ڕێبوارێک بێت؛ کە ئەو، خاوەنی ئەم شتانە نییە، بەڵکوو ئەو شتانە هەمووی هی پەروەردگارن و، وەسیلە و ئامرازن بۆ عوبوودییەتی خوا؛ نەک بۆ لەبیربردنەوەی خودا و هۆگربوون و سەرقاڵبوون پێیانەوە وەک ئەوەی موڵکی خۆی بن و خودی شتەکان گرنگ بن.
کە ئەمەش لە دونیای نوێ و شێوازی ژیانی هاوچەرخدا دەبینین، کە هەموو شتەکان تۆخ کراونەتەوە و مرۆڤ وا پەیوەستیان بووە کە بە لەدەستدانیان هاوسەنگیی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر لە زەمەنی کۆندا مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ شتەکان بەو شێوەیە بووبێت کە هیی خۆیەتی و موڵکی خۆیەتی و خودا لەبیر کرابێت، ڕەنگە هەڵەیەکی تاکەکەسی بووبێت وەک ئایەتەکە باسی دەکات: ﴿وَدَخَلَ جَنَّتَهُ وَهُوَ ظَالِمٌ لِّنَفْسِهِ قَالَ مَا أَظُنُّ أَن تَبِيدَ هَٰذِهِ أَبَدًا﴾ [الكهف: ٣٥]، ئەوا ئێستا بووە بە ڕۆشنبیریی زاڵ و تێڕوانینی گشتیی مرۆڤ.
بۆیە گرنگە مرۆڤ لە ڕێی تێڕامان لە قورئانەوە، هەڵە و عەیبەکانی خۆی بدۆزێتەوە و، لێ نەگەڕێت شەپۆلی تاریکی لەگەڵ خۆی بیبات.
د. یەحیا ئیسماعیل
#ئاستانە_Astana

جیاوازیی ئێمە و ئەوان... ئێمە هەمیشە خوامان لەیادە
جیاوازیی ئێمە و ئەوان... ئێمە هەمیشە خوامان لەیادە
نووسەر
ئاستانە
دوو خولەک خوێندنەوە ١٨ بینینەکان ٩ شوبات ٢٠٢٦



