زۆرن ئەو ئاڵنگارییانەی لەم ڕۆژگارەدا ڕووبەڕووی دایکان و باوکان دەبنەوە و بەربەستن لەبەردەم پەروەردەیەکی تەندروست، کە تێیدا ڕەوشت و فیترەتی منداڵان و هەرزەکاران پارێزراو بێت؛ هەر لە «ترێند»ەکانی سۆشیاڵ میدیا و لایڤی تیکتۆک، بگرە تا ئینتەرنێتێکی بێسانسۆر بەڕووی هەموو شتێکدا. هەر یەک لەم ئاڵنگارییانەش بوونەتە هۆی لادانی کورتخایەن یان درێژخایەنی بەشێک لە گەنجان، کە لێکەوتەی مەترسیدار و لاوازکردنی خێزانەکانی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام هۆشیاربوونی دایکان و باوکان، لەگەڵ خودی گەنجان و هەرزەکاراندا، دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی بەرکەوتن و لێکەوتەکانی.
تازەترین ئاڵنگاریی مەترسیداری پەروەردەییش، لە بەرهەمەکانی «ژیریی دەستکرد»دا خۆی دەبینێتەوە. بە دیاریکراوی مەبەستمان بەرهەمە میدیایی و کورتەفیلمەکانن، کە هەرچەندە بە زمانی کوردین -ئەمەش پەرۆشیی بۆ هەمووان دروست کردووە کە بەرهەمی ناوخۆ خێراتر دەکات و دەتوانرێت لە شتی ئامانجداردا بەکار بهێنرێت-، بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی هیچ جۆرە سەرپەرشتییەک (وەک هەموو بەرهەمەکانی دیکەی سۆشیاڵ میدیا)، پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەکی دروست کردووە.
بەڵام ئەم جارەیان بە ڕەنگ و دەنگی کوردیی (شێواو)ـەوەیە؛ بە کەسایەتیی کارتۆنیی ناڕاستەقینە و بە چیرۆکێک کە زادەی خەیاڵی بەرهەمهێنەری جیاوازە. هەموو جۆرە قسەیەکی نەشیاو، ئارەزووی شەخسی، و شێواندنێکی لەگەڵدایە، کە ڕەنگە پێشتر ئەگەر لایەنێک، کەناڵێکی میدیایی، یان بەرهەمهێنەرێکی بیانی بیکردایە، ڕووبەڕووی بایکۆت و ناڕەزایەتی و سانسۆر دەبووەوە، لانی کەم لە هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا؛ یان هیچ نەبێت سەرکۆنە دەکرا و خەڵک ئاگادار دەکرایەوە لەلایەن دەستەیەک یان ڕێکخراوێک کە پەرۆشی پەروەردەیەکی تەندروستن. بەڵام لە ئێستادا، بە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنەرەکان هێندە زۆرن و نافەرمین، کۆنترۆڵکردنیان وەک پێشتر لە توانادا نییە.
بۆیە، تاکە چارە لەبەردەم پەروەردەکاران و دایک و باوکاندا، هۆشیارکردنەوە و ئاراستەکردنی نەوەکانیان و خۆیانە بەرەو بەرهەمی ئامانجدار. لەسەر کۆمەڵگە و لایەنە بەرپرسیارەکانیشە، کە پەروەردەکاران لە مەترسیی ئەم دیاردە نوێیانە ئاگادار بکەنەوە و، دووبارە بیخەنەوە بیری هەمووان، کە سۆشیاڵ میدیای کراوە بەڕووی هەرزەکاران و منداڵاندا، چەندان دیاردەی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە.
ــ ڕەوا سدیق
#ئاستانە_Astana
- طراح
- موحەممەد ڕەسول

- تهیهکننده
- ئاستانە

- ناشر
- گەشبین




