تەوقەیەک بەرانبەر پێنج هەزار فرانک

تەوقەیەک بەرانبەر پێنج هەزار فرانک

ئێستا هەستت چۆنە؟ کاتێک لە قوتابخانەی تێرویل لە سویسرا لەسەر ڕەتکردنەوەی تەوقە لەلایەن دوو کوڕە خوێندکارەوە ئەو هەرایەی لێ دروست بوو...

تەوقەیەک بەرانبەر پێنج هەزار فرانک

پێنج خولەک خوێندنەوە ٢ بینینەکان ٢ ئاب ٢٠٢٦

تەوقەیەک بەرانبەر پێنج هەزار فرانک

خەیاڵ بکە لە قوتابخانەیەکدا خوێندکاریت، لە پۆلی دە یان یانزەیت، کوڕێکی چواردە پانزە ساڵیت و، پەیوەستیت بە ئایینەوە زۆرە، کەسێکی هاتووچۆی مزگەوت دەکەیت، لە قوتابخانەش کوڕ و کچ تێکەڵە، بە ئاسایی ئەخوێنیت و کێشەت نییە، بەڵام ڕۆژێک مامۆستایەکی ئافرەت دەستی درێژ دەکات و تەوقە لەگەڵ خوێندکارەکان دەکات، دەگاتە لای تۆ، دەستی درێژ دەکات، ساتێک بیردەکەیتەوە و بڕیار دەدەیت تەوقەی لەگەڵ نەکەیت چونکە تەوقە حەرامە لە ئیسلامدا، دەستت درێژ ناکەیت و داوای لێبووردنی لێدەکەیت چونکە ئایینەکەم ڕێگە بەم کارە نادات ناتوانم تەوقە لەگەڵ ئافرەتێکی نامەحرەم بکەم.

هاوڕێکەشت لە تەنیشتتەوە هەمان هەڵوێستی تۆ وەردەگرێت، ئەویش تەوقە لەگەڵ مامۆستادا ناکات، ئەم بابەتە لە ناوچەکەتان دەبێتە بەرباس و هەرای لێ دەکەوێتەوە، گوفتوگۆ و لیژنە و لیژنەکاری تێدەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیار دەدەرێت:" ئەم دوو خوێندکارە با تەوقە لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکاندا نەکەن بەڵام بەو مەرجەی لەگەڵ مامۆستا کوڕەکانیش تەوقە نەکەن بۆ ئەوەی جیاکاری ڕەگەزی درووست نەبێت!

لەم دۆخەدا چی دەکەیت؟ ڕەنگە سکاڵا بکەیت و بڵێیت ناحەقیم بەرانبەر کراوە، چۆن بەم جۆرە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، بۆچی ئازادییم پێشێل دەکەن؟

ئەوانیش بابەتەکە بەرز دەکەنەوە بۆ کاربەدەستانی سەرەوە، ڕوونیدەکەنەوە کە شتێکی لەو جۆرە ڕوویداوە، ئێمەش بڕیارمانداوە کە ئازادی ئەوەیان پێ بدەین کە لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکاندا تەوقە نەکەن بەڵام بەو مەرجەی لەگەڵ مامۆستا پیاوەکانیشدا تەوقە نەکەن هەتا بابەتەکە نەبێت بە جیاکاری ڕەگەزی.

بەڵام کاربەدەستان ئەو هەڵوێستە ڕەتدەکەنەوە، دەڵێن:" چۆن شتی وا دەبێت؟ لێرە ئەبێت هەمووان پابەند بن بە بنەماکانی سیکۆلاریزمەوە، نابێت جیاکاری بکرێت، بەڵکو دەبێت بە تۆبزی ئەو دوو خوێندکارە کوڕە لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکاندا تەوقە بەکەن، ئەگەر پابەندیش نەبوون بەوەوە ئەوا سزا دەدرێن و، دەبێت لە بەرانبەردا (٥٠٠٠) پێنج هەزار کرۆنی سویسری وەک پێبژاردن بدەن."

ئەمە جگە لەوەی دایک و باوکت بانگ بکەن و سەرزەنشتی ئەو جۆرە پەروەردەیەیان بکەن کە جیاوازی ڕەگەزی لێدەکەوێتەوە.

