بە مۆدێل بوونی مۆدێلەکان
بە مۆدێل بوونی مۆدێلەکان
ئەوەی مۆدێلەکان پێشکەشی کۆمەڵگای ئەکەن چیە؟ ئایا لە چ ڕوویەکەوە کۆمەڵگایان بەرەو پێش بردووە؟ کێ ئەتوانێت چەند بوارێکمان پێبدات کە بەلایەنی ئەرێنی کۆمەڵگایان تێدا بەرەو پێشبردبێت؟ لە بەرامبەردا دەتوانین چەندین لایەنی نەرێنی لە بە مۆدێل بوونی مۆدێلەکان بۆ کۆمەڵگا بخەینەڕوو:
٭ بەکاڵابوونی ئافرەت: یەکەم ئاماژەی ترسناک بەکاڵابوونی ئافرەتە، ئافرەت وەک کاڵایەک تەماشادەکرێت و نرخی لەسەر دادەنرێت، وەک بوکەڵەیەکی سێکسی تەماشا دەکرێت، چونکە ئەوەی مۆدێلەکان ئەیبەخشن بە کۆمەڵگا و تاکەکانی وەک نمونەیەک: سمتی گەورە و سنگی گەورە و لێوی ئەستور و جەستەیەکی نیمچەڕووتە، بەجۆرێک کە ببێتە هۆی بزواندن و سەرنجڕاکێشانی پیاوان، ئەوەش وا دەکات ئەوانەی بەشوێن ئەو مۆدێلانەدا دەڕۆن هەمان هەنگاوەکانیان دووبارە بکەنەوە و جەستەیان وەک سەرمایەیەک تەماشابکەن بۆ بەدەستھێنان و سەروەت و سامان و ناوبانگ.
٭ کوشتنی توانا و لێهاتووییەکان: بە مۆدێل بوونی مۆدێلەکان دەبێتە هۆی کوشتنی توانا فکری و لێهاتووییەکان لای تاکەکانی کۆمەڵگا، چونکە ئەوەی لای مۆدێلەکان نییە و نایبینن توانای فکری و لێهاتووییەکانە، خاوەنی هیچ بەهرەیەک نین، تەنها بەهرەیان جەستەیانە، جەستەشیان هی خۆیان نییە، بۆیە ئەوەش دەبێتە هۆی پشتگوێ خستنی فکر و ئەدەبیات و زانست و وەرزش و هونەر...
چونکە تەماشا دەکەن مۆدێلەکان هیچیان لە هەگبەدا نییە، بۆ بەناوبانگ بوون و سەرکەوتن لەژیان هیچکام لەوانە پێویست نین، تەنها گرنگی دان بەجەستە و پیشاندانی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەیگەیەنێت بە هەموو شتێک.
٭ پەشێوی دەروونی: مۆدێلەکان لەنێو خۆیاندا خەریکی شەڕە دەنووک و لێدانن لەیەکتر و، هەندێک جار بە زمانێکی زۆر نزم و پڕ لە سوکایەتی هێرش دەکەنە سەر یەکتر، جگە لەوەی بەردەوام خەریکی ئەبدەیتی جەستەیانن و جوانکاری بۆ ئەندامەکانیان دەکەن، ئەمەش وا دەکات تاک بەردەوام لە دڵەڕاوکێدابێت و لە جەنگێکی توند دابێت لەگەڵ جەستەی خۆی، نەکا لەو پێوەرانە دەرنەچێت کە مۆدێلەکان بۆ جوانی پێشکەشی کۆمەڵگایان کردووە، کچان بۆ ئەوەی لە مۆدێلەکان بچن دەبێت دەیان جوانکاری و کاری پڕ مەترسی ئەنجام بدەن، دەیان دەرمان و کەرەستە بەکاربهێنن کە کەس نازانێت لەکوێوە دێن و چۆن دروستکراون، ئەوەش دەرخەری ئەو دۆخە دەروونییەیە کە چۆن کچان ناچار ئەکات بۆ ئەوەی ناشرین دەرنەکەوێت و لە پێوەرەکانی مۆدێلەکان دەرچێت پەنا بۆ هەموو شت ئەبات، پێوەرەکانیش جێگیر نین، بۆیە کچان دایم دەروون ئاسودە نابن چونکە لە پێوەری نوێ دەترسن، لەگەڵ تێکچونی جەستیان بەهۆی جوانکاری زۆر و بەردەوامەوە.
٭ هەلی کار: دەبینین ئێستا لە مۆڵ و بازاڕ و قوتابخانە و زۆر شوێنی تر ، جوانی و سەرنجڕاکێشی خاڵێکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ وەرگرتن لێی، ئەوەش دووپاتی بە کاڵابوونی ئافرەت ئەکاتەوە، چونکە تەنها جەستەیان ئەوێت وخاوەنکار دەیەوێت لەڕێی جەستەی کچە کارمەندەکانیەوە کڕیار بۆ خۆی ڕاکێشێت، تەنانەت لەو جێگایانەشی پێویست بە پسپۆڕی و بوونی شارەزایی و زانستی بەرز ئەکات، ئەو پێوەرە جەستەییانە کاریگەری زۆریان هەیە و دەخرێنە پێش لایەنە مەعریفیەکانەوە، بۆیە شوێن هەیە هەتا بۆی بکرێت ئافرەتی داپۆشراوی ناوێت.
