تا زیاتر بژیت، زیاتر دەبینیت
پێشینان ڕاستیان فەرمووە: تاوەکوو زیاتر بژیت، سەیرتر دەبینیت.
خەڵکانێک خۆیان و، حزبەکەیان نقوومی (گەندەڵی و دزی و شکست و زوڵم و ستەم و خاک فرۆشی و خراپەسازی و فەسادنانەوە و مووچە دزین و خواردنی مافی فەقیر و نەدار و خاوەن پێداویستی تایبەت و بێوەژن و...هیتر)، چەندان زوڵمی دیکە بوون، بەڵکوو ڕیسوایی و زەلیلی نەماوە بەسەر خۆیان و خەڵکی داماوی کوردستاندا نەیانهێنابێت.
خەڵکانێک توانای ئەویان نییە چەند ڕۆژ جارێک قومە ئاوێک بدەن بە هاونیشمانییان، بە مەرجێک ئەم خاکە خاوەنی ڕێژەیەکی ئێجگار گەورەی سامانی ئاوییە، خۆ لەسەرەنجامی شەڕی ناوەخۆ و براکوژییەکەتان هێشتا خوێن لە لولەی چەکەکانتان دەتکێت، ئێستا ئەم ڕابردوو ڕەشانە دەیانەوێت موحاکەمەی پێشەوای عەدل و دادپەروەری بکەن.
کەسێک بە شاهیدی دووژمنانی هاوێنەی نەبووە لە مێژوودا، لە دادگەریی و چاکسازیدا، کەسێک نە ئەو زمان درێژە و نە حزبە گەندەڵ و خاک فرۆشەکەشی شایستە نین ببنە خۆڵی ژێر پێی.
- عومەر ئەو کەسەیە هەر لە دونیا مزگێنی بەهەشتی پێدرا.
- عومەر ئەو کەسەیە ئەگەر پێغەمبەرێک بهاتایە لە دوای موحەممەد پێغەمبەر ﷺ ئەوە عومەر دەبوو.
- عومەر ئەو کەسەیە لە هیچ ڕێگەیەکەوە نەچووە ئیلا شەیتان خۆی لێ لاداوە.
- عومەر ئەو کەسەیە خودا حەق و ڕاستی لەسەر زمانی ڕەوانکردووە.
- عومەر ئەو کەسەیە بە درێژایی مێژوو هێمای عەدالەت و حیکمەت و دادپەروەری بووە.
بەتریک و مێژوونووسی نەسڕانی «میخاییل» دەڵێت:
"عومەر کەسێکی خاوەن ڕێز و مەکانەتە لەلای ئێمە، ئەمە ڕاستییەکە دەبێت بوترێت. عومەر کەسێکی دادپەروەر و مەرد بووە، هیچ شتێکی بۆ خۆی هەڵنەدەگرت لەو غەنیمەت و دەستەکەوتانەی دەستیان دەکەوت لە ماڵ و سامانی فارس و ڕۆمەکان، بەڵکوو ئەو ماڵ و سامانە زۆرەی دەستیان دەکەوت نەبووە هۆی ئەوەی پۆشاکەکانیشی بگۆڕێت بە پۆشاکێکی باشتر.
عومەر کەسێکی زۆر موتەوازیع و خاکی بوو، کورسی و قەنەفەکەی زەوی بوو، کەسێکی زۆر پاک و نەفس بەرز و مەرد بوو، هەرگیز بە زۆر شتێکی لەخەڵکی نەدەسەند".
باشە! بەس نییە کەسێکی ئەهلی پەڕتووک (كتاب) نازناوی فاورق -فوروقو، forouqo- یان داوە بە عمر¹، (فوروقو) وشەیەکی سریانییە بەواتای: (المنجي والمخلص) واتە: فریادڕەس و ئازدکەر دێت.
«مەتران ئیسحاق کاسا»² دەڵێت: "سریانییەکان لە عێراق و شام زۆر تووشی ئەزیەت و ئازار و دەربەدرکردن بوون، لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانییەکان، پیاوانی ئایینیان بەند دەکرد و دەیان کوشتن، یان دەربەدەریان دەکردن، لەم ماوەیەدا هەزاران خەڵکی بێ دەسەڵات کوژان، ئەمەش بە هۆی ئەو جیاوازییەی هەیانبوو لەگەڵ ڕۆمانییەکان لەڕووی بیر و باوەڕەوە، کاتێک موسڵمانان بە سەرکردایەتی عومەر هاتنە ناوچەکەیان، ئیتر ئەزیەت و ئازار نەما، بەڵکوو سەردەمی عومەر سەردەمێکی پڕ خێر و بەرەکەت بوو بۆ سریانییەکان، لەو ماوەیەدا دەستیان کرد بە ڕێکخستنەوەی کار و بارە ئایینی و ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەکان، زۆر بە ئارامی و ئاسوودەی ژیانیان بەسەر دەبرد؛ چونکە موسڵمانان ئەمان و پارێزگارییان پێدان و پەیمانییان لەگەڵ مۆر کردن"
عومەر ئەو کەڵە پیاوەیە، بەم شێوازە دوژمنایش شاهیدی عەدالەت و حیکمەت و دادپەروەری بۆ دەدەن، بەداخەوە خەڵکانێکی فاشیل و خۆفرۆش و خاک فرۆش زمانیان درێژ دەکەن بەرانبەر ئەو پیاوە مەزننە!
#ئاستانە_Astana
1- تاریخ الطبري ٢٦٧/٣.
2- كنيستي السريانية، چاپی سێیەم، لا: ٩٨