ئێستا لە خەیاڵەکەت وەرە دەرەوە و بگەڕێرەوە بۆ دونیای واقیع، هەڵوێستت چی دەبێت شتێکی وا ببینیت؟ ئایە سەرزەنشتی ئەم ڕووداوە دەکەیت؟ یان پاساوی بۆ دەهێنیتەوە؟ وە ئەگەر لە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپی و دیموکراسییەکان ئەم ڕەفتارە بنوێنن چی دەڵێیت؟ ئەگەر پێت بڵێم ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦، بەڵێ ٢٠١٦، لێت تێکنەچێت باسی هەزار ساڵ پێش ئێستا ناکەم، باسی سەردەمی هەژموونی ئایین ناکەم، بەڵکو باسەکە باسی سەردەمی مۆدێرنە و مافی مرۆڤە، سەردەمی جەنگە (بەحساب) بۆ مافی مرۆڤ و ئازادیی، بەڵام لێرەدا ئازادییەکە گرنگ نییە، چونکە ئەوەی گرنگە تێکەڵکردنی کۆچەبەرەکانن بە کلتورە کراوە و جوانەکەی ڕۆژئاوا، ئامانجیانە خەڵک لەو کلتورە بەربەریەی ڕۆژهەڵات دەربهێنن و بیانخەنە باوەشی کلتورە کراوە و پڕ خۆشەویستییەکەی ڕۆژئاواوە!

ئێستا هەستت چۆنە؟ کاتێک لە قوتابخانەی تێرویل لە سویسرا لەسەر ڕەتکردنەوەی تەوقە لەلایەن دوو کوڕە خوێندکارەوە ئەو هەرایەی لێ دروست بوو، بە جۆرێک گەیشتن بەوەی کە بە ناچاری هەر ئەبێت تەوقە بکەن لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکاندا، نابێت لە قوتابخانەدا بیروباوەڕ و ئایین دەستوەردان بکەن، هەتا گەیشتن بەوەی ئەگەر ئەو دوو کوڕە ڕەتی بکەنەوە تەوقە بکەن ئەبێت یەکی بڕی (٥٠٠٠) کرۆنی سویسری وەک غەرامە بدەن.!(١)

لێرەوە بابەتی ئازادیی و قبوڵکردنی ئەوی تر لەو چوارچێوە تیۆرییە ئاڵواڵایە دەردەچێت کە عەلمانیەکان بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە، ئەوەی بەردەوام پێمان دەڵێن ئەوەی گرنتی دەستەبەری ئازادیی دەکات تەنها عەلمانیەتە، لەکاتێکدا تێدەگەین کە عەلمانیەت لەژێر ناوی یەکسانیدا هیچ ناهێڵێتەوە بۆ ئەوی تر و، لە تەواوی شوناسەکەی ڕووتی دەکاتەوە.

دانیاڵ حەقیقتجو دەڵێت:" لە ساڵی ٢٠١٦ سویسرا دەستی کرد بە غەرامەکردنی خوێندکارە موسوڵمانە کوڕەکان ئەگەر ڕەتیان بکردایەتەوە تەوقە لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکانیان بکەن، غەرامەکەش کەم نەبوو، خوێندکاران دەکرا تا ٥٠٠٠ دۆلار غەرامە بکرێن.

ئایە ئەمە جۆرێک لە دەستدرێژیی سێکسی نییە – ناچارکردنی کەسێک بۆ بەرکەوتنێکی جەستەیی دژی ویستی خۆی؟ چی بەسەر هەموو ئەو قسە زلانەی فێمێنیستی سیکۆلاردا هات دەربارەی پارێزراویی جەستەیی و ناوەندیبوونی ڕەزامەندی؟ وا دیارە هیچ کام لەوانە گرنگ نین ئەگەر تۆ پیاوێکی موسوڵمان بیت، ئەگەر پیاوێکی موسوڵمان ڕەتی بکاتەوە تەوقەت لەگەڵدا بکات، مانای ئەوەیە هەوڵی سەرکوتکردنت دەدات وەک چۆن لەگەڵ هەموو ئەندامە مێیینەکانی خێزانەکەیدا دەیکات، وایە؟"(٢)

ئەم تێبینیەی حەقیقەتجو وردە، یەکێک لەو بابەتانەی لە ڕۆژئاوا زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ دەکەن بەرکەوتنی جەستەییە، تەنانەت ماچکردنی منداڵێک دەستهێنان بە ڕومەتیدا دەبێتە گرفت، بە دەستدرێژی و تەحەڕووشی سێکسی ناوزەند دەکرێت، ئەمە گواستراوەتەوە بۆ ژیانی خێزانیش، پیاوێک نابێت بە زۆر دەستی بەر ژنەکەی بکەوێت، ئەگەر ژنەکەی ڕازی نەبوو و پیاوەکە دەستی لێدا یان ماچی کرد یان لەگەڵی خەوت، ئەوا وەک تاوان سەیر دەکرێت، کەچی لێرەدا کوڕەکان دەڵێن ئێمە نامانەوێت دەستمان بەر دەستی ئافرەت بکەوێت، بەلام ئەوان بە زۆر ناچاریان دەکەن و دەڵێن نەخێر دەبێت هەر تەوقە بکەن، ڕەنگە یەکێک بڵێت: ئاخر بەرکەوتنی پیاوەکە باگراوندێکی سێکسی هەیە، بەڵام هی مامۆستاکە وا نییە، لێرەدا ئەم قسەیە بەتاڵە، چونکە کاتێک کەسێک ماچی منداڵێک دەکات زۆرینەی زۆری مەبەستی خۆشەویستییە و مەبەستی سێکسی لە پشەتەوە نییە، بەڵام هەر ڕێگە پێنەدراوە، دەڵێن منداڵ لەو هەستە تێناگات، بەڵام خۆ ئەم کوڕانە گەورەن و لە دۆخەکە تێدەگەن، نایانەوێت تەوقە بکەن بەڵام هەر بەزۆر دەیانەوێت دەستیان لێبدەن و، ڕێزیش لە بڕیارەکەیان ناگرن، بە تاوانیشی دانانێن و، ڕەفتاری کوڕەکان بە تاوان دادەنێن.

