وەرزش؛ یاخود بازرگانییەکی بێبەزەییانە بە خوێن و تەندروستیی مرۆڤەکانەوە؟
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، سیستەمی سەرمایەداری و وەسوەسەی کۆکردنەوەی بینەر (ترێند)، گەیشتووەتە ئاستێک کە بەهای مرۆڤ و تەندروستییەکەی بەتەواوی خستووەتە ژێر پێ. یەکێک لە نموونە هەرە زەقەکانی ئەم داتەپینە ئەخلاقییە لە ڕۆژئاوادا، دروستبوونی پاڵەوانێتییەکانی وەک «پاوەر سلاپ - Power Slap» (یاریی زللەلێدان)ـە.
یارییەک کە تێیدا مرۆڤەکان لەپێناو بڕێک پارە و، ناوبانگێکی کاتیدا، ڕێگە دەدەن توندترین زەبری میکانیکی بەر کەللەسەر و مێشکیان بکەوێت؛ بەبێ ئەوەی بۆیان هەبێت کەمترین بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە ڕووی تەندروستی و پزیشکییەوە، ئەمە تەنیا کێبڕکێ نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی بەئەنقەستی دەمارەکانی مێشک و، دروستکردنی شڵەقانی مێشکە (Concussion)؛ کە دواتر دەبێتە هۆی کێشەی درێژخایەنی وەک خەمۆکی و تێکچوونی دەروونی. ئایا لۆژیکییە سیستەمێک خۆی بە پێشکەوتوو بزانێت و، باسی کەرامەتی ئینسان و مرۆڤدۆستی بکات، کەچی مۆڵەتی فەرمی و یاسایی بە یارییەک بدات کە تێیدا ترۆپکی چێژوەرگرتنی جەماوەر، بریتییە لە بێهۆشبوونی مرۆڤێک و کەوتنەخوارەوەی بەهۆی زەبرێکی کوشندەوە؟! کە لێرەدا مرۆڤ هیچ نییە، تەنیا ئامرازێک نەبێت بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و، گرێبەست و پەخشی کەناڵەکان.
لە بەرانبەر ئەم تابلۆ پڕ لە توندوتیژییەدا، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ بەهاکانی ئیسلام، جیاوازییەکی گەورە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژیان و گیانی مرۆڤدا دەبینین. لە ئیسلامدا «پاراستنی گیان و تەندروستیی مرۆڤ» (حفظ النفس) یەکێکە لە پێنج ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی شەریعەت.
پێغەمبەری ئیسلام (ﷺ) بە ڕوونی ڕێگری کردووە لە لێدانی دەموچاو، تەنانەت لە کاتی شەڕکردنیشدا و دەفەرمووێت: «إِذَا قَاتَلَ أَحَدُكُمْ فَلْيَجْتَنِبِ الْوَجْهَ». چونکە دەموچاو مانای کەرامەت و، شوێنی هەستەوەرە سەرەکییەکانی مرۆڤە.
ئیسلام نەک هەر ڕێگە نادات مرۆڤەکان بۆ چێژی کەسانی تر یەکتر بریندار بکەن، بەڵکوو بە توندی «بەشەڕدانی ئاژەڵانیش»ـی حەرام کردووە. کاتێک ئایینێک ڕێگە نەدات دوو کەڵەشێر بۆ کاتبەسەربردن ئازار بدرێن، چۆن ڕێگە دەدات کەرامەت و تەندروستیی مرۆڤێک بکرێتە قوربانیی چێژی سۆشیاڵ میدیا، یان ڕێگەی پارەپەیداکردن؟!
وەرزش لە بنەڕەتدا بۆ بونیادنانی جەستەیەکی تەندروست و بەهێزکردنی ئیرادەیە، نەک بۆ لەناوبردنی مێشک و لێدان لە کەرامەت. ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی «وەرزشی نوێ»ـوە دەکرێت، هیچ نییە جگە لە بازرگانییەکی بێبەزەییانە بە خوێن و تەندروستیی مرۆڤەکانەوە. پێویستە هۆشیار بین و، نەبینە بەشێک لە چەپڵەلێدەرانی ئەم جۆرە توندوتیژییە بێمانایانە!
ــ بەختەوەر عەلی
#ئاستانە_Astana




