هیوا لەنەبوونی خودا دا

وای دابنێ تۆ ئەو منداڵەیت کە لە جەنگی جیهانیدا بەجوتێك نەعل و پانتۆڵێکی سەر ئەژنۆ دڕاو و کراسێکی تەنکەوە لەدوای تۆپ بارانکردنی ناوچەکەتان بە شەقامەکاندا دەگەڕێیت، دایك و باوکت کوژراوە و هیچ کەسێکت نەماوە جگە لەبوکەشوشەکەی دەستت.
کێ تۆڵەت بۆ دەکاتەوە؟
چ هیوایەکت هەیە دەستت بگاتەوە بەو سەرۆکەی ستەمی لێ کردوویت؟
لە جیهانبینی ئیلحاددا ئەم منداڵە سەرئەنجامەکەی مردنە، نە تۆڵەی بۆ دەکرێتەوە و نە هیچ هیوایەکی هەیە بگاتەوە بە خۆشەویستانی، چونکە ئیلحاد ئیلاه و بوونی باڵا ڕەد دەکاتەوە، بەهەمان شێوە بیرۆکەی ڕۆژی دواییش ڕەددەکاتەوە.
واتە لە ئیلحاددا هەموو بونەوەران یەك سەرئەنجامیان هەیە،و ستالین و عومەری کوڕی خەتاب و ماندێلا و پەیامبەری ئیسلام.. هیتلەر و کوژراوانی دەستی هیتلەر  (بکوژ و کوژراو) هەموان سەرئەنجامیان مردنە و وەرگرتنەوەی مافی کەسی ستەملێکراو بوونی نیە، وە کەسی ستەمکار سزا نادرێت لەسەر ئەو ستەمەی کە کردویەتی.
دوای مردن دادگایەك نیە بۆ دادگاییکردنی مرۆڤەکان
کاتێك خوداش نەبوو ئەوکاتە ژیان یەکسانە بە بێهیوایی و بێئامانجی و نەبوونی بەها.
بەڵام لە جیهانبینی ئاینداراندا هاوکێشەکە بەو شێوەیە نیە، بەڵکو خودایەك هەیە کە تۆڵە لە کەسی ستەمکار بکاتەوە و ماف بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو منداڵەی کە کەسوکارەکەی لەدەست داوە و ستەمی لێکراوە.
هەروەکوو لە قورئاندا خودا دەڵێت: (فَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ خَيْرًا يَرَهُ (7) وَمَن يَعْمَلْ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ شَرًّا يَرَهُ (8)"
واتە: هەرکەسێك هێندەی کێشی وردیلەیەک باشەی هەبووبێت پاداشت دەدرێتەوە و هەرکەسێکیش هێندەی کێشی وردیلەیەک خراپەی هەبووبێت سزا دەدرێت لەسەری"
واتە عومەری کوڕی خەتاب پاداشت وەردەگرێتەوە لەسەر دادپەروەریەکەیی و هیتلەر و ستالینیش سزا دەدرێن لەسەر تاوانەکانیان.
لای خودا تۆزقاڵێك خێر و شەڕ ون نابێت.
وە چاکەکار و خراپەکار وەکو یەك سەیر ناکرێت، هەروەك لە قورئاندا هاتووە: (أَفَنَجْعَلُ الْمُسْلِمِينَ كَالْمُجْرِمِينَ (35)).
واتە: "ئایا موسڵمانان وەکو تاوانباران سەیر دەکرێن؟!"
لەکۆتاییدا دەگەین بەوەی کە هیوا لە بێباوەڕیدا بوونی نیە بۆیە زۆربەی بێباوەڕان کە دەکەونە بارودۆخێکی سەخت و ناهەموارەوە ئەوا خۆیان دەکوژن و خۆكوشتن بە چارەسەر دەزانن.
بەڵام ئاینداران بە عەقڵ گەیشتوون بەوەی کە ئەگەر ستەمیشیان لێ بکرێت ئەوا لە دادگای خودادا مافیان بۆ دەسەندرێتەوە.

 

8/24/2020 10:13:50 PM

بەشەکانی کورتە وتار

123