لێرەدا تێدەگەین کە زۆر جار ئەم چەمکانە چەمکی بێگەرد و بێ لایەن نین، بەڵکو دونیایەک پێشگریمانە لە پشتیانەوە وەستاوە، هەروەها چەمکەکان چەمکگەلێکی یەکلابووە و تەواو لە چوارچێوە دراو نین، بەڵکو مەتاتیین و بە پێی دۆخە کلتوریی و سیاسییەکان گۆڕانکارییان تێدا دروست دەبێت.

بەڵێ، دۆخەکە بەم جۆرەیە، قسەکردن و وێناکردنی چەمکە قەشەنگ  و سەرنج ڕاکێشەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ سروشتی دەوڵەتی مۆدێڕن و میتافیزیکە تایبەتەکەی، تەواو دەرناچێت و نایپێکێت.

صەبا مەحموود دەلێت:" دەوڵەتی مۆدێرن، هەرچەندە بانگەشەی بێلایەنیی ئایینی دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی بێوێنە دەستی لە کۆنترؤلکردن و ڕێکخستنی ژیانی ئایینیدا هەیە، بۆیە ڕێگە بە دەوڵەت دەدات بچێتە ناو کێشەگەلێکی گەورەی داب و بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە."(٣)

هەروەها دەڵێت:" بەشوێنپێهەلگرتنی تەڵاڵ ئەسەد، عەلمانییەتی سیاسی وەک دەسەڵاتی سەروەری دەوڵەتی مۆدێرن بۆ بیناکردنەوەی مۆرکە بنەڕەتییەکانی ژیانی ئایینی دەناسێنم، کە دەڵێت ئایین چییە و دەبێ چی بێت، هەروەها ناوەڕۆکە گونجاوەکان دیاری دەکات، خودێتی و چوارچێوە ئەخلاقییەکان و چالاکییە ڕۆژانە پەیوەستەکان دیاری دەکات."(٤)

لە جێگایەکی تردا دەڵێت:" دەسەڵاتی سەروەری دەوڵەت لە دیاریکردنی ژیانی ئایینی و کۆنترۆڵکردنیدا دەسەڵاتێکی تاکلایەن و پێشوەختکێشراو نییە. بە پێچەوانەوە، تێهەڵکێشە لە دووفاقییەکی بیناکراو. لە ڕوویەکەوە، دەوڵەتی لیبراڵی لافی ئەوە لێ دەدات کە پارێزگاری لە جیاکاری نێوان ئایین و دەسەڵات دەکات، بۆ ئەم مەبەستەیش ئایین دەخاتە بواری تایبەتی، ئەو بورەی بۆ بیروباوەڕی ئایینی و ئازادی تاکەکەسی پیرۆزە. لە ڕوویەکی دیکەیشەوە، فەرمانڕەوایەتیی مۆدێرن دەستی لە دەستێوەردان و ڕێکخستنی زۆرێک لە لایەنەکانی بوون و کیانی کۆمەڵایەتی و ئایینیدا هەیە، ئەمەیش سنووری نێوان گشتی و تاکەکەسی دەتوێنێتەوە، لە ئەنجامدا پێچەوانەی بانگەشەکەی یەکەمی دەوەستێتەوە." (٥)

کۆی ئەم وتانەی صەبا مەحموود جەختکردنەوەیە لەوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن بەپێچەوانەی ڕوانگەی باو هێندە کراوە نییە کە چاوەڕوان دەکرێت، هەروەها زۆر لەوە زیاتر دەستوەردان لە کاروباری ئایین و بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەکات، هەر دەوڵەتیشە پێمان دەڵێت چی ئایینە و چی ئایین نییە.

