کاتێک ڕۆن پاسەوانیی ئاو دەکات: نهێنییەکی شاراوە لەسەر ڕووی چاو!
لەوانەیە لە سەرەتادا شتێکی ئاسایی بنوێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەڵسمێکە و، شایەنی تێڕامانە. ڕووی چاو شەو و ڕۆژ ڕووبەڕووی هەوا بووەتەوە، بەر با، گەرما و تەوژمە هەوا وشکەکان دەکەوێت؛ کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، (گلێنە/Cornea) لە زۆربەی کاتەکاندا بە شێداری و ڕوونی دەمێنێتەوە. ئەگەر فرمێسک تەنیا ئاو بووایە، بە خێرایی هەڵیدەمژی و دەبووە هەڵم، ئەوکاتە بینین دەگۆڕا بۆ ئەزموونێکی بەئازار و لێڵ. ئەی نهێنییەکە چییە؟
زانست بۆمانی دەر دەخات کە، (پەردەیەکی فرمێسک/Tear Film) چاو دادەپۆشێت؛ تۆ نایبینیت، هەستی پێ ناکەیت، بیریشی لێ ناکەیتەوە؛ کەچی ئەو لەوێیە و بێوەستان کار دەکات. تۆ خەریکی بیرکردنەوەیت لە خەمەکانت، لە کارەکانت و لە پلانەکانت؛ چاوەکانیشت لە بێدەنگییەکی ڕەهادا خەریکی پاراستنی خۆیانن، وەک ئەوەی بەشێکی ناوەوەت زۆر لە خۆت داناتر بێت و، پێش ئەوەی خۆت بزانیت، ئەو بزانێت چیت پێویستە!
ئەم پەردەیە تەنیا "تەڕییەکی" سادە نییە، بەڵکوو سیستەمێکی کیمیاییی وردە لە سێ چینی تایبەتمەند پێکهاتووە، کە ئەستوورییەکەیان لە چەند مایکرۆمەترێک تێناپەڕێت. هەموویان بە هەماهەنگییەکی بەردەوام کار دەکەن بۆ پاراستنی گلێنە، کە بريتيیە لەو ڕووە دەمارییەی جەستەی مرۆڤ کە زۆرترین بەریەککەوتنی لەگەڵ دەرەوەدا هەیە:
١. چینێکی لینج (Mucous Layer): نووساوە بە ڕووی گلێنە و پەردەی چاوەوە و، کارئاسانی دەکات بۆ لکانی فرمێسک بە چاوەوە.
٢. چینێکی ئاویی ناوەڕاست (Aqueous Layer): کە ڕژێنە فرمێسکەکان دەریدەدەن، ئاو و خوێ و پڕۆتین و هۆکارەکانی بەرگریی تێدایە؛ ئەرکی شێدارکردن و خۆراکپێدانی گلێنە و، پاراستنیەتی لە میکرۆبەکان.
٣. چینێکی چەوریی دەرەکی (Lipid Layer): وەک بەرگێکی سروشتی کار دەکات، کە ڕێگرییەکی زۆر لە هەڵمبوونی چینە ئاوییەکە دەکات و، نەرمی و ڕوونیی ڕووی چاو دەپارێزێت.
سەبارەت بە برژان و ترووکاندنی چاو، ئەوە تەنیا جووڵەیەکی خۆنەویست نییە، بەڵکوو میکانیزمێکی چالاکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی فرمێسک. لە هەر ترووکاندنێکدا، پێڵووەکانی چاو وەک "فڵچەی جامی ئۆتۆمبێل" بەسەر گلێنەدا دەخلیسکێن و، پەردە فرمێسکەکە بە یەکسانی دابەش دەکەنەوە. هەروەها ئەو چەورییە نوێیانەی کە بەردەوام لە "ڕژێنەکانی مێیبۆمیەن" (Meibomian Gland)ـەوە دەردەچن و بەتاڵ دەکرێنەوە؛ ئەمەش وا دەکات، پەردەی فرمێسکەکە لە نێوان دوو ترووکاندندا بە جێگیری بمێنێتەوە.
کاتێک تێڕامان لەم سیستەمە دەکەین، تێ دەگەین کە بابەتەکە تەنیا دڵۆپە ئاوێک نییە لەسەر چاو نیشتبێت، بەڵکوو سیستەمێکی تەواوکارە، کە لە کیمیای زیندەیی، فیزیای ڕووکارەکان، بینینزانی (ئۆپتیک/Optics) و زانستی سیستمی بەرگری پێک هاتووە. لەناو چینێکدا، کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت و، لە یەک کاتدا چەندان فەرمان جێبەجێ دەکات: شێدارکردن، ڕێگری لە هەڵمبوون، خۆراکپێدانی گلێنە، بەرەنگاربوونەوەی میکرۆب و باشترکردنی کواڵێتیی بینین.
هەر کاتێک ئەم سیستەمە، بەهۆی تێکچوونی ڕژێنەکان، کەمیی دەردانی ماددەی لیمەکی، یان ژینگەیەکی وشکەوە هەرەس بهێنێت؛ ئەوە دەر دەکەوێت کە پێی دەوترێت: نیشانەکانی (وشکبوونی چاو/Dry Eye Syndrome). ئەوکاتە، هەست بە کزانەوە، سووربوونەوە و، لێڵیی بینین دەکەیت، وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە، ئەو شتەی تۆ بە بەڵگەنەویست و سادەت دەزانی، هەرگیز وا نەبووە!
• حەسسان بن عابید
- وەرگێڕ
- ئاستانە

- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول

- ئامادەکار
- ئاستانە

- بڵاوکەرەوە
- ئاستانە





