لۆمەی کێ بکەین؟!

لۆمەی کێ بکەین؟!

لۆمەی کێ بکەین؟!

سێ خولەک خوێندنەوە ٣٠ بینینەکان ٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٦

هەموومان چیرۆکی ئەو پیاوەمان بیستووە کە دەیەوێت پارەکانی لە بیابانێکدا بشارێتەوە، بۆیە سێبەری پەڵەهەورێک دەکاتە ناونیشان. بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەکە، دەبینێت هەورەکە نەماوە و سەرمایەکەی بزر بووە و مایەپووچ بووە!

ئەم پیاوە دەبێت لۆمەی کێ بکات؟! هەورەکە کە سروشتی وایە جێگیر نییە و با دەیبات، یان عەقڵی خۆی کە درکی بەو سروشتە گۆڕاوە نەکردووە و پشتی بە شتێکی کاتی بەستووە؟!

لەوانەیە ئەو پیاوە بە نەزان و گەمژە بزانین، بەڵام ئەگەر بە قووڵی بڕوانینە واقیعی خۆمان، دەبینین زۆرینەمان هەمان ڕەفتار لە کایە هەرە گرنگەکانی ژیانماندا دووبارە دەکەینەوە. ئێمە گەورەترین سەرمایەمان کە مانا و ئامانج و ئاراستەی ژیانمانە، دەدەینە دەست کۆمەڵێک بیردۆزی مرۆڤکرد و مۆدەی فکری و فەلسەفەی بەتاڵ و زانستی گۆڕاو، کە ڕێک وەک سێبەری ئەو هەورە خێرا تێدەپەڕن و کاتین.

مرۆڤ کاتێک پشتی لە وەحی کرد و بڕیاری دا حەقیقەتە ڕەهاکان و مانا باڵاکان لە فەلسەفە و بیردۆز و زانستە مرۆییەکان وەربگرێت، خۆی لەنێو گێژاوی هیچگەراییدا بینییەوە. هیچگەرایی پێی گوت کە بوون لە بنەڕەتدا هیچ مانا و ئامانجێکی نییە، مرۆڤیش تەنیا دەرەنجامی ڕێکەوتێکی بایۆلۆژییە. بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە ڕووی سایکۆلۆژی و ڕۆحییەوە ناتوانێت بەبێ مانا بژی، هەوڵی دا خاڵێکی جێگیر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ژیانی پێ ئاراستە بکات. لێرەوە کەوتە ناو تەڵەی پووچگەرایی، کە هەوڵ دەدات مانایەکی ڕەها لەنێو شتە ڕێژەیی و کاتییەکاندا دروست بکات. سەرمایەی ڕۆحی دەباتە ژێر سێبەری هەوری زانستپەرستی و سەرمایەداری و چێژگەرایی و، پێی وایە ئەم سێبەرە کاتییانە دەتوانن جێگەی ئاراستە نەگۆڕەکەی بۆ پڕ بکەنەوە. بەڵام ئەم تیۆری و فەلسەفە هەورییانە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. زانست تیۆرییەکانی پێشووی خۆی ڕەت دەکاتەوە (چونکە سروشتی زانست وایە بۆ لێکۆڵینەوە و خزمەتی ماددەیە نەک وەڵامدانەوەی پرسیارە وجوودییەکان)، مۆدێلەکانی چێژ و سەرمایەداری زوو کاڵ دەبنەوە و، دروشمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەبەردەم یەکەم قەیرانی واقیعیدا هەرەس دەهێنن.

کاتێک هەوری ئەم ئایدۆلۆژیایانەش ڕادەماڵرێت، مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خاڵ و دەبینێت سەرمایەکەی ون بووە و لەناکاو خۆی لەژێر باری قەیرانی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و هەستی تەنیاییدا دەبینێتەوە. بۆیە دەبینین تا دێت ڕێژەی خۆکوشتن و نەخۆشییە دەروونییەکان و هەستی بێهوودەیی زیاتر دەبێت؛ چونکە خەڵکانێکی زۆر تەمەنیان لەژێر سێبەرێکدا وەبەرهێنان کردووە کە لە بنەڕەتدا بوونێکی جێگیری نەبووە.

مرۆڤ کاتێک متمانەی خۆی دەداتە دەست فەلسەفەیەک کە مرۆڤێکی عەقڵسنووردار و کەموکووڕ دایناوە، یان ئاراستەی ژیانی دەبەستێتەوە بە تیۆرییەکەوە کە سبەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، نائومێدبوونی دەرئەنجامێکی حەتمی و چاوەڕوانکراوە. سا بۆ ئەوەی سەرمایەی ئامانج و مانا و ئەخلاق بزر نەبێت، پێویستە پشت بە خاڵێکی جێگیر ببەسترێت کە کات و شوێن نەیگۆڕێت. ئەم خاڵە جێگیرەش هەرگیز ناتوانێت ئایدۆلۆژیا و بیرۆکەی مرۆڤی سەر زەوی بێت کە خۆیان بەشێکن لە گۆڕانکارییەکان، بەڵکوو دەبێت ڕەگێکی میتافیزیکی و نەگۆڕی هەبێت؛ واتە پشتی بە سەرچاوەی وەحی بەستبێت کە لە سەرووی گۆڕانکارییەکانی مرۆڤ و سروشتەوەیە.

سناء محی الدین

#ئاستانە_Astana

ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
گەشبین

زیاتر لە فیکر و فەلسەفە

هەموویان ببینە