٭ تێکدانی خێزان: مۆدێلەکان جگە لەوەی بەشێکی زۆریان لە ڕووی خێزانی و پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە شکستیان هێناوە و دەستبەتاڵ دەرچوون، دەشبنە هۆکاری تێکدانی شیرازەی خێزانەکان، چونکە ئەوان بەردەوام خەریکی نمایش و ناردنی ئاماژەی سێکسین، ئەوەش وا دەکات پیاوان بکەونە نێو ئەو وەهمی جوانییەوە و داوا لە خێزانەکانیان بکەنەوە کە وەک ئەوان بن، دەکەونە بەراوردکردنی هاوسەرەکانیان لەگەڵ مۆدێلەکان، لەو دۆخەشدا کە پیاوان تەنها خەیاڵیان لای سێکسە بەراوردەکە لەسەر جەستە و ئاماژە سێکسیەکان دەبێت، بۆیە مۆدێلەکان براوە و پەسەندکراو دەبن لای ئەو پیاوانە و، هاوسەرەکانیان دەشکێننەوە و کێشەیان بۆ درووستدەبێت.
جگە لەوەی لە سۆشیاڵ میدیا وێنەیەکی خەیاڵی ژیانیان پیشان ئەدەن هەتا بڵێن ئەها ئێمە چەند ئاسودەین، ئەها چەند خۆش ئەژین، ئەو ژیانە وەهمیە کە حەقیقەتی نییە دەیان و سەدان بۆ لای خۆیان پەلکێش دەکات و دەیانخاتە نێو زەلکاوەکەی خۆیانەوە.
٭ تێکدانی پێوەر و بەهاکانی کۆمەڵگا: مۆدێلەکان پێوەر و بەهاکانی کۆمەڵگا دەگۆڕن، گۆڕینی هەندێک لە بەهاکان هیچ کەس تێیدا سودمەند نییە کەمینەیەک نەبن کە سەرمایەگوزاری لەسەر ئەکەن، مۆدێل ئەبینین چەند جار لە هاوسەرەکەی جیابۆتەوە و دەچێتەوە لای، جیادەبێتەوە و دەچێتەوە لای... هیچ ڕێز و ئەرزشێک بۆ پەیوەندیە خێزانییەکان دانانێن و کار لەسەر شکاندن و کاڵکردنەوەی دەکەن، بە گوفتار و کردار، ئەوەش ئەو پەیامە بە کچان و کوڕان دەدات کە هاوسەر و خێزان هیچ نین، ئەوەی هەن ناوبانگ و پارەیە و بە بەدەستهێنانی ئەو دوانە ئەوانی تریش بەدەستدەهێنرێن.
٭ ٭ ٭ ٭ ٭ ٭
بۆ دەهۆڵکوتەکانی ئازادی
دەهۆڵکوتەکانی ئازادی هاواردەکەن کە ئەم مۆدێلانە نمونەی ئافرەتی ئازاد و پێشکەوتوو خوازی کۆمەڵگان، جگە لەوەی هیچ بەهرەیەکیان نییە، کاریان تەنها لێدانە لە کەسایەتی و ڕێزی ئافرەت، بەڵام چونکە لەگەڵ ئارەزوو و خواستە سێکسیەکانی هەندێکدا دێنەوە دەبنە پاڵەوانی ئازادی، چونکە ئەو ئاڕاستە فکریەش بەردەوام پێویستی بە دووژمن و خۆ بە قارەمان پیشاندانە، دێن پێمان دەڵێن دژە مۆدێلەکان تاریک بینەکانن، ئەوانەی دەیانەوێت ئافرەت بخەنەوە کونجی ژوورەکان، ئەم وێناکردنە وەهمیە چونکە ساڵانێکە لە کوردستان ئافرەت دەخوێنێت و، دەبێته خاوەن بڕوانامەی بەرز و پلە و پۆستی سیاسی، ساڵانێکە ئافرەت لەسەر شانۆیە و ڕاگەیاندکارە و خەریکی بازرگانی و وەرزشە، ساڵانێکە ئافرەتان ئەنووسن و شاعیرن، گۆرانیبێژن، کەچی ئەو کەسانە ڕەخنە لە مۆدێل وا وێنا دەکەن کە بردنەوەی ئافرەتە بۆ کونجی ژوورەوە، جگە لەوەی سوک نیشاندانی کاری ماڵەوە بۆخۆی بێڕێزیە بە ئافرەتان، چونکە ئەو کارانە زۆرینەی زۆری ئافرەتان ئەیکەن و کارێکی گەورەشە، ئەگەر ئافرەت هیچ کارێکیش نەکات هیچ نەنگی نییە، بەڵکو خەریکی کاری ماڵ و پەروەردەی منداڵەکانی بێت کارێکی گەورەی کردوە، چ بگات بەوەی لەپاڵ ئەو کارانە کاری تریش بکات و ماندوو ببێت، کە ئێستا زۆر ئافرەت جگە ماڵەوە دەوامیش ئەکات.
بۆیە ئەو تێکەڵکردنە جگە لە گرتنی سەنگەر هیچی تر نییە، مرۆڤ دەبێت هێندە بەرز بیربکاتەوە کە ڕێگە بە خۆی نەدات ئافرەتێک کە بۆتە بوکەڵەیەک و بەردەوام نمایشی ئەکەن نەخاتە پاڵ ئافرەتانێک کە خەریکی پەروەردە بوون و لەبەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری نەیانتوانیوە بخوێنن و لە ماڵدا ماونەتەوە، جگە لەوەی وەک وتمان کارنەکردنی ئافرەت هیچ نەنگی نییە، جێدەستی هەموو ئەو ئافرەتانە دیارە، بەڵام کوا جێدەستی ئافرەتە مۆدێلەکان؟ جگە لە ڕیکلام و نمایشی جەستەیان.
نوسینی: ئاڤار قەرەداغی