بێباوەڕی لە نێوان ڕاڕایی و دڵنییایدا
ئاتایستەکان لەسەر پەتی دوو دڵی ڕاوەستاون.
زۆرینەی بێباوەڕان هەتا کۆتاییان دێ،ناتوانن یەکجارەکی خۆیان یەکلا بکەنەوە لەسەر بێباوەڕیان ،بە ئاشکرا ڕاڕاو و بەگومانن لەو مەنهەجە باتیڵەی بۆ خۆیان داتاشییوە، شپرزەیی وتەمی گومان لەناوەڕۆکی ئایدییایان لەلایەن سەرمەشق و پێشەنگەکانی سەدەی ڕابردوو ئێستایاندا دەرکەوتوە، لاسەنگی جێگیر نەبوونیان زۆرکات لە پەیڤەکانیان بەڕوونی ئەبینراو ئەبینرێ،هەر وەک : وەسفی خودا و پەیامبەر و سەقافەی ئیسلامی لە پەڕاو و لێدوانەکانیاندا دەوترێ و دەنوسرێ ئەم ڕاڕایی و دوو دڵییەیان مانای ئینکاریبوونیەکی لێخورینێکی نەزانانەیە، شکستی ئەم ئایدۆلۆژییە بێتام و بێ ڕەنگ و بێ بۆنە ، کەناتوانن لە دەستەواژەیەکدا واتایەک بۆ هەبونیان بسەلمێنن ، ناتوانن لەو هاوکێشە ناڕێکانەی کە لە زیندەگی خۆیان خولقاندوویانە ، وەک مرۆڤێکی ساغ و سەلامەت بناسرێن و پێناسەیەک بۆ مانای ژیان بدۆزنەوە.
ئەوان ..
لە گیرفانی خۆیاندا وشە دێنن و فڕێی دەدەن، لە چاوە تەڵخاوییەکانی خۆیانەوە دروست بوونی گەردوون بە ڕێکەوت دائەنێن، بە بچووکی بیروهۆشی مەودا کورتیان ڕەددی دروستکار دەدەنەوەو باوەڕ بە نەبوونی هێزێکی پشت ئەم لەدایک بوون و مردنە دەهێنن.
ئەوان.. لەسەر میتۆدی ڕۆتینی گۆڕانکارییە چوار وەرزەکەی ساڵ ڕاهاتوون ، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی بڕیاردەرێک کەشێکی سارد دەکاتە گەرم و گەرم دەکاتە سارد، بەفر و باران و کارەساتی ڕووخانی چیاکان و گڕوتینی بوخاری ناو دڵی زەوی، شەپۆلە توڕەکانی دەریاکان و بوون بەهەڵم ، راگرتنی ئەستێرەکان و گۆڕینی شەو ڕۆژ و ..هتد ، هەم ئەمانە لە دیدی جوگرافی ناسێک ، لە ئەنجامی شیکاری کیمیا زانێک ، لە توێژینەوەیەکی فیزیا ناسێک ، لە گەڕانێکی زانستی ئەستێرە ناسێک کە لە دووو توێی پەرتووکێک دا لێی نوسراوە – بەڕێکەوت ئەمانە دروست بووە – ئیدی لەمە زیاتر پەی بە خاوەندارێتی و هەڵسوڕینەری ئەو دیاردە و ڕوداوانە نابەن ، لێی ناڕوانن و لێی حاڵی نابن.
ئەوان..
لە خۆبەگەورە زانینی هەیکەلی جەستە وکارکردنی زمانیان بە بیردۆزەیەک خۆیان لێبوەتە زیرەکترین و فامیدە ترین مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی، بەتایبەت گاسڵتە بە عەقڵی ئەو مرۆڤانە دەکەن کە باوەڕ بەخوایەک دەهێنن کە نایبینن و بەرجەستەی ناکەن، دەیانەوێ وەکو مرۆڤێک دار و بەردێک کە دەینینن ئا وەها هێزێکی گەورە کە خاوەنی زەوی و ئاسمانەکان و گشط ئەوابەی ناو گەردوونە ببینن تاوەکو باوەڕی پێبهێنن، وەلێ تێنافکرن خوڵقێنەری ئەو بەرد و دارو مرۆڤە کێ یە، کەچی ، کەچی داوای بینینی الله دەکەن ، لە نەبینینیاندا نەفی لە بوونی دەکەن بە فیزیک هەڵسەنگاندن بۆ میتافیزیک دەکەن.
ئەوان – مولحیدەکان –
ئەشزانن کوخی ژیانیان بەرگەی ڕەهێڵە و زریانێکی ئاسمان ناگرێ، لەمێژە باڵی فڕینی ئازادیان هەڵپڕوسکاندوە ،هاتنە دەرەوە لە قەفەزی بیەوباوڕییان لە خۆ قەدەغە کردوە، ژیانێکی پڕ لە واتا لە مانایی بێ واتایی دا بەند کردوە ، سەرچاوەیی هەرەسی فیکرییان لە خۆکوژی و مردنێکی لەرزۆکانەوەیە ، لە پێش مردنیان باس لە گەورەیی و جوانی ئیسلام دەکەن، بەڵام حەقیرانە لە مەودای ژیانیاندا باوەڕناهێنن ، بۆ ئەوەی شوێنکەوتوانیان لەسەر پەتی دوو دلی بهێڵنەوە و کاروانی ژیانی ئەوانیش بە کوێرانە دەست پێبکات، بە خۆکوژییەکیش کۆتایی بێت.
ئاخۆ ئەبێ چ چێژێک لەم ڕاڕایی و بەد گومانی و لێڵ بوون و فەنابوونەدا هەبێت ، ئەبێت مانەوەیان لە سەر پەتی دوو دڵی... چ ئاسودەییەکی یەک لاکەوەرەوە بۆ شوێنکەوتوانیان جێبهێلن ؟
نور تۆفیق
٣ گوڵان ٢٠٢٠
#ڕێکخراوی_ئاستانە