بەم واتایە بەلای دەوڵەتی عەلمانییەوە گرنگ نییە خودی ئایینەکە چۆنە، حەرام و حەڵاڵەکانی چین، ڕێگەش نادات شوێنکەوتەی ئەو ئایینە بە پێی ئایینەکە هەنگاو هەڵبگرن، بەڵکو ئەوە دەوڵەتە دەڵێت چی ئایینە و چی ئایین نییە، بۆ نموونە لەم دۆخەی سویسرا تەنها بەوە ناوەستن کە بڵێن ئەمە پێشێلکردنی کلتورێکە لە سویسرا، بەڵکو دێن دەڵێن: ئەم ڕەفتارە گوزارشتە لە تێڕاونینێکی ڤێندەمێتاڵیستی، ئەمە خودی ئایینەکە نییە، بەڵکو لێکدانەوەی توندڕەو و ئسوڵییەکانە.

کارەساتەکە لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێن ئەم کارە لەگەڵ کلتووری ئەوروپادا یەک ناگرێتەوە، یان بڵێن دژی یاسای ئەم وڵاتەیە، کارەساتەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە دەڵێن ئێوە ئەبێت لەگەڵ ئەوەی ئەوە ئەکەن کە یاسا و کلتوری ئەم وڵاتە ئەیەوێت، ئەبێ بشڵێن ئەو کارە لە ئیسلامیشدا ڕێگەپێدراوە و حەرام نییە! هەروەها ئەبێت بشڵێن: دەستتان خۆشبێت سەرەڕای ئەوەی بەزۆر لەچکمان لەسەر لادەدەن، بەزۆر تەوقەمان پێدەکەن لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر، بەڵام ئەم کارە پێدانی ئازادیی بیروباوەڕە و ئێوە ئازادی بیروباوەڕ و گوزارشت کردن لە دروشمەکانتان داوە بە ئێمەی موسوڵما.!

ڕەنگە کەسێک ئەم قسەیەی بەلاوە سەیر بێت، بەڵام ئەمە واقیعە و بەشێکی باش لە عەلمانییەکان بەم جۆرە دەڕوانن، لەگەڵ ئەوەی دەیانەوێت موسوڵمانێک پابەند بێت بە یاسا عەلمانییەکانەوە، دواتر دێن دەیانەوێت لە ڕووە ئایینییەکەشەوە بیسەلمێنن کە ئایینەکەش هەمان شتی ئەمانی ئەوێت، بۆیە مسوڵمان نابێت لەو یاسا عەلمانیانە لابدات.

بە کورتی ئەم خەیاڵەی کردمان خەیاڵ نەبوو، بەڵکو واقیع بوو، لە یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا ڕوویداوە، ئەمەش یەکەم و دواهەمین نییە، بەڵکوو دەیان و سەدان کەیسی تر هەن ڕوویانداوە و، لە داهاتووشدا بەردەوامییان دەبێت.

لە کۆتاییدا تێدەگەین سانسۆرەکان لە هەموو شوێنێک هەن، کلتوری زاڵ هەر دەسەپێنرێت، بیروباوەڕەکان لە قاڵب دەدرێن، بانگەشەی ئازادیی و قبوڵکردنی بەرانبەریش هەر بەردەوامن.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر مامەڵەی عەڵەمانییەکان لەگەڵ ئازادیی ئایینی و دەرکەوتنی درووشمە ئایینییەکان بگەڕێرەوە بۆ هەردوو کتێب:

·        ئاڤار قەرەداغی، عالەمانییەت لە تاریکییەوە بۆ تاریکی، ئاستانە، ٢٠٢٤.

·        صەبا مەحموود، ڕاجیایی ئایینی لە چاخی عالەمانیدا، و. کاوان کامەران، ئاستانە، ٢٠٢٦.

 

 

پەراوێزەکان

١ – بۆ وردەکاری و دەرچوونی بڕیارەکان بگەڕێرەوە بۆ ئەم بابەتە:

Verweigerter Händedruck an Schule Therwil - Kanton Basel-Landschaft

٢ – دانیاڵ حەقیەتجو، هەڕەشەی مۆدێرنیست لەسەر ئیسلام، و. دەرو کەمال حسێن، ئاستانە، ٢٠٢٦، ل ٤٩-٥٠.

٣ – صەبا مەحموود، ڕاجیایی ئایینی لە چاخی عەلەمانیدا، و. کاوان کامەران، ئاستانە، ٢٠٢٦، ل ١٣.

٤ - صەبا مەحموود، ڕاجیایی ئایینی لە چاخی عەلەمانیدا، و. کاوان کامەران، ئاستانە، ٢٠٢٦، ل ١٤.

٥ - صەبا مەحموود، ڕاجیایی ئایینی لە چاخی عەلەمانیدا، و. کاوان کامەران، ئاستانە، ٢٠٢٦، ل ١٦.

ئامادەکار
ئارام نوری
ئارام نوری
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە فیکر

هەمووی ببینە